لەکێ و لەچی دەترسن؟

یادگار سدیق گەڵاڵی
  2020-09-21     760
لەسەرو بەندی پرسی پرساندنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی پرسیارێکم لا دروست بوو، ئایا ئەم دووانە لەچی دەترسن وا ئەندامانی پەرلەمانی حیزبەکانیان لە پەرلەمان ناچار کردووە تەنانەت یەک ئەندامیشیان ئیمزای پرساندنەکە نەکەن و گۆڕانیشیان ناچارکردووە شوێن پێی ئەوان بگرێت؟ 
سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەشی زۆربەی ژیانیان لە وڵاتانی رۆژئاوا بەسەر بردووە و خوێندنیان لەوێ کردووە، چاوەڕێ دەکرا پەروەردەیەکی ڕۆژئاواییانە بن لانی کەم لە مامەڵە کردن و سیاسەت کردندا. ڕێز لەو یاسایانە بگرن کە خۆیان و حیزبەکانیان لەڕیی پەرلەمانەوە دایان ناوە. 
چەندین جار لە بەرنامە سیاسییەکانی کەناڵە جیهانییەکانی وەکو( ببی سی، سی ئێن ئێن و فۆکس نیوز ...هتد) بەشداربوون. وەکو دەزانیین مێنتاڵێتی و زهینیەتی تاکی ئەوروپی و بەتایبەت  پێشکەشکاری بەرنامە سیاسییەکان زۆر جیاوازە لە خەڵکی رۆژهەڵاتی و کورد. ئەوروپییەکان زۆر ڕاشکاوانە و ڕاستەوخۆ پرسیاری زۆر هەستیارو ئیحراجکەر لە بەرانبەرەکەیان دەکەن و تەنگ بە میوانەکانیان هەڵ دەچنن. بە پێچەوانەوە رۆژهەڵاتییەکان و لەناویشیاندا کورد زۆر موجامەلە دەکات و ئەگەر پرسیارێکی راستەوخۆش بکات زۆر شەرمنانە (بەئەدەبەوە) دەری دەبڕێت و نایەوێ بەرانبەر بریندار بکات. لە بەرنامەی کەناڵە جیهانییەکانداپرسیاری زۆر توندیان لێ کراوە و زۆر بە سنگی فراوان و ئاسایی وەریان گرتووە، زۆر جار تەنها بەناوی سادەی خۆشیان بانگ کراون. 
لێرەدا ئاماژە بە دوو چاوپێکەوتی جیای کەناڵی (بی بی سی) بەریتانی دەکەم کە لەگەڵ (مەسرور بەرزانی  قوباد تاڵەبانی) دالە دوو کاتی جیادا کردویەتی. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ ی بەرنامەی بەناوبانگی (هارد تۆلک)ی پێشکەشکاری بە ئەزموون ستێفن ساڵکەر میوانداریی قوباد تاڵەبانی کرد . زۆر بەڕاشکاوی لەسەر ریفراندۆم پێێ دەڵی:  تۆ لە لایەک دەڵی بە بەغدا دەڵێین ریفراندۆم دەکەین لە لایەک دەڵیی وتووێژی لەگەڵ دەکەین، تۆ دەڵێیت عێراق وەکو ووڵات فەشەلی هێناوە...ئێوە باسی ووڵاتی چی دەکەن؟  پارەتان نییە بیدەن بە موچەخۆر ئیتر چۆن ریفراندۆم دەکەن؟ گەندەڵی فراوان هەیە و موچە خۆری وەهمی هەیە. کاتێک تاڵەبانی دەڵی بەڵێ هەیە ئێمە هەوڵدەدەین  چاکی بکەین ، پێی دەڵێ ئیوە هەردوو حیزبەکە ئەو بارودۆخەتان دروستان کردووە وە ماوەیەکی دووروو درێژە بەشێوەی  عەشایەری ئەو هەرێمە بەڕێوە دەبەن... 
