سیـلڤـیـۆ بـێـرلـۆسـکـۆنـی كـێ بـوو؟

توانا محەمەد نوری
  2023-06-16     265

سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیتاڵیا لە ١٢ی حوزەیران كۆچی دوایی كرد، ژیانی بە سکانداڵی دارایی و داڕشتنی پلاتفۆرمی ڕاستڕەو و سیاسەتی نیولیبراڵی دژە کرێکاری بەڕێوەچوو.

سیلڤیۆ بێرلۆسکۆنی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیتاڵیا و ملیاردێر و سیاسەتمەداری ڕاستڕەو، لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا لە میلان کۆچی دوایی کرد.

ژیانی سەرۆکی پارتی فۆرزا ئیتالیا پڕ بوو لە سکانداڵ و لێپێچینەوەی دارایی؛ لە نێوان ساڵی ١٩٩٤ و ٢٠١١، چوار جار سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بوو.

بە یەکەم پۆپۆلیستی ڕاستەقینەی ئیتالیا دادەنرێت، لەو ماوەیەی كە سەرۆكوەزیران بوو کاریگەری زۆر بوو لەسەر داڕشتنی گوتاری نەتەوەیی توندڕەو، چ لە ڕێگەی ئەو ڕۆڵەی کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لەسەر كەناڵە تەلەفزیۆنەكەی بینیبووی، چ دواتر لە ڕەوتی سەرەکیی ڕاستڕەوی توندڕەودا لە پانتایی سیاسیدا.

بێرلۆسکۆنی سەرەتا لە ڕێگەی خانووبەرە و بیناسازییەوە لە ساڵانی شەست و حەفتاکاندا سامانی خۆی کەڵەکە کرد، بەشێکی نوێی میلانی دروستکرد لە سەردەمێکدا کە خەڵکی ناوچەکانی دیکەی وڵات بە دوای کاردا ڕوویان لە شارەکە دەکرد.

پاشان کۆمپانیایەکی تەلەفزیۆنی کەیبڵی بە ناوی TeleMilano دامەزراند و دواییتر ناوەكەی گۆڕی بۆ Canale 5  کە یەکەم کەناڵی تەلەفزیۆنی تایبەتی ئیتاڵیا بوو.

تا ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، هێرشەکانی بۆ سەر میدیای گشتی پەرپێدا، تۆڕە تەلەفزیۆنییەکەی، میدیاسێت، کێبڕکێی لەگەڵ پەخشی دەوڵەتی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن ئیتالیا RAI دەکرد.

هەروەها تیپی تۆپی پێی ئەیسی میلانی كڕی، بەتایبەتی ناوی پارتەکەی بە ناوی ئەو دروشمەی کە هاندەران لە کاتی یارییەکاندا بەرزیان دەکردەوە - فۆرزا ئیتاڵیا یانی بۆپێشەوە ئیتاڵیا.

بێرلۆسکۆنی لە ساڵی ١٩٩٤، دوای ڕووخاندنی شورەوی و هەڵوەشاندنەوەی پارتی کۆمۆنیستی ئیتالیا، تێکەڵاوی سیاسەت بوو. ئاماژەش بوو بۆ کۆتایی هاتنی “کۆماری یەکەم” و لەگەڵیشیا پارتە سیاسییە گەورەکانی قۆناغی دوای جەنگی دووەم.

لەو کاتەدا بوو باسی کۆماری دووەم و پێویستی نوێکردنەوەی سیاسەت دەکرا. ڕووكەش گرنگتر بوو لە ناوەرۆک ئەمەش ڕەنگیدایەوە لەو بەرنامە تەلەفزیۆنییانەی لە کەناڵە تایبەتییەکەیەوە پەخش دەكرا و لێرەشەوە بێرلۆسكۆنیی بە ئیتاڵیا ناسان.

سیاسەتی نوێبونەوەی ئیتالیای بێرلۆسکۆنی دوو پایەی هەبوو؛ یەکێکیان پشتی بە پڕوپاگەندەی قورسی دژە کۆمۆنیست و دژە چەپ بەستبوو. دووەمیشیان پەیوەندی پتەوی لەگەڵ ڕێکخراوە تاوانکارییەکان، بەتایبەتی مافیای سیسیلیا و گروپەکانی دیکە لە باقی ئیتاڵیا بوو.

ئەم ڕێکخراوە تاوانکارییانە کارگەی گەورەیان هەبوو کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە لایەن بێرلۆسکۆنیەوە دارایی دەکران. بەگشتی ئەگەر ئەم ڕێکخراوانە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا پشتگیریان بکردایە، کاتێک باس لە خەرجییە گشتیەکان دەکرا بۆ بیناسازی، بۆ نموونە، پارەکە دەچوو بۆ ئەو کۆمپانیایانە کە پەیوەندییان بەو ڕێکخراوانەوە هەبوو، یان خەڵکی سەربەخۆیان دەخزانە ناو دامەزراوە گشتی یان سیاسییەکان.

بێرلۆسکۆنی پرۆسەی یەکگرتوویی نێوان ڕێکخراوە تاوانکارەکان و پارتە سیاسییە بۆرژوازییەکانی خێراتر کرد. هاوتەریب لەگەڵ ئەم پەیوەندییەی نێوان بازرگانی و دەسەڵاتی دەوڵەتدا، سیاسەتی دژە چینی کرێکاری بێرلۆسکۆنی بوو.

لە ساڵی ٢٠٠٢دا حکومەتەکەی بێرلۆسکۆنی ویستی یاسای کار بە تایبەتیش بڕگەی ١٨ بگۆڕێ. ئەم بڕگەیە سەرکەوتنێکی مەزن بوو لە خەباتی کرێکارانی ساڵانی حەفتاکان، کە فەرمانی بە کۆمپانیاکان دەكرد بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کرێکارانە کە بەبێ "هۆکاری دادپەروەر" لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە.

