گرانی خراپتر دەبێت؛ کاتی چارەسەری ڕیشەیی هاتووە!

توانا محەمەد نوری
  2023-05-08     274

بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک بە خێراترین شێوە بۆ ماوەی ٤٥ ساڵ بۆتە هۆی بارگرانییەكی نائاسایی بۆ ملیۆنەھا خێزان لە سەرانسەری بەریتانیا.

نان و دانەوێڵە بەڕێژەی ١٩.٤% بەرزبووەتەوە، هاوکات نرخی میوە و شوکولاتە و شیرینی و گۆشتیش بەرزبوونەوەی زۆری هەبووە.

ڕێژەی هەڵاوسانی بەریتانیا سێیەم بەرزترینە لە گروپی ٢٠ی ئابوورییە پێشەنگەکاندا، تەنها لە پێش ئەرجەنتین و تورکیاوەیە. لە مانگی ڕابردوودا هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ لەسەدا پێنج دابەزی لەکاتێکدا لە سەرانسەری یەکێتی ئەوروپا نرخەکان بە تێکڕا لەسەدا ٦.٩ بەرزبوونەتەوە.

سیاسەتی سكھەڵگوشین و كەمكردنەوەی خەرجیەكانی حكومەتی موحافزین لە ساڵی ٢٠١٠ەوە لە ئێستادا بۆتە هۆی برسێتییەکی بەرفراوان. پێش ٢٠١٠ كەم كەس ناوبانگی بانكی خۆراكی بیستبوو؛ ئەو كاتە تەنھا ٣٥ بانكی خۆراك ھەبوو بەڵام ئەو ژمارەیە بۆ ١٣٠٠ لە ساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٠ زیادیكرد؛ یانی بەڕێژەی زیاتر لە ٣٦٠٠ لەسەد بەرزبووەتەوە. لە كۆتایی ٢٠٢٢ ئەم ژمارەیە سەركەوتوە بۆ ٢٢٦٦ بانكی خۆراك.

بە درێژایی ژیانی حکومەتی موحافزین بە بەردەوام هەژاری منداڵ زیادیکردووە؛ لە ساڵی ٢٠١٨، ٨٠٠ هەزار منداڵ لە هەژاریدا گەورە بوون بە بەراورد بەو کاتەی هاوپەیمانی پارتی پارێزگاران-لیبراڵ دیموکرات لە ساڵی ٢٠١٠ دەستبەکاربوون.

لە ساڵی ٢٠١٠ یەك لەسەر پێنج منداڵ لە ھەژاریدا دەژیا تا ئەو کاتەی بۆریس جۆنسۆن بوو بە سەرۆک وەزیران ئەو ڕێژەیە بۆ یەک لە چوار بەرزبوویەوە.

ژمارەی ئەو منداڵانەی لە بەریتانیا لە هەژاری خۆراکدان لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە و گەیشتە نزیکەی ٤ ملیۆن کەس،

بیست و پێنج ساڵ لەمەوبەر، یەک لەسەر سێی منداڵان لە هەژاریدا دەژیان. ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ۲۰٠٥/٢٠٠٤ دابەزی بۆ ۲۸٪ و گەیشتە نزمترین ئاستی ۲۷٪ لە نێوان ١١/٢٠١٠ و١٤/٢٠١٣. لەدوای ئەم ماوەیە، هەژاری منداڵان بەرزبووەوە و لە ساڵی ۲۰۱۹-۲۰۲۰ گەیشتە ۳۱٪، پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ۲۷٪ لە ٢١/٢٠٢٠.

کەواتە ئەم قەیرانە ماوەیەکی زۆرە لە پەرەسەندندایە. ئەوە درۆیەكی شاخدارە کە دەڵێن زیادبوونی مووچە و ھەقدەستی كرێكاران و فەرمانبەران هەڵاوسان دەباتە سەرەوە.

نرخەکان لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەكان قۆرخکراوە و بەرز دەکرێنەوە. کۆمپانیای TESCO و Sainsbury’s و ASDA لە ساڵی ٢٠٢١دا قازانجەکانیان بە ڕێژەی لەسەدا ٩٧ زیادکردووە؛ هەشت کۆمپانیای سەرەکی بەرهەمهێنەری خۆراکی بەریتانیا قازانجی ٢٢.٩ ملیار پاوەندی بەدەستهێناوە.

لەسەدا ٦٠ی ئیسپانیا لە وشکەساڵیدایە؛ ئاوی ژێر زەوی لە هەندێ ناوچەدا بە تەواوی نەماوە و پێشبینی دەکرێت ببێتە هۆی لەکارکەوتنی بەرهەم لە سەرانسەری ٣.٥ ملیۆن هێکتار زەوی کشتوکاڵیدا. لە سەدا ٣٢ی سەوزەی بەریتانیا و لە سەدا ٢٠ی میوە لە ئیسپانیاوە دەھێنرێت.

جێرمی هەنت، وەزیری دارایی بەریتانیا دەڵێ هەڵاوسان تا کۆتایی ئەمساڵ بە شێوەیەکی بەرچاو خاو دەبێتەوە. بەڵام ئەگەر ڕاستیش بێت ئەوە تەنها مانای ئەوەیە نرخەکان بە هێواشی بەرز دەبنەوە، نەک ئەوەی کە دابەزن.

تا ئێستا هیچ لایەنێکی سیاسی بە ئەندازە و قەبارەی قەیرانەکە ھەڵوێستی نەبووە. جێریمی کۆربن، سەرۆكی پێشووی حیزبی كرێكارانی بەریتانیا، داوای دەستبەجێ کۆنترۆڵکردنی نرخەکان لەسەر کاڵا سەرەکییەکان كرد بەڵام داواكەی دەنگی لە هیچ شوێنێك نەدایەوە.

ئیتر كاتی ئەوە ھاتووە گرایشی سۆشیالیستی ڕادیکاڵی نێو بزوتنەوەی كرێكاری بەریتانیا ھەڵوێست و بەرنامەی خۆی بە ڕوون و ئاشكرا بەرانبەر گرانی تاقەتپروكێن و قەیرانی بەردەوامی سەرمایەداری و نابەرابەی و زۆڵمی چینایەتی و كاری كرێگرتە و خاوەندارێتی تایبەتی دەسگاكانی بەرھەمھێنان ڕابگەێنێ و كۆمەڵگە بەرەو ژیانێكی باشتر پێشڕەوی بكات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×