پڕۆفیسۆر لە بەشی زەویناسی / زانکۆی سلێمانی
ibrahim.jaza@univsul.edu.iq
سەرەتا:
کاتێک باس لەتەمەن دەکرێت، بەنموونە تەمەنی مرۆڤ دەکرێت بە ساڵ وەڵام بدرێتەوە، بۆ نموونە ( 70) ساڵ، یان (67) ساڵ، هەرچی تەمەنی زەوی و هەسارە و ئەستێرەکانە کارێکی زۆر گران و ناڕوونە و ورد نییە! بە واتایەکی تر، هەرچەند تەمەنی شتەکە( ئیتر زیندوو بێت، یان نا زیندوو) درێژتر بێت، واتە بەژمارە گەورە بێت، ئاڵۆزتر و بواری هەڵەی زۆرتر دەبێت!
باسەکەمان تیشک دەخاتە سەر تەمەنی ئەم هەسارەی زەوییە، کە بەماڵە شینەکەی مرۆڤ دەناسرێت و جێگەی ژیانی ئادەمیزادەکان و گشت زیندەوەرانی ترە. بێگومان کاتێک باس لە زەوی دەکرێت، ناتوانرێت باسی دروستبوونی ئەستێرەکان و هەموو کۆمەڵەی خۆر نەکرێت! چونکە هەمووی پەیوەستن پێکەوە و زەویش بەشێکە لە کۆمەڵەی ناوبراو، بۆیە پەیوەندییەک لە نێوانیاندا هەیە و گرنگن لە بیردۆزەکانی تایبەت بە بنەچەو دروستبوونی زەوییەوە.
باسەکە زۆر قسە هەڵدەگریت و دەکرێت چەندین بۆچوون و ڕای جیاواز بێتە ئاراوە، بەڵام هەوڵ دەدەم ئامانجی وتارەکە لەوەدا کۆبکەمەوە، کە ئایا پەیوەندییەک لە نێوان ئەوتەمەنەی ،کە زانستی زەویناسی بۆ گەردوون و زەوی دیاری کردووە، یان بە دروستی بڵێین تا ئێستا پێی گەیشتووە و ئەوئاماژانەی لە کتێبە ئاینییەکاندا هەیە بەدیدەکرێت، یان دەکرێت هەڵبهێنجێنرێت؟ بەواتایەکی تر، و بەساکاری باس لەوەدەکەم، کە زانست تا ئێستا تەمەنی زەوی بە چەند ساڵ خەمڵاندووە و ئایا تەمەنی زەوی و گەردوون لە پەڕتووکە ئاینییەکاندا ئاماژەی بۆکراوە؟ ئەگەر کراوە بە چەند ساڵ دیاریکراوە؟ و ئایا تا چەند لەگەڵ زانستدا کۆکە یان ناکۆکە!
تەمەن دیاریکردن لە زەویناسیدا:
دیاریکردنی تەمەنی خاوێک ( مەعدەنێک)، یان بەردێک یان بەردیوێک ئاسان نەبووە و ئێستاش هەر زۆر ئاسان نییەو پێویستی بە تەکنیک و ئامێری پێشکەوتوو هەیە. لەکۆندا، واتە بەنموونە پێش (200) ساڵ، زاناکانی بواری زەویناسی لەڕێگەی بەراوردکردنەوە تەمەنی ڕێژەیی چینەکانیان خەمڵاندووە، پاشان دۆزینەوەی بەبەردبووەکان ( بەردیوەکان) و وردبوونەوە لێیان و لێکۆڵینەوە دەربارەیان، گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی، کە ڕیزبوونێک بۆ بەردیوەکان دیاری بکرێت و لە ڕێگەیشیانەوە خەمڵاندنێکی نزیکەیی بۆ تەمەنی شتەکان دەست نیشان بکرێت. لەگەڵ تێپەڕینی کات و سەرەتای سەدەی بیست و داهێنانی چەندین ئامێری ورد و زانستی و تێکهەڵکێش لەگەڵ زانستی فیزیا، هەوڵدرا لە ڕێگەی بەکارهێنانی هاوتای توخمەکان ( Isotopes) و توخمە تیشکدەرەکانەوە ( Radioactive elements ) بەوردی و تائاستێکی باشتر تەمەنی شتەکان دیاری بکرێت ( ئەم بابەتە بە درێژی لە پەڕتووکی بنەماکانی زەویناسی و هەروەها لە پەڕتووکی زەوی ئاماژەی پێدراوە، لیستی سەرچاوەکان، و دەکرێت خوێنەر بۆ زانیاری زیاتر بگەڕێتەوە بۆیان ). لێرەدا باسی ڕێگەکان و چۆنێتی دیاریکردنی تەمەن دووبارە ناکەمەوە، چونکە ئامانجی باسەکە ئەوە نییە!
