بنەچەی ڕۆژی جیهانی ژنان (IWD)

توانا محەمەد نوری
  2023-03-06     768

دوای زیاتر لە ١٠٠ ساڵ، ڕۆژی جیهانی ژنان ملیۆنەها کەس ڕادەکێشێت بۆ یادکردنەوەی ئەو پێشکەوتنانەی لە مافەکانی مرۆڤدا بەدەست هاتوون و تاوتوێکردنی ئەو تەحەددایانەی کە ژنان بەردەوام لە سیاسەت، پەروەردە، دامەزراندن و بوارەکانی دیکەی ژیانی ڕۆژانەدا ڕووبەڕووی دەبنەوە. بەڵام جێگەی داخە کە سەرچاوەکەی بە شێوەیەکی بەرفراوانتر نازانرێت.

پاڵنەرەکانی IWD لە دوو سەرچاوەوە هاتبوو: خەباتی ژنانی چینی کرێکار بۆ پێکهێنانی سەندیکای کرێکاری وە هەروەها خەباتکردن بۆ مافی ژنان. ئەم دوو بابەتە ژنانی ئەوروپییان لەگەڵ ژنانی ئەمریکا یەکخست.

بنچینەی ئەم ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ ٨ی ئازاری ١٨٥٧، کاتێک کرێکارانی جلوبەرگ لە شاری نیویۆرک  ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە بارودۆخی کارکردنی نامرۆڤانە و کەمی مووچە ئەنجامدا. پۆلیس هێرشی کردە سەر خۆپیشاندەران و بڵاوەی پێکردن، بەڵام بزووتنەوەکە بەردەوام بوو وە بووە هۆی دروستکردنی یەکەم سەندیکای کرێکاری ژنان.

لە ٨ی ئازاری ١٩٠٨، ١٥ هەزار ژن لە شاری نیویۆرک ڕێپێوانیان کرد بۆ بەدەستهێنانی کاتژمێری کارکردنی کورتتر، مووچەی باشتر، مافی دەنگدان، سەندیکای تایبەت و کۆتاییهێنان بە کاری منداڵان. دروشمی “نان و گوڵ” سەریهەڵدا، نان هێمای ئاسایشی ئابووری و گوڵیش بۆ باشتربوونی ئاستی ژیان.  لە ساڵی دواتردا بووە هۆی ڕێپێوانی ٣٠ هەزار کرێکاری جلوبەرگ، لە ئەنجامدا یەکەم سەندیکای کرێکاری بۆ ژنانی کرێکار لە ئەمریکا دروست بوو.

 لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٠٨، پارتی سۆشیالیستی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دوا یەکشەممەی مانگی شوبات ڕۆژی نیشتمانی ژنانە. یەکەم ڕۆژی نیشتمانی ژنان لە ٢٨ی شوباتی ١٩٠٩ لە ئەمریکا بەڕێوەچوو.

لەم نێوەندەدا هەواڵی شەڕی قارەمانانەی ژنانی کرێکاری ئەمریکا گەیشتە ئەوروپا – بە تایبەتی ئیلهامبەخش بوو بۆ ژنانی سۆشیالیستی ئەوروپی کە لەسەر دەستپێشخەری سۆشیالیستی ئەڵمانی، کلارا زێتکین (١٨٥٧-١٩٣٣)، کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی سۆشیالیستی دامەزرا. ئەم دەزگایە دوایی بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٠٧ لە شتوتگارت شانبەشانی یەکێک لە کۆنفرانسە خولییەکانی دووەمی نێودەوڵەتی (١٨٨٩-١٩١٤) کۆبووەوە. سێ ساڵ دواتر لە ساڵی ١٩١٠ ڕۆژی جیهانی ژنان (ئەوکات ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکار) لە میانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی کرێکار لە کۆپنهاگن لە دانیمارک ناسێندرا. کلارا زێتکین، سۆسیالیستی ئەڵمانی، پێشنیاری جەژنێکی بۆ ڕێزلێنان لە مانگرتنی کرێکارانی جلوبەرگ لە ئەمریکا کرد، پێشنیارەکە بە کۆی دەنگ ڕەزامەندی ئەو ١٠٠ ژنە لە ١٧ وڵاتەوە وەرگرت.

