شەڕی ناوخۆی سۆدان: شەڕی دەسەڵات و کپکردنی ڕاپەڕینی ٢٠١٩!

توانا محەمەد نوری
  2023-04-29     386

شەڕی نێوان سوپای سۆدان و هێزی میلیشیایی RSF، شەڕی دوو هێزی سەربازییە بۆ گرتنی دەسەڵات و بێدەنگکردن و سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی ٢٠١٩ی خەڵکی سۆدان و لەلایەن زلهێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیشەوە پشتگیری دەکرێن. ڕاپەڕینی ٢٠١٩ بە ئەنجامی خۆی نەگەیشت، هەڵوێستی جیاوازی چینی دەسەڵاتدار بەرانبەر شۆڕشەکە، چینی دەسەڵاتداری توشی قەیران و لێکترازان کرد و یەکڕیزی خۆیان لەدەستدا. لایەنێکی دیکەی ئەم شەڕە هەوڵێکە بۆ ئەوەی چینی دەسەڵاتدار بگەنە یەکپارچەیی و یەکڕیزی.
 

شەڕەکە لە نێوان هێزی پشتیوانی خێرا (RSF) بە سەرۆکایەتی جەنەڕاڵ محەمەد حەمدان داگڵۆ (بەناوی "حەمیدێتی") و سوپای سودان بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح عەبدولڕەحمان ئەلبورهان - هەردوو لایەن پشتگیری بیانی خۆیانیان هەیە.

لە وتارێکدا بۆ گەلی سودان، حەمیدێتی بە ئاشکرا شانازی بەوە دەکرد کە خاوەنی کوشندەترین چەکە و دەشڵێ ئەو چەکی هەرزان ناکڕێت بەڵکو کوشندەترین چەک دەکڕێت.

ئەمە هەمان میلیشیای "جەنجاوید"ە کە لە ساڵی ٢٠٠٤ بە بڕیاری ژمارە ١٥٥٦ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تاوانی جێنۆساید لە دارفور تۆمەتبار کرا. هەمان ئەو میلیشیایە کە لە گردبوونەوەی ٣ی حوزەیرانی ٢٠١٩ لە بنکەی سەربازی خەرتوم تاوانێکی دیکەی ئەنجامدا، لەو ڕۆژەدا زیاد لە ١٠٠ کەسیان کوشت و ٣٠٠ی دیکەشیان بریندار کرد.

حەمیدێتی هاوپەیمانی ڕووسیایە. بانگهێشتی مۆسکۆ کرا و چاوی بە ڤلادیمێر پوتین کەوت. گرووپی ڤاگنەر کە ڕێکخراوێکی نیمچە سەربازیی ڕووسییە، پشتیوانی لە هێزی RSF دەکات و ڕاهێنان بە چەکدارەکانی دەکات.

عومەر بەشیر، سەرۆک کۆماری پێشوو کە لە ساڵی ٢٠١٩ لەسەر دەسەڵات لابرا، بۆ پشتیوانی لە شەڕی سعودیە لە دژی گەلی یەمەن، هێزەکانیRSFی ڕەوانەی یەمەن کرد. پێشێلکارییان لە لیبیا کردوە و هەروەها دژی پەنابەرانی ئێریتریا و ئەسیوپیاش. ئێستا لە سودان دەستیان کردووە بە تاڵانکردن و تیرۆرکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی.

لای خۆیەوە بورهان، سەرۆکی حکوومەتی سەربازی و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی ئیخوان موسلیمین لە سوپای سودان، بەردەوام سەرادنی میسر و ئیمارات و سعودیە دەکات.

لە ساڵی ٢٠١٩ کاتێک حوکمڕانی سەربازی بە سەرۆکایەتی بورهان وڵاتەکەی گرتە دەست، بورھان هێزەکانی RSFی بەکارهێنا بۆ سەرکوتکردنی توندوتیژانەی خۆپیشاندەرانی لایەنگری دیموکراسی، شانبەشانی "لیوای سێبەر"ی خۆی، گروپی چەکداری ئیسلامی.

لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ هەموو ھەوڵێک بۆ "گواستنەوە بۆ حوکمی مەدەنی" شکستی هێنا. بورهان حکومەتی ئینتقالی هەڵوەشاندەوە و سەرکردە مەدەنییەکانی دەستگیرکرد و خۆی لە دەسەڵات دانا و حەمیدێتی دەستی ڕاستی بوو، بەڵام ئێستا لە شەڕدان.

دوو کوتلە سەربازییە شەڕکەرەکە کێبڕکێ لەسەر ئەوە دەکەن کامیان دەسەڵات لە سودان بگرێتە دەست و دەست بەسەر سەرچاوەکانی داھاتی وڵاتدا بگرێت؛ ئەم شەڕە سەربازییە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ئابووری و دارایی خۆشیانە کە لە ماوەی ٣٠ ساڵدا لەلایەن ڕژێمی عومەر بەشیرەوە بنیات نراوە.

ئێستاش کۆمپانیا گەورەکان و بانکەکان و پارەی تاڵانکراوی بانک و دامودەزگاکانی سودان کۆنترۆڵ دەکەن.

هەڕەشەی گەڕانەوە بۆ حکومەتێکی مەدەنی کە دوای ڕاپەڕینی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ بوو، پێگەی کوتلە سەربازییەکانی بە توندی لاواز کرد؛ ئێستا هەوڵ دەدەن بە هەموو شێوەیەک کە لەبەردەستیاندایە ڕاپەڕینەکە لە ڕێڕەو دەربهێنن و کۆنترۆڵی خەڵک بکەن.

سودان وڵاتێکی گەورەیە. پێگەیەکی ستراتیژی هەیە. سۆدان زێڕ و کانزا و توانای کشتوکاڵی بەرفراوانی هەیە.

ئێستا شەڕەکە خەریکە دەگاتە ئاستێک کە ڕەنگە بە هیچ شێوەیەک تەسلیم بە یەکتر نەبن تا یەکێکیان دەست بەسەر ئەویتردا دەگرێت. شەڕەکە بۆتە هۆی دەربەدەری؛ هەزاران کەس ماڵەکانیان بەجێدەهێڵن و هەوڵدەدەن پەناگەیەکی ئارام بدۆزنەوە.

لە ژێر ناوی پارێزگاری لە شارەکان، بنکەی سەربازی لە شارەکان، لە خەرتوم، لە مەراوی، نزیک لە خەڵکی سڤیل دانراوە.

ئەو ڕێککەوتنەی لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لە نێوان هێزە سیاسییە مەدەنییەکان و سەربازیدا واژۆ کرا، تەنیا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی حەمیدێتی و سوپای بچووکی “رزگاریخواز” دەکرد. زۆر کەس و هێزی بەدەر کرد و داخوازییە سەرەکییەکانی شۆڕشی لەخۆ نەگرت و پشتگوێ خرا. هەر لەبەر ئەمەش بوو کە حوکمڕانی سەربازی نەیتوانی هیچ حکومەتێک دابمەزرێنێت.

ئەم شەڕە شەڕی خەڵکی سۆدان نییە. ئەم شەڕە لە لایەک شەڕی سەرچاوە و نفوز و دەسەڵات و بەرژەوەندییە تایبەتەکانە و لەلایەکی تریش شەڕە بۆ کپکردنی ڕاپەڕینی ٢٠١٩.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×