پایە لەرزۆکە سەرەکییەکانی 'قەوارەی' هەرێم!

توانا محەمەد نوری
  2023-08-12     454

لە هەرێمی کوردستان، پایە سەرەکییەکانی 'قەوارەکە' هەر لە پەرلەمان، حکومەت، وەزارەتی پێشمەرگە، 'دامەزراوە' ئایینیەکان تا دەگات بە میدیای حیزبی، بەهۆی ناکۆکی، گەندەڵی و بێ ئاسۆیی لە قەیرانێکی قوڵدایە.

پەرلەمانی دەسەڵاتدارانی هەرێم هەر لە سەرەتای دامەزراندنی و ڕۆژ دوای ڕۆژ پێگەی خۆی لە دەستداوە و خەڵک بە شوێنێک بۆ دزینی بەشێک لە داهاتی خۆیانی دەزانن.  ئینجا لەبەر ئەوەی ڕێژەیەکی زۆر کەمی خەڵک بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی دەسەڵاتدارانیشی کرد، ئەم خولەی پەرلەمان بە گرژی و بشێوی ژیانی خۆی بەسەربرد.

پێش ئەوەی پەرلەمانی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەم خولەدا دابخرێ و پەرلەمەنتاران بەرەو پشووی هاوین بچن، شەڕە بۆکس لە نێوان پەرلەمەنتارەکانی پارتی و یەکێتی ڕوویدا و پێشتریش بشێوی تر و شەڕ و پێکدادن لە نێوان پارتی و نەوەی نوێ و فراکسیۆنەکانی تر ڕوویدا.

ئەمە جگە لەوەی حکومەتی بەشێک لە دەسەڵاتدارنی هەرێم بە هیچ شێوەیەک نەیتوانی ببێتە حکومەتی هاوبەشی هەموو دەسەڵاتدارنی هەرێم.  زۆنی زەرد و سەوز زەقتر بوویەوە. یەکێتی نیشتمانی بۆ ماوەیەک لەسەر پێنەدانی بەشێکی زۆرتر لەو دزیی و تاڵانییەی لە کوردستاندا دەکرێ، لە حکومەت کشایەوە. سەرباری وەزعی شڕی حکومەتی دەسەڵاتدارنی هەرێم لەلایەکی تریشەوە کەتۆتە ژێر فشارێکی بەردەوامی حکومەتی دەسەڵاتدارنی ناوەند و دادگای فیدراڵ و ڕۆژ نییە ئیمتیازات و نفوز لە دەست نەدەن.

بەرپرس و دەسەڵاتدرانی هەرێم ئەوەندە سومعە و ناوبانگیان زڕاوە، زۆر بەنهێنی و دوور لە چاوی میدیا و خەڵکەوە گەشت بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن. بەرپرسەکان، لەترسی هێلکەبارانکردنیان، دوور لە چاوی دانیشتوانی کوردانی تاراوگە سەفەر بۆ ئەوروپا دەکەن.

هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار بەبێ پشتیوانی تورکیا بۆ پارتی و ئێران بۆ یەکێتی بۆ یەک چرکەش ناتوانن تەنانەت لە ناوچەی نفوزی خۆشیان ‌هەڵبکەن. جاران خەڵک ئاواتەخواز بوو بەرپرسێک، سەرکردەیەک یا پێشمەرگەیەک ببینێ بەڵام ئێستا، بە دانپێدانانی خۆیان، پێچەوانەکەی ڕاستە.

ئەگەرچی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار هاوبەشن لە تاڵانکردنی سامان و داهاتی کوردستان بەڵام لەلایەکی تریشەوە نەفرەت لەیەکتر دەکەن و پیلان دژی یەکتر ئەنجامدەن. هاوپەیمانی لەگەڵ هێزو لایەن عەرەبی و بیانی دەکەن دژی یەکتر.

ڕۆژ نییە هەواڵی شەڕ و پێکدادن لە ناو وەزارەتی پێشمەرگەش نەبیستین. بە پێی ئامارەکان زۆرترین گەندەڵی لەم وەزارەتەدا دەکرێ. ناشتوانن، سەرباری فشاری ئەمریکا و هاوپەیمانان، هێزەکانیان یەکبخەن.

ئەگەرچی 'دامەزراوە' ئایینیەکان ئازادی تەواویان هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی بیروبۆچوونی خۆیان بەڵام ئەمانیش لەژێر فشاری مەدەنییەت، ژیانی سەردەم و بزوتنەوەی سێکۆلاریی کەتونەتە ناکۆکی و دژایەتی لە نێوان خۆیاندا و ڕۆژ دوای ڕۆژ پێگەی خۆیان لەدەستدەدەن. 'دامەزراوە' ئاینییەکان بەشێکن لە پرۆسەی سیاسی لە کوردستان و ئەمانیش بەشێکن لەو گەندەڵی و بێسەروبەرییەی لە ژێر سایەی ئەحزابی کوردایەتی بەڕێوەدەچێ.

