باسێک لەسەر قەیرانی تێچووی ژیان لە بەریتانیا

توانا محەمەد نوری
  2023-02-06     416

لەگەڵ دابەزینی حاڵەتەکانی کۆڤید، خەڵک بە خۆشییەوە چاوەڕوانی کۆتایی هێنان بە کابوسی پەتای کۆرۆنا بوون، بەڵام لەبری ڕزگاربوون، هەڕەشەیەکی نوێ سەریهەڵدا کە هەڕەشە لە نزمکردنی ئاستی ژیانی ملیۆنان کەس دەکات – ئەویش بەرزبوونەوەی خێرای نرخی کاڵا و وزە و سوتەمەنییە.   

خەڵکی بەریتانیا، دڵنیام شوێنی تریش، ڕووبەڕووی 'قەیرانێکی قوڵی تێچووی ژیان' بوونەتەوە. لە کاتێکدا دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر دەبن بەڵام ملیۆنان کەس هەژارتر دەبن. لە شانشینی یەكگرتوو (UK) لە ١،٢٥٠،٠٠٠ملیۆنێرەوە لەساڵی ٢٠١٢ بەرزبۆتەوە بۆ ٢ ملیۆن و نیو ملیۆنێر لە ٢٠٢٠.  ئێستا ١٧٧ ملیاردێر لە شانشینی یەکگرتوو ھەیە. لە %1 دەوڵەمەندەكان خاوەنی %21 سامانی گشتی وڵاتن. لە ٢٠١٢ دەوڵەمەندترین كەس لە UK خاوەنی ٦٩ ملیۆن دۆلار بووە بەڵام ئێستا دەوڵەمەندترین كەس خاوەنی ٢٨ ملیار دۆلارە.

لە مانگی کانونی یەکەمەوە پارەی وزە و سوتەمەنی زۆر سەرکەوتوە، نرخی گاز و نەوت بە ڕێژەی 54% بەرز بۆتەوە. بە تێکڕا، پێشبینی دەکرێت نرخی وزە بۆ نزیکەی 2000 پاوەند لە زستانی ٢٠٢٢/٢٣ سەرکەوێ.  لە ئەنجامدا، مەزەندە دەکرێ شەش ملیۆن خێزان تووشی 'هەژاری سووتەمەنی' ببن، یانی ناتوانن ماڵیان گەرم بکەنەوە.

هەڵاوسان (Inflation) لە مانگی کانوونی یەکەم لە بەریتانیا گەیشتە %9.2. لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر هەفتەیەکدا، دانانی خواردن لەسەر مێزی نانخواردن تادێت قورستر دەبێت. ڕێژەی هەڵاوسان فشارێکی زیاتر لەسەر ئاستی ژیان دروست دەکات.  لەگەڵ ئەمەشدا کرێی خانووبەرە بەردەوام بەرز دەبێتەوە. ساڵی ڕابردوو کرێی خانووبەرە لە کەرتی تایبەت بە خێراترین ڕێژەی بۆ ماوەی ١٣ ساڵ زیادی کردووە.  دەردەکەوێ لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢  و سەرەتای ٢٠٢٣ تێچووی ژیان زیاد بکات و مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر زۆرێک لە خێزانەکان دروست دەکات، ئەمەش وا دەکات کە پارەی کرێی خانوو بۆ ماڵە کەمداهاتەکان قورستر بێت.

بەرانبەر بەوانە کرێی هەقدەستی کرێکاران و فەرمانبەران دابەزیوە. چونکە ئەوە ١٢ ساڵە، دوای هاتنە سەردەسەڵاتی حیزبی موحافزین، حه‌قده‌ستى کرێکاران زیادییەکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە بەڵکو هەوڵیشدراوە لە ئاستی ساڵی ٢٠١٠ بهێلرێتەوە بە بیانوی کۆنترۆڵکردنی ‌خەرجیەکانی دەوڵەت، ئەمە وایکردوە لەو ماوەیەد کرێکاران گه‌وره‌ترین دابه‌زینى ئاستى ژیان به‌خۆیانەوە‌ ببینن.

لە ڕاپرسییەکی فەرمانگەی ئاماری نیشتمانی ((ONS، ٧٧%ی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی ١٦ ساڵەوەیە ڕایانگەیاندووە کە هەست بە "زۆر یان تا ڕادەیەک نیگەرانی دەکەن لە بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان". لەم بەشداربووانە، 50% وتوویانە "نزیکەی هەموو ڕۆژێک" نیگەرانن.

لە راپرسییەکی تری هەمان فەرمانگە دەرکەوتووە کە نزیکەی نۆ کەس لە هەر ١٠ کەس رایانگەیاندووە تێچووی ژیانیان زیادیکردووە، 52%ی ئەو گروپە رایانگەیاندووە کەمتر سووتەمەنی وەک غاز و کارەبا لە ماڵەوە بەکاردەهێنن، نزیکەی نیوەیان خەرجکردن بۆ خۆراک و گەشتە ناپێویستەکانیان کەمکردۆتەوە.

