سەردانێکی بەرهەم سالح بۆ لای پارتی و بارزانی پێویستە

د. عەبدولڕەحمان مەولود
  2022-01-29     560

هاوپەیمانی پارتی لەگەل سونەو سەدر هەندیك سەرکێشی پێوە دیارە، بەلام ڕەنگە ئەم سەرکێشیە پێویست بێت. خەلکی کوردستان بەگشتی و خەلکی کەرکوك و دوزیش بەتایبەتی هێرشەکانی حەشدی شەعبی سەر بە حەیدەر عەبادی، مالکی و هادی عامریان لەبیرنەچووە. ئەگەر ئەم هاوپەیمانیە لە سۆنگەی تۆلە بێت لەو هێرشانەی ئەوان کردیان بۆسەر کوردستان کارێکی خراپ نییە.

شکانەوەی یەکێتێش بەلای بەرەی شیعەکان ئەویش هەندێك خالی پۆزەتیڤی هەیە. کورد نابێت لە هیچ کاتیك وەك دەڵێن هەموو هیلکەکانی بخاتە یەك سەبەتە. بۆ نموونە، هەر ئێستا بەرەی شیعەکان ناتوانن شەقامی عەرەبی شیعە دژ کورد هانبدەن لەبەر نزیکیان لە یەکێتی. ئەگەر لە ئێستاشدا نزیكبوونەی یەکێتی لەبەرەی شیعە بەزەرەی یەکێتی بێت، رەنگە لە داهاتوێکی نزیکدا و لەئەگەری هەلگەرانەوەی هاوکێشە سیاسیەکانی عیراق، کە زوو زوو هەلدەگەرێنەوە، سوودی بۆ کورد هەبێت. واتە، لە داهاتودا یەکێتی ئەم دەورەی ئیستای پارتی بگێرێت لە بەغدا.

ئەوەی گرنگە لە ئێستادا ناومالی کورد درزی گەورەی تێنەکەوێت. پرسی سەرۆکایەتی عیراق ئەگەر حەکیمانە چارەنەکرێت ڕەنگە قلشتی نێوان یەکێتی و پارتی زیاد بکات و ئەمەش بەقازانجی ئارامی و بەرژەوندی خەلکی کوردستان نییە.

ئەگەر پارتی بەردەوام بێت لە پێشنیارکردنی هۆشیار زێباری بۆ پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، ئیحراجی بۆ هاوپەیمانەکانی دروست دەکات. تارادەیەکی زۆریش کورد ناشرین دەکات لە لای ڕای گشتی خەلکی عیراق. چونکی بەهەق بێت یان ناهەق، لە چاوی خەلکی عیراق، زێباری سیاسیەکی سەرکەوتوو نەبووە.

لەبری پێداگری لەسەر کاندیدکردنی هۆشیار زێباری، پێویستە ئەو داوایانەی پارتی هەیەتی لەبەرهەم سالح بیخاتە سەر مێزی گفتوگۆ.  بەرهەم سالح کەسایەتیەکی میانرەوەو ئۆکەی بارزانی و پارتیش کارئاسانی زۆر دەکات بۆ دوبارە بوونەوەی بەسەرۆك کۆمار. هەربۆیە، من پێم وایە ئەوەی پارتی لەبەرهەم سالح و یەکێتی دەوێت بەرامبەر بە کورسی سەرۆکایەتی کۆمار دەتوانێت لە یەك دانیشتن بەدەستی بێنێت. ژمارەی ئەو کارانەش یەکێتی دەتوانی بۆ پارتی بکات لەنزیك ماوەدا بێت یان دورماوەدا بەرامبەر بەکورسی سەرۆکایەتی کۆمار زۆرن. ئەمە جگە لەوەی دەسەلاتەکانی سەرۆك کۆمار لە ئاستی داخوازیەکانی خەلکی کوردستان نییە، بەمەش پارتی دەتوانی جێبەجێنەکردنی داخوازیەکانی خەلکی کوردستان لەبەغدا بخاتە ئەستۆی خەلکیتر.

هەرچەندە بە ئەنجامیش نەگەیشتن، سەدر لەگەڵ مالیکی، عەبادی و هادی عامری کۆبۆوە بۆ چارەسەری کیشەی نێوانیان. کوردیش پێیوستە بەیەکەوە کۆبونەوە بکەن.  من پێم وایە، بەرهەم سالح وەك سەرۆك کۆماری عیراق پێویستە لەگەل بارزانی کۆبێتە بۆ چارەسەری لێکتێنەگیشتنەکان و دوبارە هەلبژاردنەوەی وەك سەرۆك کۆماری عیراق. ئەم سەردانە ئەگەر بکرێت بۆ هەمو لایەك سودمەند دەبێت.  ئارامی زیاتر دەداتە گۆرەپانی سیاسی کوردستان و هەریەك لەپارتی و یەکێتیش براوە دەبن. پارتی پێویستە هەر هیچ نەبێت بۆ ئەم دەورەیە کورسی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ بەرهەم سالح لێگەری، بەرژەوەندی خەلکی کوردستان و پارتیش لەم وازهێنانەیە. ئەوەی ماوە ئەوەیە، ئایا بەرهەم سالح لەم ماوە کورتەی لەبەردەست ماوە دەستپێشخەری دەکات بۆ سەردانی بارزانی یان نا؟

 

نوسەری ئەم وتارە پرۆفسۆری یاریدەدرە لەزانکۆی لۆریە، واترلۆ ، کەنەدا

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×