 

خێزانی کوردایەتیش بە هیچ شێوەیەک ناتوانن بۆ یەک چرکەش یەکڕیز بن و پێگەیان بەرانبەر خێزانی شيعەی دەسەڵاتداری ناوەند زۆر لاواز بووە. ئەگەر سەردەمانێک لەژێر فشاری ئێران توانیان بەرەیەک دروستبکەن بەڵام لە ئێستادا تەنانەت نەیانئەتوانی لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕێکبکەون. ئەگەر جاران بیرۆکەی کوردایەتی دەیتوانی خەڵک ڕابکێشێ ئێستا بەو هەموو میدیا، ڕۆژنامە، ماڵپەر و لاپەرەی فەیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ناتوانن سەرنجی خەڵک ڕابکێشن.

لە کوردستان میدیا زۆربەی حیزبییە و بۆ بڵاوکردنەوەی بیروبۆچونی حیزبەکانیان دامەزراون.  هەروەها بۆ پرۆپاگەندە بۆ سەرۆک و جێگر و سەرکرادیەتی حیزبەکە دامەزراون. حیزبیش بە بنەماڵە کراوە. میدیاکانیش ڕەنگدانەوەی باڵی جیاوازی نێو بنەماڵەکەیە.  میدیاکانیان بە پارەی دزین و تاڵانی دامەزراوە. پارەیەکی زەبەلاحیشیان تەرخانکردوە بۆ دروستکردنی پەرەی فەیک لەسەر تۆرە کۆمەلایەتییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ و فشار خستنە سەر هێزی ڕکابەریان.  لەبەر ئەوە خەڵک گرنگییەکی ئەوتۆ بەم میدیایە نادات. فرۆشی ڕۆژنامەکانیان زۆر دابەزیوە.

خزمەتگوزارییە گشتییەکان ڕۆژ دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت و نە حکومەت و نە حیزبە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانیش گرنگی بە هیچ شێوەیەک بەمە نادەن. گرنگ ئەوەیە توێژی سەرەوەی حیزبەکان و دەوڵەمەندەکان ئاو وکارەبا و غازیان هەیە ئیتر خەڵکیش بابۆخۆی 'هەڵپەڕێ'.  خزمەتگوزارییە گشتییەکان خراونەتە ژێر دەستی کەرتی تایبەت و ژمارەیەکی پێ دەوڵەمەند دەکرێن. خوێندن، کارەبا، تەندروستی تایبەتیی کراون و ئەوەی بتوانێ منداڵی دەنێرێ بۆ فێرگەی تایبەت، زانکۆی تایبەت و خەستەخانەی تایبەت و کارەباش بە ئەمپێر بە پارەیەکی خەیاڵی دەفرۆشرێت. سەرەڕای خراپی ڕێگە و بان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان، کەچی باج زیادیکردووە.

دەوڵەمەندەکان لە جاران دەوڵەمەندترن. هێرشەکانیش بۆ دابەزینی ئاستی ژیانی چینی کرێکار، خەڵکی کەمداهات و هەژار بەردەوامە.


لە کوردستاندا ئۆپۆزیسیۆن نییە و ئەوەشی هەیە فەیکە چونکە بەشێکن لە پرۆسەکە. ئۆپۆزیسیون یاری بە هەست و سۆزی خەڵک دەکات و ئەمانیش ڕۆژ دوای ڕۆژ پێگەیان لاوازتر دەبێت. بە حوکمی ئەوەی حکومەتی دەسەڵاتدارانی هەرێم خزمەتگوزارییە گشتییەکانی پشتگوێ خستووە و بۆشاییەکی فراوانیان بەجێهێشتوە، ئەم ئۆپۆزیسیۆنە فەیکە توانیوێتی ئەو بۆشاییە بقۆزێتەوە بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و پرۆپاگەندە بۆ خۆیان.

بزووتنەوەی ناڕەزایەتیش بەرەو پێش دەچێ و وردە وردە و بەشێنەیی و لەژێرەوە دەکوڵێ بەڵام خەڵک دەبێ ئەو پەرتوبڵاویە بەجێبهێڵن چونکە شەپۆلی داهاتووی ناڕەزایەتیەکانیان پێویستی بە یەکڕیزی و ڕێکخراوبوون دەبێت. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×