خۆپیشاندان، تاکە ڕێگای تێکۆشان بۆ گۆڕانکاری نییە!

توانا محەمەد نوری
  2023-11-01     152

جارێکی دیکە خۆپیشاندانە گەورەکان شەقامەکانی بەریتانیایان گرتۆتەوە بۆ بەرگریکردن لە فەلەستین، پێویستە ئەوە بزانین کە سەردەمی ئێمە سەردەمێکە سیاسەتی سەر شەقامەکان زیاتر و زیاتر گرنگە.

مافی خۆپیشاندان لە بەریتانیا بە سەختی و بە خوێن بەدەست هاتووە. پێویستی بە کۆمەڵکوژی بوو لە مانچستەر لە دووشەمە ١٦ی ئابی ١٨١٩.  لەو ڕۆژەدا سەربازانی ئەسپسوار کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازیان خەڵتانی خوێن کرد چونکە داوای مافی دەنگدانیان دەکرد.

مافێکە کە لە ماوەی دەیان ساڵ و بە تێپەڕبوونی سەدەکاندا پەرەی سەندووە. بێگومان کات هەبووە خۆپیشاندان قەدەغەکراون یان لەلایەن پۆلیسەوە هێرشی دڕندەیان کراوەتە سەر.

لە ساڵانی شەستەکانەوە ڕێپێوانە ناڕەزایەتییەکان بووەتە ڕێگەیەکی بەرچاو و گرنگ بۆ گرنگیدان بەو پرسانەی کە دەسەڵاتداران پشتگوێی دەخەن.

کەمپەینی داماڵینی چەکی ئەتۆمی (CND) لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا بناغەکەی دانا، زۆرجار سەدان هەزار کەسی دەهێنایە سەر شەقامەکان بۆ قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی. لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو جارێکی دیکە لەسەر مووشەکی کروز ئەو کارەیان کرد.

سی ئێن دی نەریتێکی بەهێزی خوڵقاند و بەرەوپێشیشی برد کە سیاسەتی دیموکراسی جەماوەری بریتی بوو لە چالاکبوون و ڕێکخراوبوونی خەڵک خۆیان، ئەمەش زۆر گرنگترە لە دەنگدانی هەر چەند ساڵ جارێک بە پەرلەمانتارێک.

٢٧ی ئۆکتۆبەر ٥٥ ساڵ تێپەڕی بەسەر ڕێپێوان دژی جەنگی ڤێتنام کە چووە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوەڕاستی لەندەن. ساڵی ١٩٦٨ ساڵی ڕاپەڕین بوو. دەسەڵاتدارانی بەریتانیا ڕێوشوێنی خۆپارێزییان لە دژی شۆڕش گرتبووە بەر.

ڕەنگە لە هەندێک حاڵەتدا خۆپیشاندەران لەو سەردەمەدا بەرپاکردنی شۆڕشیان لەبەرچاو بووبێت، بەڵام ئامانجی دەستبەجێی خۆپیشاندانەکە ڕاگرتنی شەڕ بوو. ئەو خۆپیشاندانە کە ١٠٠ هەزار کەس بەشداری تێدا کرد لە ڕووی مێژووییەوە گەورە بوو، بەڵام ناڕەزایەتی زۆر گەورەتری بەدوای خۆیدا هێنا.

ڕێپێوانی دژی شەڕی عێراق لە ١٥ی شوباتی ٢٠٠٣ کە زیاتر لە ملیۆنێک و نیو، هەندێک دەڵێن دوو ملیۆن، خەڵکی هێنایە سەر شەقامەکان، تا ئێستاش گەورەترین ڕێپێوانە لە مێژووی بەریتانیادا.

ئەو ڕێپێوانە سەردەمێکی تری هێنایە ئاراوە بەو پەیامەی کە سیاسەت ئەوەندەی بۆ شەقامەکانە، ئەوەندەش بۆ پەرلەمانە. ئەم پەیامە گەیشتە ژمارەیەکی زۆر فراوانتری خەڵک.

بەڵام لە ئێستادا وەزیری ناوخۆ و حکومەتی موحافزین دەیانەوێت هەموو ناڕەزایەتییەکان قەدەغە بکەن.

کییر ستارمەر سەرۆکی پارتی کرێکاران بەریتانیا، سەرەڕای ئەوەی پێشتر پارێزەری مافی مرۆڤ بووە، زۆرجار وا دەردەکەوێ زۆر لە وەزیری ناخۆوە دوور نەبێت.

دوو خاڵی فراوانتر هەیە کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت.
یەکەم: ڕێپێوان تاکە ڕێگای تێکۆشان نییە بۆ بەدەستهێنانی گۆڕانکاری.
دووەم: دەبێت ئەوەمان لەبیربێت کە سەردەمی سیاسەتی جەماوەری خەریکە زیندوو دەبێتەوە. ئەگەرچی سیاسەت لەلایەن میدیا و سیاسەتمەدارانەوە ئاڕاستە دەکرێت بەڵام پاڵنەریش بۆ جێبەجێکردنی گۆڕانکاری لە خوارەوە گەشە دەکات.

بە دڵنیاییەوە ئەو پاڵنەرە بوو ئەو کەسانەی کە لە دووشەممەی مانگی ئابی ساڵی ١٨١٩دا ڕێگەی خۆپیشاندانیان گرتەبەر. مێژووش پێشنیاری ئەوە دەکات کە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی دەستەجەمعی و دەنگ هەڵبڕین دەتوانێت گۆڕانکاری دروستبکات بەڵام تەنها ڕێگای تێکۆشان نییە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×