بۆ زیاتر لە سێ لەسەر چواری خەڵکی بەریتانیا نرخی خۆراک نیگەرانییەکی بەرچاوە لە سێ ساڵی داهاتوودا. ژمارەی بەکارهێنانی بانکی خۆراک لە نزیکەی یەک لە هەر 10 لە مانگی ئازاری 2021 بەرزبووەتەوە، بۆ نزیکەی یەک لە هەر شەش بەکارهێنەر. لە ئێستادا 2,572 بانکی خۆراک لە بەریتانیادا هەیە.  زیاتر لە یەک لە هەر پێنج کەس (22%) لەوانەی لە مانگی ئازاردا بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، ڕایانگەیاندووە کە ژەمێک کەمتر دەخۆن یاخود قەبارەی ژەمەکانیان کەمکردووەتەوە، چونکە توانای کڕینی خۆراکیان نییە.

لە وەڵامی بەرزبوونەوەی هەڵاوساندا، بانکی ئینگلتەرا ڕێژەی سوودی بەرزکردەوە و پێشبینیش دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا ڕێژەی سوود زیاتر بکات. لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەڵاوساندا، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ داهاتی خێزانەکان بە ڕێژەی 2% کەمبکاتەوە - ئەمەش گەورەترین کەمبوونەوەیە لەوەتەی تۆمارکردن لە ساڵی ١٩٩٠ دەستیپێکردووە.

هەروەها وەزیری دارایی حکومەتی موحافزین بەڵێنی دا ٢٠٠ پاوەند لە پارەی وزە کەم بکاتەوە لەگەڵ داشکاندنی باجی شارەوانی بە ١٥٠ پاوەندی دیکەی پێشکەش بەو کەسانە کرد کە کەم دەرامەتن. بەڵام ئەمە زۆر کەم یارمەتی ملیۆنەها خەڵک دەدات کە بە زەحمەت ژیان دەکەن. بە هیچ شێوەیەک نزیک نابێتەوە لەو زیانانەی لە ٢٠١٠ بە کرێکاران و خەڵکی کەمدەرامەتیان گەیاندووە.

دەرئەنجام

ژمارەیەک لە سەندیکا و گرووپی چالاکوانانی مەدەنی لە مانچستەر و لەندەن و شارە گەورەکانی دیکەش خۆپیشاندان و مانگرتن دەکەن وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر قەیرانی تێچووی ژیان. ڕێکخەران داخوازی جۆراوجۆریان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکە، لەوانە دابەزینی نرخی وزە و سووتەمەنی، کۆنترۆڵکردنی کرێی خانوو و زیادکردنی مووچە و هەقدەستی کرێکاران. چەندین سەندیکا مانیان گرتووە و هەندێکی دیکەش بەڕێوەن بەرەو مانگرتن وەک کرێکارانی هێڵی ئاسن، گواستنەوە، پارێزەران، پزیشک، مامۆستایان، پەرستاران، فەرمانبەرانی حکومی، ئەگەر سەندیکایەک تا ئیستا دەنگی بە مانگرتن نەدابێ، ئەگەری زۆرە بەم زوانە دەنگ بدەن. تاکە کەموکوڕی، نەبوونی حیزبێکی سیاسییە کە بتوانێت ناڕەزایەتی کرێکاران و خەڵکی کەمدەرامەت یەکبخات و بزووتنەوەیەکی بەهێز پەرەپێبدات و هەنگاو بەرەو ژیانێکی باشتر بنێن.   

لەبەر ئەوەی توانای سەرمایەداری بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکان بۆ خەڵکی ئاسایی کەمبۆتەوە و توانای ژیانکردنی خەڵکیش لەگەڵ سەرمایەداریدا کزبووە. بارودۆخەکان خەریکە دەگاتە قۆناغێکی هەستیار و گرنگ. بە گوتەی میدیاکان 'زستانی ناڕەزایەتی' بەڕێوەیە. بژاردەی بشێوی، مانگرتن و خۆپیشاندان جارێکی تر بۆتەوە بژاردەی کرێکاران و خەڵکی کەمدەرامەتی بەریتانیا. 

پێویستە ئەوە ڕوون بێت کە قەیرانی تێچووی ژیان بەرهەمی سەرمایەدارییە - سیستمێک کە تەنیا لەسەر بنەمای کەڵەکەبوونی سەرمایە و زیادکردنی قازانج دامەزراوە. تا ئەو کاتەی ئابووری بازاڕمان هەبێت، قەیران و هەڵاوسان، دووانەی دانەبڕاوی سیستمی سەرمایەداری، بەردەوام دەبێت لە کەمکردنەوەی زیاتری ئاستی ژیان.

وەک پەندە کۆنەکە دەڵێت: ناتوانیت پلانی ئەو شتە دابڕێژیت کە کۆنتڕۆڵی ناکەیت؛ کۆنتڕۆڵی ئەو شتانەش ناکەیت کە خاوەندارێتی ناکەیت.

سەرچاوەکان:

www.theguardian.com/business/2022/jun/10/rising-cost-of-living-a-worry-for-adults-in-great-britain-says-ons

https://www.statista.com/statistics/434012/population-of-dollar-millionaires-in-the-united-kingdom-uk/

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×