تەمەنی زەوی لە ڕووی زانستەوە:
وەک ئاماژەم پێدا، مێژووی هەوڵدان بۆ دیاری کردنی تەمەنی زەوی کۆنەوە و مرۆڤ هەر لەسەرەتاوە حەزی بەوە بووە بزانێت ئەم زەوییە تەمەنی چەندە! لەکاتی ئێستادا و پشت بە ستوو بە چەندین سەرچاوەی زانستی لە پەڕتووک و توێژینەوە جیاوازەکانی بواری گەردوون و زەوی، زانایان تەکنیکەکانی مێژووی تیشکدەریان ( Radiometric dating ) بەکارهێناوە بۆ دیاری کردنی تەمەنی ڕێژەیی کۆنترین بەرد و خاوە ناسراوەکانی زەوی. زانست دەڵێت تەمەنی گەردوون مەزەند دەکرێت بەنزیکەی ( 14.7) بلیۆن ساڵ و تەمەنی زەوی، کە بەشێکە لەم گەردوونە بە نزیکەی ( 4.4) بلیۆن ساڵە ( بنواڕە لیستی سەرچاوەکان). واتە بە ساکاری پێش(14) بلیۆن و( 700) ملیۆن ساڵ ئەم گەردوونە لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی گەورە (Big bang) هاتۆتە ئاراوە، پاشان ئەوهەموو ملیۆن ساڵەی تری ویستووە تا پێش(4) بلیۆن و (400) ملیۆن ساڵ ئەم زەوییەی ، کە خۆمان لەسەری دەژین دروستبووە و شێوەی ئێستای وەرگرتووە! هەرچەندە کەس نازانێت کەی توێکڵی دەرەوەی هەسارەکە ڕەق بووە، بەڵام هەندێک لە زاناکان پێیان وایە بوونی چەند دەنکۆڵەی خاوی زیرکۆن،کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی( 4.4) بلیۆن ساڵ لەمەوبەر ، جەخت لە بوونی کیشوەرە جێگیرەکان و ئاوی شل و پلەی گەرمی ڕووی زەوی کەمتر لە( 100 °س) دەکاتەوە، کە پێ دەچێت هەبووبێت، یان بڵاو بووبێت!
ئەمە ئەو ئەنجامەیە، کە زانست تا ئێستا پێیگەشتووە، بێگومان بە نزیکەیی، واتە لەوانەیە سەرچاوەیەک بڵێت( 14) بلیۆن و( 500) ملیۆن ساڵ ، یان یەکێکیتر بڵێت( 14) بلیۆن ساڵ، ئەمە سەبارەت بە و تەمەنە درێژە کێشەنییە و زۆر ئاساییە کاتێک باس لەو جۆرە لەتەمەن دەکرێت، لە کاتێکیشدا کە ڕێگەکانی دیاریکردنی تەمەن جیاوازن.
تەمەنی گەردوون و زەوی لە ڕووانگەی ئاینەکانەوە:
زۆر جار خەڵک و مافی خۆشیەتی، سەری بسووڕێت کاتێک لە ڕووی دینییەوە باس لە تەمەنی زەوی دەکرێت، ڕای جیاواز دەبیستێت و هەندێک جار دژ بەیەک، یان لەگەڵ زانستدا بەبڕوای ئەو ناگونجێت! ئەمانە هەمووی دروستە و دەکرێت ئەم بارودۆخە زۆر بڵاو بێت و بەئاسانیش وەڵامت دەست ناکەوێت! دەمەوێت بە کورتی باس لە تەمەنی زەوی بکەم، هەرنەبێت لە سێ ئاینی ئاسمانی و بڵاو و بەکورتی بزانین تەمەن لەو ئاینانەدا چۆن ئاماژەی پێدراوە:
لە ئاینی جوولەکەدا باوەڕوایە، کە تەمەنی زەوی( 40000) ساڵ بێت. پاشان زۆرێک لە بیرمەند و باوڕدارانی جوو لە سەدەکانی( 10 و 12) دا باوەڕیان وایە، کە تەمەنی زەوی لە نێوان( 50000 تا 100000) ساڵ دەبێت!
