شەڕی ئۆکرانیا، زیادبوونی خەرجییە سەربازییەکان و میلیتاریزەکردنی ئەوروپا

توانا محەمەد نوری
  2024-02-24     150

لە چاوپێکەوتنەکەی ڤلادیمێر پوتن لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، پوتن خاڵێکی گرنگی ئاشکراکرد سەبارەت بە هۆکاری سەرەکی سەردانی کتوپڕی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆریس جۆنسن لە کۆتایی مانگی سێی ٢٠٢٢ بۆ ئۆکرانیا.

پوتن پشتڕاستی کردەوە کە پێش سەردانەکەی جۆنسۆن، ڕێککەوتنێک کە لەلایەن نوێنەرانی هەردوو وڵاتی ئۆکرانیا و ڕووسیا پەسەند کرابوو وە لەلایەن فەرەنسا و ئەڵمانیاشەوە واژۆ کرابوو.

دەستێوەردان و بەڵێنی جۆنسۆن بووە هۆی ئەوەی ڤلادیمێر زێلێنسکی لە ڕێککەوتنەکە پاشگەز ببێتەوە. دیارە جۆنسۆن ئەو هەنگاوەی بەبی ڕەزامەندی حکومەتی ئەمریکا نەناوە.

بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، تا مانگی نیسانی ٢٠٢٢ کەمێک زیاتر لە هەزار هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدابوو، لەو کاتەوە ١٠ هێندەی ئەو ژمارەیە کوژراون و پێدەچێت هەمان ڕێژە بۆ ئاستی زۆر بەرزتری قوربانییە سەربازییەکان بێت.

بەڵام لەوەش نیگەرانکەرتر پرۆسەی میلیتاریزەکردنی ناوچەکەیە. یەکێتی ئەوروپا هێزەکانی خۆی لەگەڵ ناتۆ یەکخستووە و ناتۆش فراوانتر بووە. فینلاند لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢ پەیوەندی کرد و درێژی سنووری ناتۆی لەگەڵ ڕووسیا دوو هێندە کرد. سوید لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢ داواکاری پێشکەش کرد، هەرچەندە تا ئێستاش داواکارییەکەی لەلایەن هەنگاریا بلۆک کراوە. بودجەی سەربازی ناتۆ بە ڕێژەی لەسەدا ٢٣ زیادی کراوە.

 

خەرجییە سەربازییەکانی ڕووسیا لە ساڵی ٢٠٢٤ بە ڕێژەی ٣٠٪ زیاد دەکات و دەگاتە ٣٧٦.٧ ملیار یۆرۆ.

حکومەتی ئەڵمانیا هەفتەی ڕابووردو پڕۆژە بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ی پەسەند کرد کە پێشبینی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان دەکات بەڵام پێشبینی دەکرێت خەرجییە سەربازییەکانی ئەڵمانیا بە ڕێژەی ١.٧ ملیار یۆرۆ بەرزببێتەوە بۆ نزیکەی ٥١.٨ ملیار یۆرۆ.

حکومەتی ماکرۆن ١.٥ ملیار یۆرۆی بۆ بودجەی بەرگری ساڵی ٢٠٢٣ زیادکرد کە لە ٤٣.٩ ملیار یۆرۆوە گەیشتە ٤٥.٤ ملیار یۆرۆ. دواتر بودجەی ساڵانە ساڵ بە ساڵ بە لایەنی کەمەوە ٣ ملیار یۆرۆ زیاد دەکات تا ساڵی ٢٠٣٠.

حکومەتی ئیتاڵیا لە ساڵی ٢٠٢٢ بڕی ٧.٨٩ ملیار یۆرۆی بۆ خەرجییە سەربازییەکان تەرخان کرد، ئەمەش زیادترە لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ کە ٦.٧٦ ملیار یۆرۆ بوو، وە لە ساڵی ٢٠٢٠ کە ٥.٤٥ ملیار یۆرۆ بوو.

 
وەزیری بەرگری پێشووی بەریتانیا لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ بەڵێنی حکومەتی ڕاگەیاند کە خەرجییە سەربازییەکان دوو هێندە بکات بۆ ١٠٠ ملیار پاوەند تا ساڵی ٢٠٣٠.

دواتر لە بودجەی مانگی ئایاری ٢٠٢٣، وەزیری دارایی ١١ ملیار پاوەندی زیادتری خستە سەر خەرجییە سەربازییەکان. پارەی زیاتریش بۆ بودجەی داهاتوو پێشنیار کرا  گوایە "بۆ بەهێزکردنی بەرگرییەکانی بەریتانیا لە دەریای سوور".  بەریتانیا لە دوای ئەمریکا به دووهەم گەورەترین بەشداری ناتۆ ماوەتەوه.

بەڵام کە دێتە سەر خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بەریتانیا توانای دابینکردنی ژێرخانی بنەڕەتی پێویست بۆ ئاوی پاک، گواستنەوەی شەمەندەفەر، خزمەتگوزاری تەندروستیی بەردەوام و خوێندنی کاریگەر نییە.

بەرزبوونەوەی کرێی خانووبەرە، کرێچییە بەتەمەنەکان دەخاتە ناو هەژارییەوە و زۆربەی شارەوانی شارەکان لە سەرانسەری بەریتانیا خولێکی دیکەی کەمکردنی یارمەتی کرێی خانووبەرەی ڕاگەیاندووە.

پێویستە ئەوە ڕوون بێت کە زیادبوونی خەرجییە سەربازییەکان هەمیشە لەسەر حیسابی کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بووە و خەرجییە سەربازییەکان هەلی کار دروست ناکات بەڵکو لەناوی دەبات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×