کەی خۆر دەمرێت؟

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2023-08-10     453

سەرەتا:

ئالەم گەرما پڕوکێنەی مانگی ئابی کوردستاندا، لەوانەیە هەندێک کەس هەبن بڵین: ئەم خۆرە کەی تەواو دەبێت و ڕزگارمان بێت لەم گەرمایە؟ دڵنیام مەبەستی گەرماکەیە نەک ئەستێرەی خۆر!  لەوانەشە پرسیاری منداڵەکەت بێت کاتێک باسی خۆر دەبیستێت و بەخەیاڵیدا بێت ئایا خۆر تەواو دەبێت؟ یان پرسیاری هەر کەسێکی ئاسایی بێت، کە زانیارییەکانی زۆر ورد نەبێت سەبارەت بەم گەردوونە! ناهەقیشیان نییە و دروست وایە، خەڵک لەم سەرقاڵییەی ژیاندا چییان داوە بەسەر خۆر لەو ئاسمانەدا، خۆ ئەو ڕووناکییەکەی خۆیمان هەر بۆ دەنێرێت و هیچ جیاوازییەک لە نێوان هەژار و دەوڵەمەند  و بەرپرس و کارگوزارێک ناکات! هەرچەندە بەبڕوای من خەڵکانی ئێمە باش دەزانن، کە خۆر لەپێناو مرۆڤدا دروستکراوە و وەک هەر بارستەیەکی تری ئەم گەردوونە لە خزمەت مرۆڤەکاندایە، جا ئایا مرۆڤ ڕێز لەم گەردوون و خۆر و زەوییە دەگرێت؟

کەواتە با لە کرۆکی بابەتەکە دوورنەکەوینەوە و بزانین ئەم خۆرە تەنیا و تاقانە و پڕ وزەیەی کۆمەڵەی خۆر چەندی ماوە لە ژیاندا؟ ئایا دەکرێت پاش چەند ساڵێکی تر تیشکی خۆر نەمێنێت و وردە وردە بمرێت و لەناوبچێت؟ چونکە دەزانین وەک فاکتێکی لێهاتووە، ئەوەی لەدایک دەبێت دەمرێت، ئیتر پاش چەند خولەکێک بێت، یان پاش( 100 )ساڵ بێت، یان پاش (1) بلیۆن ساڵ بێت(1  بلیۆن = 1000ملیۆن). مردنی خۆر واتای لەناوچوونی زیندەوەران  بە مرۆڤیشەوە، یان ئەوەیە مرۆڤ پێش ئەوکاتە بتوانێت شوێنێکی تر لەگەردووندا بدۆزێتەوە، کە گونجاو بێت بۆ ژیان کردن! جا ئایا دەیدۆزێتەوە؟

 

گرنگی خۆر:

بێگومان بە بێ خۆر ژیان هەرگیز نەدەڕەخسا لە سەر زەوی و شیاو نەدەبوو، کە زیندەوەران دەربکەون و لەناویاندا ئادەمیزادەکان و ئاوا بەئاسانی بژین. خۆر وزە دەدات بە زەوی لە ڕێگەی ناردنی تیشکی خۆرەوە، کە پاش نزیکەی (8)خولەک دەگاتە سەر زەوی، چونکە خۆر نزیکەی (150)ملیۆن کیلۆمەتر لە هەسارەی زەوییەوە دوورە. ( ئێستا هیوادارم بزانیت بۆچی بە نزیکەی( 8) خولەک تیشکی خۆر، یان هەتاو دەگاتە سەر زەوی!). ئەو زانیارییانەی، کە دەزگا نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی ناسا،  دەستیان کەوتووە ئەوە پیشان دەدات، خۆر لە هەر چرکەیەکدا نزیکەی (600 ) ملیۆن تۆن لە گازی هایدرۆجین دەسووتێنێت بۆ بەرهەمهێنانی(596 ) تۆن لە گازی هیلیۆم. هەرچی ئەو (4)ملیۆن تۆنەی تر دەگۆڕێت بۆ وزە و وا دەکات خۆر هەمیشە ڕووناک بێت و بدرەوشێتەوە.

 

زانیاری سەبارەت بە خۆر:

نیوەتیرەی خۆر بەنزیکی یەکسانە بە (696340) کم و بارستاییەکەشی نزیکە لە ( 1.989 x 10^30)کیلۆگرام و پلەی گەرمی سەر ڕووی خۆر دەگاتە ( 5772 ) پلەی کەڵڤن و هێزی کێشکردنی خۆر دەگاتە(274) مەتر بۆ هەر چرکەیەک دووجا.

بارستای خۆر نزیکەی (  333000) جار هێندەی بارستای زەوی دەبێت، لەبەر ئەوەش کە هێندە گەورەیە دەتوانێت ڕووناکی بەرهەم بێنێت و بەمەش جیادەکرێتەوە لە هەسارەکان. تەمەنی خۆر (4.5) بلیۆن ساڵە،  کە تەمەنی کۆمەڵەی خۆرە و تەنیا ئەستێرەیە لە ناو کۆمەڵەی خۆردا.