لە ئاینی مەسیحیدا، هەرچەندە وەک دەق بەڕوونی نەهاتووە، بەڵام ڕاڤەکەرانی ئینجیل باوەڕیان وایە،کە تەمەنی زەوی بەنزیکەی( 6000) ساڵ دەبێت! هەموو کتێبی پیرۆزی کریستیانەکان ، واتە ئینجیل بە گوێرەی هەر چوار نووسینەکە (مەتا، مەرقۆس، لۆقا، یوحەنا) لە هیچ شوێنێکدا نەهاتۆتە پێش چاوم، کە بەژمارە باسی (6000) ساڵ بۆ تەمەنی زەوی بکات! بەبڕوای من ڕاڤەکەرانی ئینجیل پشتیان بە بەشی (17:1) بەستووە، کە نەوەکان ئەژمار دەکات لە ئیبراهیمەوە تا مەسیح و بە (42) نەوە دەست نیشان کراوە! ئەگەر هەر نەوەیەک بە (90) ساڵ دابنێین کەواتە (3780) ساڵ + (2000) ساڵیش پاش لەدایکبوونی مەسیح، ئەوا دەکاتە (5780) ساڵ، کە نزیکە لە (6000) ساڵەکەوە! بێگومان ئەم ژمارەیە بۆ تەمەنی زەوی لە ئێستادا زۆرێک لە زانا گەنجەکانی باوەڕدار بە بیردۆزەی دروستبوون (Creation Theory) ئاماژەی بۆدەکەن و دەربارەی قسە دەکەن و ماڵپەڕ و بڵاوکراوەی خۆیان هەیە و بەردەوام شتەکان لە ڕووانگەی خۆیانەوە لێک دەدەنەوە!
هەرچی ئاینی هیندۆسی، کە زۆرێک لە خەڵکانی هیندوستان باوەڕیان پێیەتی و پەیڕەوی دەکەن بڕوایان وایە، کە گەردوون لە لایەن براهما وە دروستکراوە و زەوی تەمەنی زیاتر لە(150) تڕیلیۆن ساڵە!
هەرچی موسوڵمانانی جیهان هەیە، بڕوایان وایە، کە تەمەنی ئاسمانەکان و زەوی(6) ڕۆژە. ئەمەش لە کتێبی قورئانی پیرۆزەوە بە ڕوونی نووسراوە،کە لە چەندین ئایەتدا ئاماژەی پێدراوە، بۆ نموونە :سورەتی یونس، ئایەتی 3: ( إِنَّ رَبَّكُمُ ٱللَّهُ ٱلَّذِي خَلَقَ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضَ فِي سِتَّةِ أَيَّامٖ ثُمَّ ٱسۡتَوَىٰ عَلَى ٱلۡعَرۡشِۖ يُدَبِّرُ ٱلۡأَمۡرَۖ مَا مِن شَفِيعٍ إِلَّا مِنۢ بَعۡدِ إِذۡنِهِۦۚ ذَٰلِكُمُ ٱللَّهُ رَبُّكُمۡ فَٱعۡبُدُوهُۚ أَفَلَا تَذَكَّرُونَ ﴿٣﴾ ) و سورەتی الحديد، ئایەتی 4: ( هُوَ ٱلَّذِي خَلَقَ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضَ فِي سِتَّةِ أَيَّامٖ ثُمَّ ٱسۡتَوَىٰ عَلَى ٱلۡعَرۡشِۖ يَعۡلَمُ مَا يَلِجُ فِي ٱلۡأَرۡضِ وَمَا يَخۡرُجُ مِنۡهَا وَمَا يَنزِلُ مِنَ ٱلسَّمَآءِ وَمَا يَعۡرُجُ فِيهَاۖ وَهُوَ مَعَكُمۡ أَيۡنَ مَا كُنتُمۡۚ وَٱللَّهُ بِمَا تَعۡمَلُونَ بَصِيرٞ ﴿٤﴾ ) و سورەتی