هەر هەمان بەرنامە یەک رۆژ پێش ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لە گەڵ سەرۆکی ئێستای حکومەت مەسرور بەرزانی بەرنامە دەکات. شوەن لەی بەهامانشێوە و بگرە زۆر توند تر پرسیارەکانی لێ دەکات،  بۆ نمونە  باوکت وائەڵی ....  دیارە ئێوە گوێ نادەن بە بەشەکانی تری وڵات، ئێوە تەنها  ئێراق بێزار ناکەن ئێوە هۆکارن بۆ یەکگرتنی ئێران و تورکیا و سوریا  دژی خۆتان، کە لە کاتی ئاسایدا ئەستەمە وایەک بگرن... ئێوە وەزعە کەتان خراپتر کردووە.  ئێوە ئەو هەموو پارەتان لە لۆبی کردندا خەرج کردوو، ئایا لە پەیامەکانی ئەمەریکا  تێ نەگەشتن؟ ئەردۆگان پێتان دەڵێت "ئەگەر قوفڵی بۆری نەوتەکە بگرینەوە نەوت بەکێ دەفرۆش". ئایا ئەوەندە ساویلکە بوون کە نارنجۆکێک فڕی دەدەن لە ناوچەکەداو  بەوەڵێ‌مەکانیش شۆک دەبن؟ ئێوە لەوەزعێکی خراپدان وانییە؟ زۆر پرسیاری تریش.
باشە ئەو پرسیارانە قبوڵ دەکرێت لە رۆژنامەنوسی بێگانە، ئەی بۆ چارەکێکی ئەوە لە پەرلەمانتاری خۆمان قبوڵ ناکرێت؟ بۆ هیچ نا تەنها بۆ پیشاندانی ئەوەی کە روکەشێکی دیموکراسی بوونی هەیە!. لە کاتێکدا دەزانن ناتوانرێت متمانەتان  لێبسەنرێتەوە. چونکە سەرۆک وەزیر بە ٢/٣ی ئەندامان  و ئەندامی ئەنجومەنی وەزیران بە ٥٠ +١ متمانەی لێ دەسەنرێتەوە. پارتی و یەکێتی و کەمایەتییەکان ٧٧ ئەندامیان هەیە ئەوە ئەگەر هەموو گۆڕان و حیزبەکانی تریش دژبن بەهەمویان ٣٤ دەنگیان دەبێت.  
بۆ پێتان ناخۆشە پێتان بوترێت پارتی و یەکێتی گەندەڵن ، لە کاتێکدا خۆتان بە رۆژنامە نوسە چاو کاڵەکان دەڵێن "شەرم ناکەین بڵێین گەندەڵی و بن دیوار خراپ بەکار هێنانی دەستەڵات هەیە". بۆ کاتێک ئەوان پێتان ئەڵێن ئاساییە و کاتێک پەرلەمانتاری خۆمان  زۆر شەرمنانە (بەئەدەبەوە) دەیخاتە بەردەستتان پێتان قبوڵ ناکرێت؟
 ئێوە هەردوکتان لە وڵاتێکەوە هاتوون سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمارەکەی  چی خراپە پێیان دەکرێت و ڕووبەڕوو پێیان دەوترێت. کاک مەسرور لەو ئەمەریکایەی جەنابتان خوێندنی ئەکادیمیتان تیا کردووە تێیدا ژیاون رووبەروو بەسەرۆکەکەی، ترامپ دەوترێت  درۆزن،دەوترێت رۆژێک درۆ نەکات دەتەقێ. کاک قوباد لەو بەریتانیایەی تۆی تیا گەورە بویت سەرۆک وەزیران هەفتانە لەپەرلەمان  پاک پاک  دەشۆررێت، زۆر جار لە لایەن ئەندامانی پارتەکەی خۆیەوە.
لەم هەرێمەی ئێمە پەرلەمانتار زۆر بەوریاییەوە ووشەکان ڕیز دەکات و دەیخاتە بەردەستتان بۆ ئەوەی ناوتان ناوە پرساندن نەک لێپرسینەوە و موحاسەبە بەڵام هێشتا ئەوش بەڕەوا نابینن؟! 
 پەرلەمان شەرعیەتی لە خەڵکەوە وەرگرتووە و حکومەتیش لە پەرلەمانەوە، بەو پێیە بێت پەرلەمان دەتوانێ لێپرسینەوەتان لێ بکات  هەر بە پێی ئەو  یاسا و ڕێسا و پەیرەوەی کە بە داگیرساندنی گڵۆپی سەز لەلایەن خۆتانە دەرچووە. بەڵام لە واقیعدا ئەوە حکومەت نا ئەوە حیزبە کە لێپرسینەوە لە پەرلەمان دەکات و رێگە نادات کە تاکە پەرلەمانتارێک وەکو خۆی بیر بکاتەوە بەدەر لە تەڵقینی حیزب. بەداخەوە ئەم دەردە گۆڕانیشی گرتووەتەوە هەربۆیە ٢٢ ئیمزا کەی پەرلەمانتاران نابێت بە ٢٣ ئیمزا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×