لەڕووی پێکهاتەشەوە، خۆر بارستەیەکی گڕگرتووە لە گازەکان و بەتایبەتی گازی هایدرۆجین (70%) و هیلیۆم ( 28%) ، کاربۆن ونایترۆجین و ئۆکسجینیش تەنیا ( 1.5% )  و  (   0.5% ) توخمەکانی تری وەک نیۆن و مەگنیسیۆم و ئاسن و سلیکۆن و گۆگرد پێکی دەهێنن.

 

لەدایک بوون و مردنی خۆر:

زانیارییەکان سەبارەت بە ئەستێرەی خۆر لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە و وردبینی لە  توخمە تیشکنەکانی زەوی و  مانگ وئەو بەردە ئەستێرانەی دەگەنە سەر زەوی و هەروەها توێژینەوە کانی بواری فیزیای گەردوون و ئەستێرەکان دەستکەوتووە.

لەدایکبوونی پێش (4.6 ) بلیۆن ساڵ لە ئێستا لەئەنجامی  کۆبوونەوە و چڕ بوونەوەی تەمگەلێکی تۆز و گازی گەردوونی  دروستبووە.. کاتێک ئەم تەمگەلە لە ژێر فشاری هێزی کێشکردن دادەڕمێت و بارستەیەکی شێوە خەپلەیی پێک دێنێت، کە دەبێتە ئەو خۆرەی  ئێستا ئێمە ڕۆژانە دەیبینین.

سەبارەت بەو ماوەی  تەمەنەی، کە خۆر ماویەتی، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە،کە ئەستێرەیەکی وەک خۆر ماوەی ( 10) بلیۆن ساڵ دەژی، واتە ئێستا نزیکەی ( 5) بلیۆن ساڵی تر خۆر دەژی ودەتوانێت بەردەوام تیشکی خۆرمان بۆ بنێرێت، ڕۆژێکیش دێت خۆر دەمرێت، بەڵام ئەوەندە وزەی هەیە کە تا (5 ) بلیۆن ساڵی تر هەر بەردەوام بێت! پاش مردنی خۆر ، خۆر لەبەر بچووکی قەبارەی ناگاتە باری سوپەرنۆڤا، و هەرگیزیش نابێت بە کونی ڕەش ( Black hole) . ئەستێرەیەک بۆ ئەوەی ببێت بە سوپەرنۆڤا پێویستە(10)  هێندەی بارستایی خۆر بێت، لەبەرئەوە خۆر پاش تەقینەوە ومردنی تەنیا دەبێت بە ئەستێرەیەکی نیوترۆنی. ئەستێرەیەک بۆ ئەوەی لەپاش خۆی کونی ڕەش بەجێ بێڵێت پێویستە (20) هێندەی بارستای خۆر بێت.

کەواتە مرۆڤی بەڕێز هیچ ترسی خۆرت نەبێت و بێ خەمبە لەوە و کاری خۆتبکە و ڕێزی خۆر و گشت دروستبووانی ئەم گەردوونە بگرە.

 

سەرچاوەکان:

1-Misra, K.C., 2012, Introduction to Geochemistry, principles and applications, Wiley - Blackwell, 438p.   

2-Randive, K., 2013, Elements of Geochemistry, Research Publishing, 448p.

3-https://www.space.com/14732-sun-burns-star-death.html

 

نوسەری ئەم بابەتە لەبەشی زەویناسی، کۆلیجی زانست، زانکۆی سلێمانییە

ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی تورکیا: ئەندامانی پەکەکە بەئارەزوی خۆیان لەپارێزگای سلێمانی هاتوچۆ دەکەن
تەیف سامی: موچەی خانەنشینانی ھەرێم و عێراق هاوتا ناكرێت
میدیا عێراقییه‌كان هۆكاری دواكه‌وتنی ناردنی‌ موچه‌ی موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ئاشكرا ده‌كه‌ن
له‌گه‌ڵ فشاره‌كانی‌ پارتی‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی‌ سەردانی‌ ئێران ده‌کات
وەفدێكی سینات بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئەمریكا وەك هاوپەیمانێك گرنگی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم دەدات
"موچەی مانگی 4 بەدەستپێکردنی به‌بانكیكردنی‌ موچه‌و ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ دەنێردرێت"
په‌رله‌مانتارێكی پارتی: هەڵبژاردن دواشبخرێت مه‌رجه‌كانمان جێبەجێ نه‌كرێت بەشداری ناکەین
وه‌فدی بانكی TBI سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كات‌و لەگەڵ تیمی پرۆژەی "هه‌ژماری من" كۆده‌بێتەوە
پەیامێك لە دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە لەبارەی تەوتین و هەژماری من
بانكی TBI: بۆ دانانی میکانیزمی‌ بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم سه‌ردانی‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×