تورکیا، سوید، کوردو شەڕ لەئۆکرانیا!

توانا محەمەد نوری
  2023-07-11     351

یەکێک لە لێکەوتەکانی شەڕی دڕندانەی ئۆکرانیا چڕ بوونەوەی دەسەڵاتە لە دەست کۆنەپەرستترین و دیکتاتۆرترین دەسەڵاتدارانی ناوچەکە وەکو پوتین، زیلێنسکی، ئەردوغان، لوکەشینکۆی رووسیای سپی و مۆراویسکی پۆڵەندا.

جگە لە ژمارەی زۆری کوشتن و وێرانکاری و دەربەدری لە خودی ئۆکرانیا، شەڕەکە بە خێرایی بووە هۆی سەرکوتکردنی ئازادی قسەکردن لەناو ڕووسیا، دەستگیرکردنی هەزاران خۆپیشاندەری دژی شەڕەکە و سەرکوتکردنی دەنگی ڕەخنەگرانەی میدیاکانی ناو ڕووسیا.

لە ڕۆژئاوا، پرۆسەیەکی هاوتەریب وایکردووە ئینتەرنێت لە جاران زیاتر سانسۆر بکرێت، پلاتفۆرم و ڤیدیۆی ڕەخنەگرانە لەسەر ناتۆ لەسەر بنەمای بەرەنگاربوونەوەی "زانیاری ناڕاست" لە تۆڕەکە لابراون، لەکاتێکدا دژایەتی ناتۆ بە شێوەیەکی کاریگەر لەناو پارتی کرێکارانی بەریتانیا سەرکوتکراوە.

هەروەها شەڕەکە بەکاریش دەهێنرێ بۆ ئەوەی داخوازی کرێکاران و خەڵکی کەمداهات بۆ زیادکردنی هەقدەست کەمبکرێتەوە بە بیانووی ئەوەی شکستپێهێنانی ڕووسیا پیش ژیان و گوزەرانی خەڵکی ناوخۆ دێت.

لێکەوتەیەکی تری شەڕەکە بەردەوامبوون و فراوانکردنی فەزای میلیتاریزەکردنی ئەوروپایە، هەروەها موزایەدەی تورکیایە لەسەر پەیوەستبوونی سوید بە ناتۆوە.

سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەردۆغان، دژایەتی فراوانکردنی ناتۆ ناکات - تەنیا دەرفەتێک بۆن دەکات بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر سوید بۆ ئەوەی هاوکاری بکات لە سەرکوتکردنی کوردەکان.

وەسفکردنی هەندێ ئەندام پەرلەمانی سوید بە “تیرۆریست” ئاماژەیە بۆ سیاسەتمەدارانی بە ڕەچەڵەک کورد کە لەسەر کێشەی کورد قسەیان کردووە، وەک ئەمینەی کاکەباوە، پەرلەمانتاری پێشووی سوید. هەروەها ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە خۆپیشاندانەکان و وەسفکردنی بە "پشتیوانی لە تیرۆریستان"، واتە ئەو خۆپیشاندانانەی بۆ هاودەنگی لەگەڵ هێزەکانی ڕۆژئاڤا ئەنجام دەدرێ، ئەو هێزانەی ڕۆڵێکی سەرەکییان گێڕا لە شکستپێهێنانی دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریا.

ناتۆش فشاری خستۆتە سەر سوید بۆ ئەوەی چارەسەری "نیگەرانی" ئەردۆغان بکات. دیارە ئەندامێتی سوید تەنها بە میلیتاریزەکردنی ئەوروپا کۆتایی نایەت، بەڵکو هێرشکردنە سەر مافەکانی خەڵک و بێدەنگکردنی هاودەنگی لەگەڵ گەلانی ستەملێکراویش، وەکو فەڵەستین و کورد، دەگرێتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×