درێژەدان بە شەڕ لە ئۆکرانیا، برسێتی لەسەر ئاستی جیهان زیاد دەکات!

توانا محەمەد نوری
  2023-07-26     620

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی حوزەیران، ڕووسیا ڕایگەیاند: "ڕێکەوتنەکەی دەریای ڕەش چیتر کاری پێناکرێ." ڕێکەوتنەکە لە ٢٢ی تەمموزی ٢٠٢٢ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، دوای ئەوەی بەرپرسانی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ئەستانبوڵ بە ئامادەبوونی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا واژۆیان لەسەر کرد.

ڕێکەوتنەکە بە تایبەتی ڕێگە بە هەناردەکردنی خۆراک و پێداویستی بازرگانی (لەوانەش ئامۆنیا) دەدات لە سێ بەندەری سەرەکی ئۆکرانیا لە دەریای ڕەشەوە – ئۆدێسا، چۆرنۆمۆرسک، یوژنی/پیڤدێنی. سەنتەرێکیش بۆ هەماهەنگی هاوبەش (JCC) وە بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە دامەزراوە.

جێگەی سەرنج بوو کە لە شەڕێکی بەردەوامدا ڕێککەوتنێکی لەو جۆرە لە نێوان دوولای شەڕەکە هەبێت. هەروەها ڕووسیا و ئۆکرانیا بەرهەمهێنەری سەرەکی گەنم، جۆ، گەنمەشامی، زەیت، تۆوی گوڵەبەڕۆژە و زەیتی گوڵەبەڕۆژەن، هەروەها نایترۆجین و پۆتاسیک و فسفۆر کە لەسەدا ١٢ی بازرگانیکردن پێکدەهێنن.

پچڕانی دابینکردن ئەو بەرهەمانەی سەرەوەی ڕووسیا و ئۆکرانیا، کاریگەری کارەساتباری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە بازاڕەکانی جیهان و لەسەر برسێتیش دەبێت.

لەگەڵ زیادبوونی سزاکانی ڕۆژئاوا - بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ئەمریکا، بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا - دژی ڕووسیا، ئەگەری بەردەوامی ڕێکەوتنەکە بەرەو لاواز بوون دەڕۆشت.

 

ڕێککەوتنی دانەوێڵەی دەریای ڕەش بووە هۆی ئەوەی بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە ٧٢٥ هەزار تۆن گەنم لە ئۆکرانیا بنێرێت بۆ ئەو وڵاتانەی کە ڕووبەڕووی برسێتی توند بوونەتەوە، لەنێویاندا ئەسیوپیا، یەمەن و ئەفغانستان. زیاتر لە نیوەی کۆی دانەوێڵە بەپێی گرێبەستەکە ڕەوانە کرابوو، گەنمەشامی بوو.

ئەو وڵاتانەی زۆر پشت بە پێداویستییەکانی ئۆکرانیا دەبەستن، پێدەچێت زۆرترین کاریگەرییان لەسەر بێت. پێش شەڕ لوبنان نزیکەی سێ لەسەر چوار دانەوێڵەکەی لە ئۆکرانیاوە هەناردە دەکرد، لە کاتێکدا پاکستان و لیبیا و ئەسیوپیاش زۆر بە توندی وابەستەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بوون.

بەرزبوونەوەی نرخی دانەوێڵە کاریگەریشی لەسەر خۆراکی تریش دەبێت و نرخی گۆشت و پەلەوەر بەرز دەکەنەوە، چونکە زۆرجار دانەوێڵە وەک خۆراکی ئاژەڵ بەکاردەهێنرێت.

بەرزبوونەوەی خێرای نرخی خۆراکی سەرەتایی ئەوە دەردەخات کە شەڕی زلهێزەکان ژیانی ملیۆنەها کەس دەخاتە مەترسییەوە. سەرەڕای هەڕەشەی برسێتی جیهانی، شەڕی بە وەکالەتی نێوان ناتۆ و ڕووسیا لە ئۆکرانیا بەردەوامە.


ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ناوی "دۆخی ئاسایشی خۆراک لە جیهاندا ٢٠٢٣ (١٢ی تەمموزی ٢٠٢٣)، دەریخست لە هەر ١٠ کەسێک لە جیهاندا یەکێکیان لەگەڵ برسێتیدا دەجەنگێت و ٣.١ ملیار کەس توانای خۆراکی تەندروستیان نییە.

بەڵام خودی ڕاپۆرتەکە خاڵێکی سەرنجڕاکێش دەخاتە ڕوو: شەڕی ئۆکرانیا ٢٣ ملیۆن کەسی خستووەتە ناو برسێتییەوە.

قەبارەی قەیرانی برسێتی و بەدخۆراکی جیهانی ئێستا زۆر گەورەیە. بەرنامەی جیهانی خۆراک مەزەندە دەکات – لە ٧٩ لەو وڵاتانەی کاری تیادەکات (و لەو وڵاتانەی کە زانیارییەکان لەبەردەستدان) – زیاتر لە ٣٤٥ ملیۆن کەس لە میانەی ساڵی ٢٠٢٣ ڕووبەڕووی ئاستی بەرزی نائاسایشی خۆراک دەبنەوە.

 

بە دڵنیاییەوە، بەردەوامبوونی شەڕەکە و ڕاگرتنی ڕێکەوتنەکە کاریگەری لەسەر ملیۆنەها کەس لە سەرانسەری جیهان دەبێت کە لەگەڵ برسێتیدا دەجەنگن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×