ئیسرائیل چەکی لە کوێوە بۆ دێت؟

توانا محەمەد نوری
  2024-04-04     123

ئیسرائیل خۆی هەندێک چەک دروست دەکات، وەک تانکی مێرکاڤا بەڵام بۆ زۆرینەی چەک و تەقەمەنی پشت بە ئەمریکا و ئەوروپا دەبەستێت.

لە سەرەتای شەڕی غەززە تا ئێستا زیاتر لە ٩ هەزار ژنی فەلەستینی کوژراون. ژنان گەورەترین پشکی کوشتنەکانی ئیسرائیل بوون و لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە بە تێکڕا ڕۆژانە ٣٧ دایک کوژراون.

ئەو ژمارانەی سەرەوە، لە وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە غەززە و مانگی سوورەوە وەرگیراوە و ئەمە بەشێک لەو ئازارانە ڕادەگەیەنن کە دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار فەلەستینی لە غەززە تووشی بوون.

لە کۆمەڵگای فەڵەستیندا یەک توێژ نییە کە باجی قورسی شەڕەکەی نەدابێت، هەرچەندە ژنان و منداڵان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و زیاتر لە ٧٠%ی هەموو قوربانیانی کۆمەڵکوژی بەردەوامی ئیسرائیل پێکدەهێنن.

ڕاستە ژنان و منداڵانی فەلەستینی بە دەستی سەربازانی ئیسرائیل دەکوژرێن، بەڵام بە چەکی ئەمریکا و ڕۆژئاوا دەکوژرێن.

هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر لە هاوپەیمانە نەریتییەکانی ئیسرائیل لە ڕۆژئاوا بە ئاشکرا ئینکاری ڕەفتارەکانی ئیسرائیل لە غەززە دەکەن، بەڵام چەک و تەقەمەنی وڵاتانی جۆراوجۆری ڕۆژئاوایی و غەیرە ڕۆژئاوایی بەردەوام دەڕژێتە ناو ئیسرائیل و ئەمەش خۆراک دەدات بە ئامێری جەنگی ئیسرائیلی کە بەردەوام بێت لە دروێنەکردنی ژیانی خەڵکی فەلەستین.

ئەمەش پرسیارێک دەهێنێتە ئاراوە: ئایا ئیسرائیل، وەکو ڕۆژئاوا ئیدیعای دەکات، بەڕاستی بە تەنیا ماوەتەوە لە کاتێکدا فڕۆکەخانە و بەندەرەکانی لە جاران زیاتر سەرقاڵی وەرگرتنی باری گەورەی چەکن کە لە هەموو ئاراستەکانەوە دێن؟

نزیکەی هەر جارێک وڵاتێکی ڕۆژئاوایی لەژێر فشاری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵک ڕایدەگەیەنێت کە هەناردەکردنی چەکی بۆ ئیسرائیل ڕاگرتووە، دوای ماوەیەکی کەم مانشێتی هەواڵێک دەردەکەوێت کە ئاماژە بە پێچەوانەکەی دەکات.

ساڵی ڕابردوو ڕۆما ڕایگەیاند کە ڕێگری لە فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل دەکات. بەڵام، لە 14ی ئازاردا، وەزیری بەرگری ئیتاڵیا ڕایگەیاند کە ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل بەردەوامە، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو لۆژیکە لاوازە کە دەبێت ڕێز لە گرێبەستە واژۆکراوەکان بگرن.

وڵاتێکی دیکە کە "ڕێز لە بەڵێنەکانی پێشووی دەگرێت" کەنەدایە کە لە ١٩ی ئایاری پارساڵ، دوای پێشنیارێکی پەرلەمان، ڕایگەیاند کە هەناردەکردنی چەکی ڕاگرتووە بەڵام دوای ڕۆژێک ئۆتاوا بە کردەوە بڕیارەکەی پێچەوانە کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەویش ڕێز لە گرێبەستەکانی پێشووی دەگرێت.

ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی کە بەردەوامن لە دەرکردنی ئامۆژگاری سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و ژنان و دیموکراسی بەسەر باقی جیهاندا، لەواقیعدا هیچ ڕێزێکی ڕاستەقینەیان بۆ هیچ کام لەم بەهایانە نییە.

کەنەدا و ئیتالیا گەورەترین لایەنگری سەربازی ئیسرائیل نین بەڵکو ئەمریکا و ئەڵمانیان.

بەپێی ئاماری دامەزراوەی نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی، لە ماوەی دەیەی نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠٢٢، ئیسرائیل لەسەدا ٦٨ی چەکی لە ئەمریکا و لەسەدا ٢٨ی لە ئەڵمانیا وەرگرتووە.

بەڵام پاڵپشتی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل زۆر لەوە زیاترە، هەرچەندە بایدن پەیام بەبۆنەی بەرزبوونەوەی تای هەڵبژاردن دەنێرێت کە گوایە دەیەوێت شەڕەکە بوەستێت و هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ فشارخستنە سەر ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.

دەیان ساڵە پاڵپشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لە هەموو شوێنێکی جیهان بەرزترین ئاستە. لە ساڵی ٢٠١٦ ئەم پشتگیرییە بێ مەرجە لە سەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد و گەیشتە ٣.٨ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا. بەڵام ڕاستەوخۆ دوای ٧ی ئۆکتۆبەر، ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل گەیشتە ئاستێکی بێ وێنە. لەوانە بۆمبێکی 2000 پاوند کە بە تەقەمەنی MK-84 ناسراوە. ئیسرائیل ئەم بۆمبەی بەکارهێناوە بۆ کوشتنی سەدان فەلەستینی بێتاوان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×