ڕای گشتی خەڵکی سەرتاسەری جیهان بۆ کێشەی فەلەستین زۆر گرنگە!

توانا محەمەد نوری
  2023-11-20     362


ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە سەرانسەری جیهان و بەتایبەتیش ڕۆژئاوا دەتوانێت سەرکردەکانی جیهان ڕازی بکات و ئاشتی بەسەر ئیسرائیلدا بسەپێنن کە ئێستا بابەتی ژیان یان مردنە بۆ خەڵکی فەلەستین.

دوای ٤٤ ڕۆژ لە دەستدرێژی و کۆمەڵکوژی گەلی فەلەستین لە غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە، زیاتر لە ١٢ هەزار کەس کوژراون کە لانیکەم لە سەدا ٧٠ی ئەو کەسانە ژن و منداڵن.

بۆ ئەوەی هەست بە قەبارەی تاوانەکە بکەین، سوپای ئیسرائیل لە ماوەی یەک مانگدا خەڵکی زیاتری لە غەززە کوشتووە لە کۆی ژمارەی ئەو هاووڵاتییە مەدەنییە ئۆکرانیایانەی کە لە ماوەی ٢١ مانگدا لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی ئۆکرانیا لە شوباتی ٢٠٢٢ کوژراون. ٩ هەزار و ٦٠٠ کەس بەپێی دوایین خەمڵاندن لە ئۆکرانیا کوژراون. بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە ئەنجامی هەڵمەتی سوپای ئیسرائیل، هەر ١٠ خولەکێک منداڵێک دەکوژرێت.

هێزەکانی داگیرکەری ئیسرائیل سەدان باڵەخانە، خانوو، نەخۆشخانە، مزگەوت، کڵێسا، قوتابخانە و تەواوی گەڕەکەکانیان بە فۆسفۆری سپی بۆردومان کردووە کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان نایاساییە. تەنانەت دامەزراوە و بنکەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کراونەتە ئامانج و وێرانکراون، لە پرۆسەکەدا دەیان کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان کوژراون، ئەمە جگە لە دەیان کارمەندی تەندروستی و ڕۆژنامەنووسیش.

ژمارەی کوژراوانی ڕاپۆرتکراو ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە لە ژێر داروپەردوودا ون بوون کە ئێستا بۆتە دیمەنی غەززە - داروپەردوو کە لە باڵەخانە ڕووخاوەکان، خێزانە دەربەدەرەکان، ژیانی شکاو و خەونە شکاوەکان پێکهاتوون.

خەڵکی غەززە ناچارن پەناببەن بۆ عەرەبانە دەستییەکان بۆ هەڵگرتن و گواستنەوەی مردووەکان بۆ ئەوەی بەپەلە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بەخاکیان بسپێرن. بۆیە زۆربەیان هەرگیز بە فەرمی ناناسرێنەوە - هەندێ خێزان بەتەواوی لە تۆمارەکاندا سڕاونەتەوە.

 

دیارە هیچ شوێنێکی غەززە سەلامەت نییە!

گواستنەوەی زۆرەملێ، کوشتنی بێوچانی خەڵکی مەدەنی و بەئامانجکردنی نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان و دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نوێترین نموونەیە لە دڕەندەیی درێژخانی ئیسرائیل وەک هێزێکی داگیرکەر - تۆمارێک کە لەلایەن حکومەتەکانی ڕۆژئاواوە پەسەند کراوە، کە گوایە ناوبژیوانن بۆ ئازادی و دیموکراسی، بۆ دەیان ساڵە ئیسرائیل بە پێشێلکردن و بێبایەخکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان بە بێ سزا بۆی دەرچووە.

حکومەتەکانی ڕۆژئاوا بە ئەمەریکا و بەریتانیاشەوە ڕێگایان بە ئیسرائیل داوە هەڵمەتێکی چالاکانەی جینۆساید پەرەپێبدات. بێدەنگی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبی گوێی خەڵکی مەدەنی فەلەستینی کەڕ کردووە.

لە کاتێکدا سەیری بەکارهێنانی چەکەکانەی ئەمریکا و بەریتانیا دەکەین بۆ لەناوبردنی خەڵکی غەززە، سەرکردەکانی ڕۆژئاوا یەک بەدوای یەک گەشتیان بۆ ئیسرائیل کرد بۆ ئەوەی پشتگیری خۆیان بۆ ئەم هەڵمەتە کوشندەیە دووپات بکەنەوە کە گوایە لەسەر بنەمای "مافی بەرگریکردن"ی ئیسرائیل لە خۆی دامەزراوە.

لەوەدەچێ لە ئیسرائیل ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ و بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مێژە خرابێتە ژێر پێڵاوی سوپای ئیسرائیلەوە.

سزای کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی غەززە، هەروەها گواستنەوەی زۆرەملێی دانیشتووانێک کە پێشتر لەژێر گەمارۆ و داگیرکراوبوون، پاکتاوی نەتەوەییە و پێشێلکارییەکی ڕوون و ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکانە.

 

کەواتە خۆپیشاندان چی بەدەستدەهێنێت؟!

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بزووتنەوەیەکی فراوانی جیهانی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە گەورەترین شۆکی توشی سەرکردایەتی پارتی کرێکارانی بەریتانیا کرد (٨ ئەندامی حکومەتی سێبەر و دەیەها ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان دەستیان لەکارەکانیان کشایەوە). ماکرۆن و حیزبی لیبراڵ دیموکراتەکانی بەریتانیای ناچارکرد پشتگیری لە ئاگربەست بکەن و لە هەمووشی گرنگتر وەزیری ناوخۆی نیمچە فاشیستی هێنایە خوارەوە.

دیارە هیچ کام لەمانە ڕووی نەدەدا ئەگەر سەدان هەزار کەس نەڕژانایەتە سەر شەقامەکانی لەندەن و سەرانسەری بەریتانیا، بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی بەریتانیا پشتگیری ئاگربەست بکەن و کار بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو کارەسات و بەڵایەی لە غەززە ڕوودەدات.

ڕۆژی شەممەش - ١٨ی نۆڤەمبەر - دەیان هەزار کەس بەشدارییان لە نزیکەی ١٠٠ خۆپیشاندان لە سەرانسەری بەریتانیا بۆ فەڵەستین کرد. لە لەندەنیش ١٠ گردبوونەوەی جیا جیا لە ناوچە جیاجیاکانی پایتەخت بەڕێوەچوو.

ڕێپێوانەکان و خۆپیشاندانەکان و ڕێگریکردن لە گوستنەوەی چەک بۆ ئیسرائیل لە بەندەرەکان، ئیرادەی بەردەوامبوونی خەڵک لە ناڕەزایەتی دەربڕین و پشتیوانیکردنی فەلەستین نیشان دەدەن.

سەرکەوێ خەباتی ملیۆنەها خەڵکی ئینساندۆست و ئازادیخواز لەسەرتاسەری جیهان بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە شەڕی پاکتاوکردنی خەڵکی فەڵەستین لە غەززە بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتێک هاوتای دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ خەڵکی ستەمدیدەی فەڵەستین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×