بێرلۆسکۆنی مەبەستی بوو یەكریزی چینی كرێكاری ئیتاڵیا تێكبدات و پارچە پارچەیان بكات، بە گۆڕانکاری لەو یاسایەدا زەمینەی خۆشکرد بۆ هەمەچەشنکردنی گرێبەستی کار و هەمەچەشنکردنی پاراستنەکان بۆ کرێکاران دواتر وەک سیاسەتمەدارێکی بۆرژوازی کلاسیک، باجی بۆ کۆمپانیاکان هەڵوەشاندەوە.

لە هەمان کاتدا هاوپەیمانی لەگەڵ ڕاستڕەوە توندڕەوەکانیش پێکهێنا، لەوانەش جێنشینەکانی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی فاشیستی ئیتالیا (MSI) وەک ئەلیانزا نازیۆنال (AN) پارتی برایانی ئیتاڵیا (FdI) ی مێلۆنی (سەرۆك وەزیرانی ئێستای ێیتاڵیا) كە هێماكەی لە AN وەرگرتووە.

کاتێک لە ساڵی ٢٠٠١ لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی دەرەوەی پەرلەمان و دەرەوەی دامەزراوەییەکان ڕژانە سەر شەقامەکان و ڕایانگەیاند کە دواجار دەتوانن بەشێک بن لە ژیانی کۆمەڵایەتی ئیتاڵیا. بێرلۆسکۆنی فەزای بۆ ئەم هێزانە کردەوە، ئەوانیش لە بەرامبەردا بەردەوام بوون لە پشتگیریکردنی.

بەڵام لە کۆتاییدا بێرلۆسکۆنی لەسەر قەیرانی قەرزەکان لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١١دا ناچار بوو دەست لەکاربکێشێتەوە.

بێرلۆسكۆنی زەمێنەی بۆ هاتنە سەر دەسەڵاتی ئێستای ڕاستڕەوێکی توندڕەو خوڵقاند.

لەم نێوەندەدا، سیاسەتی Fdl فاشیستی مێلۆنی و هاوبەشەکەی لە هاوپەیمانی دژە کۆچبەری Leg، لە بەرامبەردا وایکرد بێرلۆسکۆنی باسی "میانڕەو" و "ناوەندگەرایی" فۆرزا ئیتالیا بکات وەک ئەندامێکی هاوپەیمانی سێ قۆڵی حكومەتی ئێستای ئیتاڵیا.

هەرچەندە هەندێک جیاوازی لەناو هاوپەیمانی دەسەڵاتداردا هەیە و لە هەمووی گرنگتر دژایەتی بێرلۆسکۆنی بۆ فرۆشتنی چەک بە ئۆکرانیا چونكە هاوڕێیەتی نزیکی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا هەیە.

بەڵام لە کۆتاییدا بەرژەوەندییە ئابووری و داراییەکان زۆر گرنگتر بوون. کاتێک پەرلەمان دەنگی دەدا بە ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا، فۆرزا ئیتالیا پاڵپشتی ئەو هەنگاوەی کرد.

لە ڕووی ئابووری ئیتاڵیاشەوە، بەڕاستی لەگەڵ هاوپەیمانی (مێلۆنی) بوو. بێرلۆسكۆنی نوێنەرایەتی پیشەسازییە گەورەکان و چینی سەرمایەداری گەورەی دەکرد، بەڵام هەوڵیدا، بە جۆرێک، هاوسەنگی لەوەدا دروست بکات بە پێدانی شتێک بە سەرمایەدارە بچووکەکان لە بنکە ئابوورییە زۆر سنووردارەکەی ئیتالیادا.

لەم نێوەندەدا، ئێستا دەبێ چەپ و کرێکارانی ئیتالیا لەگەڵ میراتی سیاسەت و سیاسەتە ئابوورییەکانی بێرلۆسکۆنیدا ململانێ بکەن.

هەقدەستی ڕاستەقینە لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا وەستاوە، تەنانەت دابەزیوە، ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ملیۆنان کەس ناچاربوون پشت بە تۆڕەکانی دابەشکردنی خۆڕایی خۆراک ببەستن.

حکومەتی ئیتاڵیا قسە لەسەر ئەم پرسانە ناکات، لەبری ئەوە باسی کۆچبەران دەكات و گوایە كۆچبەران جێگە بە ئیتاڵییەکان لێژ دەكەن و خۆیان جێگایان دەگرنەوە و پێست سپیەكان باڵادەستی لەدەست دەدەن، ئەمە درێژەپێدەری ئەو جۆرە گوتار و سیاسەتەیە کە لە سەردەمی بێرلۆسکۆنیدا گەشەی کرد.

ئەو پرسیارانەی کە دێتە ئاراوە ئەمانەن: بزوتنەوەی چینی کرێکار چی بکات؟ كۆمۆنیستەكانی ئیتاڵیا چی بكەن؟ پێموایە ئەرکی سەرەكی و دەستبەجێی كۆمۆنیستەكانی ئیتاڵیا ئەوەیە حیزبی ماركسیست و ڕادیكاڵی خۆیان دروستبكەن و گفتوگۆ لەسەر پرسە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان پەڕەپێبدەن و سیاسەتێک بگرنە بەر بۆ پارێزگاری لە سەربەخۆیی چینی کرێکار و ڕێوشوێنی گرنگ هەڵبگرن بۆ ڕێگریكردن لە پارچەكردنی كرێكاران بەرەو دەسەڵات گرتن و ژیانێکی باشتر.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×