لێکچوونەکانی شەڕی ئۆکرانیا و جەنگی جیهانی یەکەم کە ١٠٩ ساڵ بەسەریدا تێپەردەبێت!

توانا محەمەد نوری
  2023-08-19     757

هەموو کەسێکی جددی، بە دڵنیاییەوە هەموو سۆشیالیستێک، لەگەڵ ئەوەدایە کە جەنگی جیهانی یەکەم شەڕێک بوو لە نێوان "زلهێزە گەورەکانی ئەو سەردەمە" بۆ دابەشکردنی جیهان لە پێناوی بازاڕ و سەرچاوە و هەژموون.

سۆشیالیستەکانی سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم تەخوینکران و بوختانی زۆریشیان بۆ هەڵبەسترا؛

١٠٩ ساڵ لەمەوپێش، زۆرینەی سۆشیالیستەکان، سەرکردەی سەندیکاکان و "مارکسیستە" دیارەکان، وازیان لە هاوپشتی چینایەتی نێودەوڵەتی کرێکاری هێنا و تەسلیمی تای شەڕەکە بوون و شۆڤێنیزمی نەتەوەیییان لە باوەش گرت و پشتگیری شەڕەکەیان کرد و بە شێوەیەکی عەمەلی پشتگیرییان لە کوشتن و سەربڕینی ملیۆنەها خەڵک کرد.

ئەو سۆشیالیستانەی دژی شەڕەکە بوون و هۆکاری ڕاستەقینەی شەڕەکەیان ئاشکرا کرد - دابەشکردنی جیهان و بەدەستهێنانی بازاڕ و قازانج بۆ زلهێزەکان - پەراوێزخران و بوونە قوربانی.

لە بەریتانیا جۆن ماکلین (٢٤-٨-١٨٧٩ - ٢٩-١١-١٩٢٣) و سۆشیالیستەکانی دیکە زیندانیکران. لینین (٢١-٨-١٨٧٠ - ٢١-١- ١٩٢٤)، ئەوکاتە لە سویسرا دەربەدەر بوو، لە کتێبی (ئیمپریالیزم: باڵاترین قۆناغی سەرمایەداری)، سروشتی شەڕی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری مۆدێرندا شیکردۆتەوە.

لینین دەڵێ سەرمایەی دارایی، یەکگرتنی سەرمایەی بانکی و پیشەسازی، ئۆلیگارشی دارایی دروست دەکات، لەگەڵ هەناردەکردنی سەرمایە، دەبێتە هۆی دروستکردنی مۆنۆپۆلی - فاکتەری یەکلاکەرەوە لە ژیانی ئابووریدا - و دابەشکردنی جیهان لەلایەن "مشتێک وڵاتی 'پێشکەوتوو'" واتە بەهێزترین زلهێزەکانی سەرمایەداری.

مۆنۆپۆلەکان، یان کۆمپانیا گەورەکان، تەنیا بەسەر ژیانی ئابووریدا زاڵ نین، یاخود تەنیا کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی حکومەت و دەوڵەت نییە، بەڵکو بەرژەوەندی خۆیان، بازاڕ و قازانج ئاراستەیان دەکات. ڕکابەر دەبێت بەهەر جۆرێک بووە شکستی پێبهێنرێت، تەنانەت ئەگەر بە ڕێگەی سەربازیش بووە.

لینین و ماکلین بە "لایەنگری ئەڵمان" تۆمەتبار کران و هەتا ئێستاس هەندێ کەسی بیر تەسک لینین بە "دەستخستنە نێو دەستی حکومەتی ئەڵمان" تۆمەتبار دەکات.

سەرکەوتنی ڕووسیا نابێتە هۆی زەربەیەک لە دژی “ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا"، وەکو هەندێک پێماندەڵێن، هەروەها شەڕی ئۆکرانیا وەکو جەنگی جیهانی یەکەم شەڕێکیش نییە بۆ "سەرخستنی دیموکراسی بەسەر تاکڕەویدا". لەلایەکی تریشەوە شەڕی ئۆکرانیا ململانێی "باشەکان" لە بەرامبەر "خراپەکان" یش نییە وەکو پوتین پێمان دەڵێت.

ڕاستە شەڕی ئۆکرانیا هەندێ تایبەتی خۆی هەیە (بۆ نموونە شەڕێکی بە وەکالەتە کە بە شێوەیەکی سەرەکی بەناوی ئەمریکاوە بەڕێوەدەچێت)، بەڵام هۆکاری سەرەکی شەڕەکە بە تەواوی هەمان هۆکاری جەنگی جیهانی یەکەمە: کێبڕکێی نێوان بلۆکە زلهێزە کێبڕکێکارەکان بۆ دووبارە دابەشکردنی جیهان، بەدەستهێنانی سەرچاوە، بازاڕ، و دەسەڵات. هەروەها بۆ دامەزراندنی نەزمێکی جیهانی نوێ کە فرە جەمسەری تیایدا زاڵ ببێت.