پێشنیارەکە جێبەجێ کراو ٨ی ئازار پەسەند کرا، هەرچەندە لەم قۆناغەدا هیچ وادەیەکی فەرمی دیاری نەکرا. سەرەڕای ئەوەش IWD بە گردبوونەوە و خۆپیشاندان لە ئەمریکا و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا لە ساڵانی پێش جەنگی جیهانی یەکەمدا دیار بوو، هەرچەندە ساڵانە لە ڕۆژانی جیاوازدا (بۆ نموونە ١٨ی ئازاری ساڵی ١٩١١ لە نەمسا-مەجارستان، ئەڵمانیا، دانیمارک و سویسرا و دوا یەکشەممە لە مانگی شوبات لە ئەمریکا) جەژن دەکرا.

لە ساڵی ١٩١٧ لە ڕووسیا، ڕۆژی جیهانی ژنان گرنگییەکی زۆری بەدەستهێنا – ئەوە خاڵی گەرمی شۆڕشی ڕووسیا بوو. لە ٨ی ئازار (ڕۆژژمێری ڕۆژئاوا) ژنانی کرێکار لە پترۆگراد مانگرتنێکی جەماوەری و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای ئاشتی و نانیان دەکرد. بزووتنەوەی مانگرتن لە کارگەیەکەوە بۆ کارگەیەکی تر بڵاوبووەوە و بە شێوەیەکی کاریگەر بوو بە یاخیبوون. لە ساڵی ١٩٢٢، بۆ ڕێزلێنان لە ڕۆڵی ژنان لە IWD لە ساڵی ١٩١٧، لینین ڕایگەیاند کە ٨ی ئازار بە فەرمی وەک ڕۆژی ژنان دیاری بکرێت. زۆر دواتر لە یەکێتی شوروەی و زۆربەی وڵاتانی سۆسیالیستی پێشوودا جەژنێکی نیشتمانی بوو. ڕەنگە شەڕی سارد ئەوە ڕوون بکاتەوە کە بۆچی ئەوە بوو کە پشوویەکی گشتی کە لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە بەڕێوەدەبرا، تا ڕادەیەکی زۆر لە ڕۆژئاوا پشتگوێ خرا، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٥ (ساڵی نێودەوڵەتی ژنان)، نەتەوە یەکگرتووەکان ٨ی ئازاری وەک ڕۆژی جیهانی ژنان ناساند.

بەرەو ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژنان دەڕۆین. رۆژێك كە بووە بە رەمزی خەباتی ژنان بۆ نەهێشتنی جیایی و هەڵاواردنی جێندەری. ڕێزگرتن لە ٨ی مارس ڕێز گرتنە لە خەباتی زیاتر لە ٢ سەدەی ژنان بۆ نەهێشتنی چەوسانەوەیەك كە بە هۆی سیستەمی سەرمایەداری و پیاو سالارییەوە بە سەریاندا سەپاوە. خەباتی ژنان پەیوەست نییە بە ٨ی مارسەوە، بەڵكوو ٨ی مارس بووە بە رەمزی خەباتی ژنان دژی چەوساندنەوە.

٨ی مارس هەڵگری مانایەكی قووڵە. هەڵگری مێژوویەك خەباتە دژ بە چەوسانەوە. وەك چۆن ١ی ئایار هەمان مانای هەیە. خەباتی ژنان و هەوڵدان بۆ یەكسانی و باسكردن لە یەكسانی گرێ نەدراوەتەوە بە رۆژێكی دیاریكراو وەك ٨ی مارس. وەك چۆن خەباتی كرێكاران بۆ دامەزراندنی حکومەتی کرێکاری گرێ نەدراوەتەوە بە ١ی ئایار، تەنها ئەوەیە ١ی ئایار رەمزی یەكگرتنی كرێكارانە.

ڕۆژی جیهانی ژنان دەرفەتێک دەدات بە ژنان بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵک بۆ تێکۆشانی خۆیان و بۆ مافەکانی ژنان ڕابکێشن، ئەمەش بە خەباتی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا ببەستنەوە و هاودەنگی نێودەوڵەتی لەگەڵ ژنانی کرێکار لە هەموو شوێنێک نیشان بدەن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×