ئایا خرۆشانی خەڵكی ئێران پاش ١٢٣ ڕۆژ لە خۆپیشاندان و مانگرتن چ گورزێکی لە بناغەکانی سیستەمی ولایەتی فەقێ داوە؟

توانا محەمەد نوری
  2023-01-17     374

زیاتر لە چوار مانگە ڕاپەڕینێكی مەزن بە پێشڕەوی ژنان بۆ ڕزگارکردنی خۆیان و هەموو مرۆڤەکانی ژێر چەوساندنەوە و ئیستغلالکردن لە کۆت و بەندەکانی دەسەڵاتی بۆرجواژی كۆماری ئیسلامی دەستیپێكردووە. ڕاپەڕینێك کە میحوەرەکەی "ژن ژیان ئازادی" یە و یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامییە.

ڕەنگە هەندێک بە زەحمەتی بزانێ کە خۆپیشاندەرانی بێچەک، هەرچەند ژمارەشیان زۆر بێت، بتوانن حکومەتێکی هار و دڕندە و سەرتاپا سەربازی بروخێنن. کاتی خۆشی ناڕەزایەتییەکان دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران بە هەمان شێوە بەدوور دەزانرا کە سەرکەوتوو بێت. بەڵام خۆپیشاندانەکان بۆ چەند مانگێک لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوبۆوە پاشان مانگرتنەکان دەستیان پێکرد. هێزە ئەمنییەکان وایان لە خەڵک دەکرد لە شوێنێکی کاردا بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، بەڵام کاتێک هێزەکان دەچوونە شوێنی داهاتوو، شوێنی پێشوو مانیان دەگرتەوە. تەنانەت بە چوارەم گەورەترین سەربازی جیهانیشەوە، دەسەڵاتی پاشایەتی ئێران ئەوەندە کارمەندی ئەمنی نەبوو کە بتوانێت بە یەکجار و لە یەک کاتدا هەمووان ملکەچ بکات.

ھەرچەندە لە ماوەی ئەم چوار مانگەدا، کۆماری ئیسلامی تاوانی گەورەی لە دژی ئازادیخوازان، شۆڕشگێڕان، ژنان، هەرزەکاران و گەنجان و خەڵکی ناڕازی ئەنجامداوە، بەڵام ئەم ڕاپەڕینە مەزنە ئەم گورزانەی خوارەوەشی لە ڕژێمی ئیسلامی ئێران داوە:

یەکەم: لەم خرۆشانە جەماوەرییەدا ھەیبەت و هەژموونی خامنەیی لە ناوەوە و دەرەوەی سیستمەكەدا زیانی پێگەیشتووە و دروشمی "مەرگ بۆ دیكتاتۆر" و "مەرگ بۆ خامنەیی" کۆمەڵایەتی بووە.

دووەم: سەرکوتکردن وەک چەکی سەرەکی و گەرەنتی مانەوەی سیستمەکە لێی دراوە و خەڵک دیواری ترسیان بڕیوە و ئامێری سەرکوتکەر ناتوانێت ئەم خرۆشانە ڕابگرێت.  دەسەڵات سەرەڕای کوشتن، زیندانیکردن، دەستدرێژی سێکسی، ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان کەچی خۆپیشاندەرانی نەترساندووە و خۆپیشاندان و هاتنە سەر شەقام بەردەوامە.

سێیەم: فریودان، کە هەمیشە هاوتەریب لەگەڵ سەرکوتکردن خزمەتیان بە دەسەڵات کردووە، کەوتووە و چیتر خەڵک فریو ناخوات.

چوارەم: سیاسەتی ڕازیكردن - Carrot policy - کە هەمیشە خزمەتی بە ڕژێم کردووە، بۆ ڕژێم دەرکەوتوە کە سوودی نەماوە و ڕۆژ بە ڕۆژ ڕژێم خۆی لێ دوور دەخاتەوە.

پێنجەم: ئابووری ڕژێم کە زامنی درێژەی سەرکوت و تێرۆریزمی ڕژێم بووە لاواز بووە، چونکە ئابووری ئێران لە ژێر گەمارۆی درێژخایەنی ئەمریکا و خراپ بەڕێوەبردنیدا سست بووە.

شەشەم: خرۆشانی خەڵك ناكۆكی خستۆتە نێو دڵی دەسەڵاتەوە؛ بۆ نمونە باڵێكی نێو ڕژێم ڕۆژێک دەڵێن چاو بە یاسای حیجابدا دەخشێنینەوە و ڕۆژێكی تر دەڵێن دەبێ گوێ لە خەڵك بگرین و گفتوگۆیان لەگەڵ بكەین.

حەوتەم: ناڕەزایەتییەکان، چوار مانگ دوای مردنی مەهسا ئەمینی، زیاتر لە هەر ناڕەزایەتییەکی جەماوەری پێشووتر لە دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩، بەردەوامە.

هەشتەم: چاوخشاندنێک بە میدیا جیھانییەكان دۆخی ڕژێم دەردەخات:

ئەسۆشێتد پرێس: ئەو خۆپیشاندانانەی لە مانگی ئەیلولەوە دەستی پێکردووە، ئێرانی هەژاندووە.

لۆمۆند: ڕژێمی ئێران بە بنبەست گەیشتوە؛ داواكاری جێبەجێ بكات، داواکارییەکان زیاتر دەبن؛ جێبەجێی ناكات، ناڕەزایەتییەکان بەردەوام دەبن.

فیگارۆ: خۆرئاوابوونی ڕژیمی ئێران بەڕێوەیە.

گاردیان: خەڵکی ئێران دەیانەوێت لە لایەن کەسانێکەوە بەڕێوە ببرێن کە بتوانن هەڵیانبژێرن و هەرکاتێکیش بیانەوێ دووریانبخەنەوە لە کارەکانیان، نەک لەلایەن پیاوە پیرۆزە گوماناوییەکانەوە کە دەسەڵاتێکی ڕەهایان هەیە بۆ لێکدانەوەی دەقە پیرۆزەکان. مرۆڤی ئێرانی دەیەوێت ئازاد بێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×