درۆکانی سنوری سەوزو نیلی!

عەبدوڵای مەلا نوری
  2020-06-12     882
سەرکردە دەسترۆیشتوەکانی پارتی لەسنوری هەولێرو دهۆک، بەئاشکراو بەخەستی گەندەڵی و ناپاکی و نیشتیمانفرۆشی و تیرۆرکاری دەکەن، وەلێ لای خۆیان هیچ هێزێکی تر تاوانبار ناکەن.
با خەڵکی ئەم سنورە (هەڵەبجە، سلێمانی، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین) بزانن و چیتر فریو نەخۆن، گەندەڵی و مافیاگەری و قاچاخچێتی ئەم سنورە، راستەوخۆ سەرکردە دەسترۆیشتوەکانی یەکێتی و گۆڕان، بە تایبەت ئەوانەی خەڵکی ئەم سنورەن لێی بەرپرسن.
ئەوە بزانن، ئەوەی لە شارو شارۆچکەکانی ئەم سنورە هەزاران دۆنم زەوی و گردو دۆڵیان داگیر کردووە ئەوانەی یەکێتی و گۆڕانن.
ئەوانەی لە مەرزەکانی ئەم سنورەدا قاچاخچێتی هێلکەو دوگ دەکەن، ئەوانەی یەکێتین.
ئەوانەی بە ناوی کوالێتی کۆنترۆڵ و سۆنەرەوە پارە لە بار هەڵگرەکان وەردەگرن ئەوانەی یەکێتی و گۆڕانن.
ئەوانەی هەمو پرۆسەکانی هێنان و بردنی نەوت و پاڵاوگەی نەوت و بەنزینخانەو تیپە وەرزشیەکانیان کۆنترۆڵ کردوە، ئەوانەی یەکێتی و گۆڕانن.
پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە خانوبەرە، دروستکردنی گەراج و عەلوە، دروستکردنی بینای زەبەلاح لە شوێنی قوتابخانەکان ئەوانەی یەکێتین.
ئەگەر لەم سنورەدا جادە خراپە، تەندروستی خراپە، قوتابخانە خراپە، باخچەکان وشک دەبن، سلێمانی بێ ئاوە تاوانی بەرپرسانی یەکێتی و گۆڕانە.
ئەگەر پارەی فەرمانگەکانی مرورو کارەباو باج و هەر جۆرە پارەیەکی تر دیار نامێنێ، دیسان ئەوانەی یەکێتی و گۆڕان لێی بەرپرسن.
بەڕێزینە؛ دڵنیابن لە ساڵانی رابردودا هیچ گرێبەستێکی نەوت و غاز لەم سنورەدا بە بێ پرس و ئاگاداری سەرکردەکانی یەکێتی نەکراوە، لە هەمو جۆرە شیرینی و پارەیەکی تر بەشیان دراوە.
لەم ساتەدا، لە سەرۆکایەتی هەرێم، لە سێ کەس دوانیان لە گۆڕان و یەکێتین و خەڵکی سلێمانین.
جێگری سەرۆکی حکومەت و نزیکەی نیوەی وەزیرەکانی کابینەکەی مەسرور بارزانی لە یەکێتی و گۆڕانن و خەڵکی سلێمانین.
سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاران و سەرۆکی لیژنەکانی پەرلەمان یەکێتی و گۆڕانن و خەڵکی سنوری سلێمانین.
زۆربەی هەر زۆری قیادە دەستڕۆیشتوەکانی یەکێتی و گۆڕان خەڵکی سلێمانین و بارەگای سەرەکی ئەو دو حیزبە لە سلێمانیە.
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، دو لە سەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکە سەر بە گۆڕان و یەکێتین.
سەرجەم پارێزگارو سەرپەرشتیاری ئیدارەکان ، ٩٩٪ قایمقام و مدیر ناحێ و بەڕێوەبەری دەزگا ئەمنی، پۆلیس و فەرمانگە خزمەتگوزاریەکانی تری ئەم سنورە گۆران و یەکێتین.
بیرتان نەچێت لە ئێستادا گەر موچە نادرێت، گەر دەرماڵە دەبڕدرێت، گەر ٤٠٠ ملیارەکە دەدزرێت، باقی تاوانەکانی تری حکومەت دیسان گۆڕان و یەکێتیش لێی بەرپرسن.
گەر هەنگاوێکی جدی بە ئاراستەی چەسپاندنی لامەرکەزیەتێکی رستەقینەدا نانرێت ئەوا دیسان راستەوخۆ بەرپرسانی یەکێتی و گۆڕان لێی بەرپرسن و تاوانبارن.
چاک چاک بزانن ئەوەی کابینەکەی مەسرور بارزانی راگرتووە، ئەوەی شەرعیەت بە بریارەکانی ئەم پەرلەمان و کابینە ئیفلاس و فاسدە دەدات، دیسان دەسترۆیشتوانی ناو گۆران و یەکێتی خەڵکی رەسەنی ئەم سنورەو سلێمانین.
لەوەها دۆخێکدا بە راستی نامەردی و قەڵمفرۆشیە تۆی رۆشنبیر هەوڵی چەواشەکردنی هاوڵاتیان بدەیت و پاکانە بۆ دەسترۆیشتوەکانی یەکێتی و گۆران بکەیت و، لەم هەمو تاوانە بێ بەریان بکەی.
یان بڵێی؛ کێشەکانی سنوری سلێمانی خەتای سەرکردە هەولێریەکانی ناو یەکێتیە!
بە راستی لوتکەی نا هوشیارییە تۆی هاوڵاتی بە درۆو فرمێسکی تیمساحی دەسترۆیشتوانی یەکێتی و گۆڕان بروا بکەی!
ئەبێ خەڵکی ئەم سنورە باش بزانن، دەسترۆیشتوانی یەکێتی و گۆڕانی ئەم سنورە دوجار تاوانباری گەورەن، جارێک راستەخۆ بەرپرسی کێشەکانن، جارێکیش لە بەر ئەوەی دەیانەوێ تاوانەکانی خۆیان بخەنە ئەستۆی لایەنی تر.
دوا دێڕم ئەوەیە؛ سەرجەم خەڵکی کوردستان حیزبی و سەربەخۆکان، هەمو قوربانی دەستی یەک سیستمی حیزبین، لە بادینانەوە تا دەگاتە گەرمیان قوربانی دەستی چەند گروپێکی بە ناو سیاسین، کە هیچ شتێک گرێیان نادات بەم خەڵک و وڵاتەوە جگە لە پارەو ناپاکی بۆ داگیرکەران نەبێت.
بۆیە پێویستە لەم سەردەمەدا خەڵک بە چاوکراوەیی و وشیاریەوە لە هەنگاو و روداوەکان بروانێت و نەکەوێتە ناو داو و یاری قێزەونی ئەم گروپانەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×