ناتۆ دەیەوێ ڕێڕەوی خۆی لەبارەی ئۆکرانیاوە بگۆڕێت!

توانا محەمەد نوری
  2023-12-15     250

دوای ئەوەی ناتۆ بەنزینی بە ئاگری ململانێکاندا کرد و بەڵێنیان بە کیێڤ دا پشتگیری لێبکەن تا سەرکەوتن، ڕۆژئاوا فشار دەخاتە سەر زێلێنسکی بۆ ئەوەی ڕێکبکەوێ و گرێبەستێک لەگەڵ ڕووسیا بکات. دیارە گرێبەستەکە بە سوودی ڕووسیا تەواو دەبێت.

داواکارییەکەی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بۆ کۆتاییهێنان بە "بیرکردنەوەی شێتانە" سەبارەت بە ئۆکرانیا و دانپێنانی سکرتێری گشتی ناتۆ یانەس ستۆڵتنبێرگ کە "پێویستە ئامادەبین بۆ هەواڵی ناخۆش" دانپێنانە بە شکستی ستراتیژی ناتۆ دوای ئەوەی هێرشی دژە هێرشی زێلێنسکی شکستی هێنا.


وەک ستۆڵتنبێرگ دەڵێت، ڕووسیا شەڕێکی بێ بەزەیی دەکات کە بە شێوەیەکی سیستماتیک توانای سەربازی ئۆکرانیا تێکدەدات و لاوازی دەکات. لە کاتێکدا هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکانی هەر جەنگێک دەبێت زۆر مەرجدار بێت بەڵام ڕووسیا بە ئاشکرا دەستی باڵای هەیە، بارودۆخێک کە ئەگەری گۆڕینی نییە.

واشنتۆن ئاگاداری ئەوەیە کە شەڕەکەی دۆڕاندووە و بۆچونێکی گشتیش لە واشنتۆن هەیە کە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا لە ڕووی داراییەوە چیتر هەنگاوێکی ژیرانە نییە. کێشەکەی بایدن ئەوەیە چۆن بتوانێ زیانەکانی ئەم شکستە کەم بکاتەوە لە کاتێکدا خۆی بۆ هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتی ئامادە دەکات.

پێدەچێت ئامادەیی ئەمریکا بۆ درێژەدان بە دابینکردنی پارە و تەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا لەرزۆک بێت و کۆمارییەکان لە کۆنگرێسدا تادێت دژایەتی دەکەن. هەر کەمبوونەوەیەکی چەک لە واشنتۆنەوە، تەرازوەکە بە سوودی ڕووسیا دەگۆڕێت.

فەرماندەی گشتی هێزەکانی ئۆکرانیا، ڤالێری زالوژنی، وتی دۆخی ئێستا "بنبەستە" و هاوشێوەی شەڕی خەندەقەکانی جەنگی جیهانی یەکەمە.  لەگەڵ کۆتایی هاتنی ساڵ پێگە سەربازییەکان لەو شوێنەدا ماوەتەوە کە لە سەرەتای ساڵدا تیایدا بوون. هێرشی بەهار و هاوینی ئۆکرانیا کە بانگەشەی زۆری بۆ کرا، جیاوازییەکی ئەوتۆی دروستنەکرد جگە لە بەفیڕۆدانی ژیان و سەرچاوەی زیاتر.  پێنج مانگ شەڕی خوێناوی، هێزەکانی ئۆکرانیا تەنیا ١٧ کیلۆمەتر پێشڕەوییان کردووە. 

ئەمەش زۆرێک لە دەسەڵاتدارانی سەربازی تووشی سەرسوڕمان نەکرد چونکە هەر لەسەرەتاوە دەیانوت ئاستی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا ئەوەندە بەهێز نیین تا بتوانن هێرشێکی سەرکەوتوو ئەنجامبدەن. تەنانەت بەدەستهێنانەوەی سەرجەم خاکی ئەو چوار ناوچەیەی لە سەرەتای ئەمساڵدا لەلایەن ڕووسیاوە لکێندرابوون، پێدەچێت لە دەرەوەی تواناکانی سوپای ئۆکرانیادا بێت.
 

لە کاتێکدا ئاستی بەرگری سوپای ڕووسیا بە ڕوونی باشتر بووە و ژەنەڕاڵەکانی ڕووسیا ژمارەیەکی زۆر سەربازییان ناردۆتە بەرەکانی شەڕ چونکە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا لەم دواییانەدا فەرمانێکی واژۆکردوە بۆ زیادکردنی ژمارەی سەربازەکان بە ڕێژەی نزیکەی ١٧٠ هەزار سەرباز بۆ کۆی گشتی یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار سەرباز. 
 

دەسەڵاتدارانی سەربازی ئینگلیز بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئۆکرانیا لە دوای لەشکرکێشییەکەی مانگی شوباتی ٢٠٢٢ەوە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار ڕووسی کوشتووە.  ئەلێکسی ئارێستۆڤیچ ڕاوێژکاری پێشووی سیاسی زێلێنسکی لەم دواییانەدا ئاشکرای کرد کە لە نێوان ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ هەزار سەربازی ئۆکرانیا کوژراون.

زێلێنسکی تادێت گۆشەگیرتر دەبێت. ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانی کیێڤ لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمدا ڕایگەیاندبوو، زێلێنسکی لەناو ئۆکرانیا پشتیوانی لەدەست داوە. ڕاپرسییە ناوخۆییەکانی ئۆکرانیا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕێژەی پشتگیرییەکانی زێلێنسکی بۆ لەسەدا ٣٢ دابەزیوە.  بەهۆی شکستی هێرشی بەهارو هاوینی ئۆکرانیا بۆ سەر ڕووسیا، قەیرانی حکومەتی زێلێنسکی و پشتیوانەکانی ئەمریکا-ناتۆی قووڵتر کردۆتەوە کە شەڕی بە وەکالەت لەگەڵ ڕووسیا پڕچەک دەکەن و ئاراستەی دەکەن.

زێلێنسکی داوای چەک و پارەی زیاتری کردووە. یەکێک لە ژەنەڕاڵەکانی بە ئەمریکای وتوە ئۆکرانیا پێویستی بە ٣٨٠ ملیار دۆلار و ١٧ ملیۆن گولـلـە تۆپە بۆ ئەوەی بتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. هەندێک دەڵێن ئەو گولـلـەییەی داوایانکردووە زیاترە لەوەی کە لە هەموو جیهاندا هەیە.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×