ئۆکرانیا لە پلەی چوارەمی جیهاندایە لە ڕووی سەرچاوەوە. بەهای هەڵسەنگێندراوی ٧.٥ تریلیۆن پاوەندە، کە بەشێکی زۆری لە ناوچەی دۆنباسی ڕووسی زمانە.

ستراتیجی ئەمریکا دوای داڕمانی یەکێتی شورەوی بە قسەی بێمانای "کۆتایی مێژوو" و فراوانبوونی شەڕانگێزی ناتۆ سەرخۆش بوو، هەستی ناسیۆنالیستی لە نێو نوخبەی بۆرجوازی نوێی ڕووسیادا هان دا. ئەو ئیدیعایەی کە لەشکرکێشییەکەی ڕووسیا "بێ ئیستفزازی" بووە، جێی گاڵتەیە.

چوار بلۆک لە شەڕی ئۆکرانیا بەشدارن، ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، ڕووسیا و چین، ڕکابەری سەرمایەدارین لەسەر ئاستی جیهانی، هەموویان لە قۆناغە جیاوازەکانی گەشەکردندان و بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە.

تا ئەم دواییانە ڕووسیا زلهێزێکی ناوچەیی بوو، هەرچەندە زلهێزێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی بوو، بەڵام ئێستا وەک چین هەوڵدەدات کاریگەرییەکانی لە ئاسیا و ئەفریقا درێژ بکاتەوە و خۆی وەک بەدیلێک بۆ "کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوا" پیشان بدات، هەروەک چۆن ڕۆژئاوا بەرژەوەندییەکانی خۆی دەفرۆشێت وەک “بەرگریکردن لە دیموکراسی” و “حوکمی یاسا."


لەگەڵ کودەتاکانی ئەم دواییەی هەردوو پاکستان و نەیجەر، لەوەدەچێ شەڕی ئۆکرانیا تەنیا یەک بەشی ئەو شەڕە جیهانییە بێت.

شەڕ پرسێکی چینایەتییە و حکومەت، حیزبەکان و میدیا هۆکاری ڕاستەقینەی شەڕ بە هەر نرخێک بێت لە چینی کرێکار و خەڵکی کەمداهاتی دەشارنەوە. هەرئەمانیشن زۆرترین باج دەدەن.

زۆربەی سەرکردایەتییەکانی سەندیکا کرێکارییەکان لە بەریتانیا و شوێنەکانی دیکەی ڕۆژئاوا، تا ڕادەیەکی کەم یان زۆر، بە پڕوپاگەندەی شەڕخوازی تەسلیمبوون، یان بە ئاشکرا هاندەری ڕژێمی گەندەڵ و سەرکوتکەری زێلێنسکی و سەرکەوتنی ئۆکرانیا دەکەن.

پشتگیریکردن لە زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکان لەلایەن زۆربەی سەرکردەکانی سەندیکاکان لەسەر حیسابی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە کرێکاران زۆر پێویستیان پێیەتی، هۆشدارییەکە لەو قووڵاییانەی کە کاردانەوەی جەنگ دەتوانێت پێی بگات.

لە کاتێکدا ڕەخنە لە ڕژێمی ڕووسیا بە دەنگێکی بەرز و زەق دەبیسترێ، بەزەحمەت یەک وشە لەبارەی ڕۆژئاوا و ڕژێمی ئۆکرانیا دەبیسترێت؛ خەلک دەیەوێ بزانێت بۆچی دەتوانرێت ملیارەها دۆلار هاوکاری بۆ ئۆکرانیا بنێردرێت لەکاتێکدا بارودۆخی ناوخۆ ئەوەندە خراپە.

لە بنیاتنانی بەرەیەک دژی شەڕ و بەربەریزم، خاڵی دەستپێک بۆ سۆشیالیستەکان دەبێت پێداگری بێت لەسەر هەڵوێستێکی چینایەتی سەربەخۆ.  چل ساڵ نیولیبرالیزم بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی لاوازکردووە. بەڵام پێویستە دەنگ بەرز بکەینەوە دژی ئەم جەنگە و لێکەوتەکانی. دژی کوشتن، ماڵوێرانی و دەربەدەری.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×