پاشەکشەی ئازادی...

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2023-10-28     212

پڕۆفیسۆر لە بەشی زەویناسی / زانکۆی سلێمانی

 ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

ناوبەناو لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە دەبیستین، کە ڕاپۆرتە ناوەکی و نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، کە لەباشووری کوردستان تا ئاستێک پاشەکشەی ئازادی و سەربەخۆیی ڕۆژنامەنووسان و سەربەستی ڕادەربڕین کەم بووەتەوە! ئەمانە هەمووی بەواتای ئەوەی کە دیمۆکراسی پیادە ناکرێت و بەڵکو زۆرجاریش پێ شێل دەکرێت. کاتێک بە وردی دەچیتە ناو بابەتەکانەوە تا ڕاددەیەکی زۆر قسەکە ڕاستە و ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت بەبەراورد بە چەند ساڵی پێشوو پاشەکشەیە لە ئازادی و مافی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری. ئەمە کارێکی سەیرەو دەبوو بە پێچەوانەوە بووایە، ئێستا بنەماکانی دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ جێگیربووایە و تاکی کوردستانی هەستی بە مافەکانی خۆی بکردایەوە و شانازی پێوەبکردایە!

لەوانەیە ئەگەر ڕووکەشییانە لەبابەتەکە بڕوانیت، بڵێیت وانییە! خەڵکی بە ئارەزووی خۆیان قسەدەکەن و شەوتابەیانی لە سەر شەقام و چایخانەو قاوەخانەکان ڕۆژدەکەنەوە و کەسیش حەقی نییە بەسەرییانەوە؟ ئەمە بەشێکی بچووکی پرۆسەی دیمۆکراسییە و بەشە گەورەکە ئەوەیە، کە تا چەند دیمۆکراسی بە واقیعی لەناو بوارەکانی کۆمەڵگە و دەزگاکانی حکومەتدا پیادەدەکرێت!

هەر سەبارەت بە پاشەکشەی ئازادی لە باشووری کوردستان تەنیا دوو نموونە دەخەمە بەردەست خوێنەری بەڕێز، تا خۆی بڕیار بدات کە ئایا پاشەکشە ڕوویداوە؟  پاشان باس لە هۆکارەکەشی دەکەم و چارەسەرەکەشی دەخەمە بەردەستی بەڕێزتان. هەردوو نموونەکە تایبەتن بە خوێندنی باڵا و بەتایبەتی زانکۆ، چونکە خۆم لەوبوارەدا کاردەکەم. پێش بیست ساڵ لەناو زانکۆدا هەڵبژاردن دەکرا بۆ دانانی سەرۆک بەش. لە ڕۆژێکدا گشت مامۆستایانی ئەوبەشە کۆدەبوونەوە و ئەوەی شایستە بووایە خۆی کاندید دەکرد و کامیان دەنگی زۆری بەدەست بهێنایە دەبوو بە سەرۆک بەش و تەواو! چەند کارێکی دیمۆکراسی و ئازادی و دڵخۆشکەر و سەربەستانە بوو! کەچی ئێستا و پاش ئەوهەموو ساڵە، نە ئەزموونی مامۆستا و نە پلەی زانستی و نە سەربەخۆبوون و نە خاوەن دید و نە خاوەن هەڵوێست و نە بە هەڵبژاردنیش سەرۆک بەش دادەنرێت! تۆ سەیری ئەو بەرەوپێش چوونە! بێگومان ئەمە پاشەکشەی دیمۆکراسییە لە ناو دەزگایەکی زانستی وەک زانکۆدا، کە ئێمە ئامانجمان ئەوە بوو ئەوەی کێشەو گرفت نەبووایە کارە کارگێڕییەکانی ناو زانکۆ بووایەو کێ بەتوانا و زانست بووایە لەبوارەکەدا ئەوە هەڵبژێردرایە و  تەواو! چارەسەری ئەم جۆرە گرفتانە زۆر ئاسانە و تەنیا گەڕانەوە بۆ دیمۆکراسی و دەستەبەرکردنی ئازادی و مافەکانی تاکی کۆمەڵگەیە و بەس.

هەرچی نموونەی دووەم، ساڵانێک مامۆستایانی کۆلێجێک مامۆستایەکیان هەڵدەبژارد وەک نوێنەری مامۆستایان لە ناو ئەنجومەنی کۆلێجدا، کە کارێکی زۆر دیمۆکراسییانە و سەردەمیانە بوو، کەچی ئێستا ئەوەش نەماوە و نوێنەری مامۆستایان لەناو ئەنجومەنی کۆلێجدا نییە و کارەکەیان پشتگوێ خستووە! هەڵبەت نموونە زۆرە لەم بابەتانە، بەڵام لێرەدا ئەودوو نموونەیە بەسە. هۆکاری سەرەکی ئەم کەموکووڕییانە تەنیا یەک شتە، کە ئەویش بەرتەسک بوونەوەی ئازادی و گوێ نەگرتن لە بەرانبەری ناڕازیی و هەژموونی حیزبی باڵادەستە لە ناوچەکە! بەڕاستی شەرمە کاری ئاوا لەناو زانکۆ و پەیمانگا و خوێندنگەکاندا ڕووبدات، باشە ئەوە ڕەوایە پێش بیست ساڵ باشتر بووبێت وەک لە ئێستا؟

ئەوەندی ناوەندێکی ئەکادیمی وەک زانکۆ سەرقاڵی دروستکردنی دەستە و لایەنگر و دابینکردنی پۆست بۆ کەسانی حیزبی و  پشت گوێ خستنی کەسانی سەربەخۆن، گرنگی بدەن بە چەسپاندنی بنەماکانی دیمۆکراسی و بەیەکچاو سەیرکردنی گشت مامۆستایانی زانکۆ و ڕەخساندنی پۆستەکان بۆ هەموو لایەک بێ جیاوازی! دەبوو زانکۆ ئێستا پلانی ستراتیجی هەبووایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەودیاردانەی کە گەنجی کوردییان بەلادابردووە، نەک خەریکی کۆبوونەوەی بێ بەرهەم و فیستیڤاڵی نازانستی و شووشە بەخشینەوە بێت! بۆ نموونە زۆری بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و بەکارهێنانی لەلایەن گەنجانەوە، وەک ئامارەکان پێمان دەڵێن، ناخ هەژێنە و ئاوابڕوات چەند ساڵێکیتر کارەسات ڕوودەدات! تاکات ماوە باخەریکی کار کردن بین لەسەر دورخستنەوەی گەنجان لەم بەڵایە، کە نامۆیە بە کۆمەڵگەی کوردی و بەزۆر هێناویانەتە ناو ئەم کۆمەڵگەیەو ئامانجیان بەلادابردنی لاوانی کوردە.  یەکەم کاری زانکۆ ئالەم ڕۆژەدا ئەوەیە کە گەنجان بەبەردەوامی ئاگاداربکاتەوە و تێیان بگەیەنێت، گفتوگۆیان لەگەڵ بکات، کە چی دەگوزەرێت. دەبێت کەشی ناو زانکۆ هێند خۆش بکرێت، کە گەنج بە تاسەوە بێت و خۆی سەرقاڵی کاری زانستی و داهێنان و ئەدەب و هونەر بکات و کاتی نەبێت بۆ دانیشتنی درێژخایەن لە قاوەخانەکان! زانکۆ سەرچاوەی کۆبوونەوەی گەنجانی وڵاتە، بۆنمونە زانکۆیەک لەوانەیە بیست هەزار کوڕو کچی گەنجی تێدابێت، واتە شوێن نییە لە وڵاتدا هێندەی زانکۆکان گەنجی تێدا کۆبووبێتەوە و دەکرێت پەروەردەی دروستییان بکرێت، بەڵام ئایا دەکرێت؟

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی تورکیا: ئەندامانی پەکەکە بەئارەزوی خۆیان لەپارێزگای سلێمانی هاتوچۆ دەکەن
تەیف سامی: موچەی خانەنشینانی ھەرێم و عێراق هاوتا ناكرێت
میدیا عێراقییه‌كان هۆكاری دواكه‌وتنی ناردنی‌ موچه‌ی موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ئاشكرا ده‌كه‌ن
له‌گه‌ڵ فشاره‌كانی‌ پارتی‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی‌ سەردانی‌ ئێران ده‌کات
وەفدێكی سینات بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئەمریكا وەك هاوپەیمانێك گرنگی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم دەدات
"موچەی مانگی 4 بەدەستپێکردنی به‌بانكیكردنی‌ موچه‌و ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ دەنێردرێت"
په‌رله‌مانتارێكی پارتی: هەڵبژاردن دواشبخرێت مه‌رجه‌كانمان جێبەجێ نه‌كرێت بەشداری ناکەین
وه‌فدی بانكی TBI سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كات‌و لەگەڵ تیمی پرۆژەی "هه‌ژماری من" كۆده‌بێتەوە
پەیامێك لە دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە لەبارەی تەوتین و هەژماری من
بانكی TBI: بۆ دانانی میکانیزمی‌ بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم سه‌ردانی‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×