فصلت، ئایەتی 9 و 10 و 12دا: ( قُلۡ أَئِنَّكُمۡ لَتَكۡفُرُونَ بِٱلَّذِي خَلَقَ ٱلۡأَرۡضَ فِي يَوۡمَيۡنِ وَتَجۡعَلُونَ لَهُۥٓ أَندَادٗاۚ ذَٰلِكَ رَبُّ ٱلۡعَٰلَمِينَ ﴿٩﴾) ( وَجَعَلَ فِيهَا رَوَٰسِيَ مِن فَوۡقِهَا وَبَٰرَكَ فِيهَا وَقَدَّرَ فِيهَآ أَقۡوَٰتَهَا فِيٓ أَرۡبَعَةِ أَيَّامٖ سَوَآءٗ لِّلسَّآئِلِينَ ﴿١٠﴾ ) ( فَقَضَىٰهُنَّ سَبۡعَ سَمَٰوَاتٖ فِي يَوۡمَيۡنِ وَأَوۡحَىٰ فِي كُلِّ سَمَآءٍ أَمۡرَهَاۚ وَزَيَّنَّا ٱلسَّمَآءَ ٱلدُّنۡيَا بِمَصَٰبِيحَ وَحِفۡظٗاۚ ذَٰلِكَ تَقۡدِيرُ ٱلۡعَزِيزِ ٱلۡعَلِيمِ ﴿١٢﴾) و سورەتی الفرقان، ئایەتی 59: ( ٱلَّذِي خَلَقَ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضَ وَمَا بَيۡنَهُمَا فِي سِتَّةِ أَيَّامٖ ثُمَّ ٱسۡتَوَىٰ عَلَى ٱلۡعَرۡشِۖ ٱلرَّحۡمَٰنُ فَسۡـَٔلۡ بِهِۦ خَبِيرٗا ﴿٥٩﴾) ، و سورەتی هود، ئایەتی 7: ( وَهُوَ ٱلَّذِي خَلَقَ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضَ فِي سِتَّةِ أَيَّامٖ وَكَانَ عَرۡشُهُۥ عَلَى ٱلۡمَآءِ لِيَبۡلُوَكُمۡ أَيُّكُمۡ أَحۡسَنُ عَمَلٗاۗ وَلَئِن قُلۡتَ إِنَّكُم مَّبۡعُوثُونَ مِنۢ بَعۡدِ ٱلۡمَوۡتِ لَيَقُولَنَّ ٱلَّذِينَ كَفَرُوٓاْ إِنۡ هَٰذَآ إِلَّا سِحۡرٞ مُّبِينٞ ﴿٧﴾ )، و لە ئایەتی 4 لە سورەتی السجدة: ٱللَّهُ ٱلَّذِي خَلَقَ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضَ وَمَا بَيۡنَهُمَا فِي سِتَّةِ أَيَّامٖ ثُمَّ ٱسۡتَوَىٰ عَلَى ٱلۡعَرۡشِۖ مَا لَكُم مِّن دُونِهِۦ مِن وَلِيّٖ وَلَا شَفِيعٍۚ أَفَلَا تَتَذَكَّرُونَ ﴿٤﴾ .
بێگومان واتای ڕۆژ لە قورئاندا بە ( 1000) ساڵ هاتووە وەک لە: سورەتی الحج، ئایەتی 47 : وَيَسۡتَعۡجِلُونَكَ بِٱلۡعَذَابِ وَلَن يُخۡلِفَ ٱللَّهُ وَعۡدَهُۥۚ وَإِنَّ يَوۡمًا عِندَ رَبِّكَ كَأَلۡفِ سَنَةٖ مِّمَّا تَعُدُّونَ ﴿٤٧﴾ و( 50000) ساڵیش هاتووە، وەک لە: سورەتی المعارج ، ئایەتی 4: ( تَعۡرُجُ ٱلۡمَلَٰٓئِكَةُ وَٱلرُّوحُ إِلَيۡهِ فِي يَوۡمٖ كَانَ مِقۡدَارُهُۥ خَمۡسِينَ أَلۡفَ سَنَةٖ ﴿٤﴾ .
بۆچوونی مامۆستا محمد حەسەن لە کتێبی زەویناسی ساڵی(2011) ئاماژەی پێداوە، دەنووسێت: "بە بڕوای من دوور نییە(6) ملیار ساڵ هەمان(6) ڕۆژی زەمینی بێت".
ئەگەر هەر ڕۆژێک بە(1) بلیۆن ساڵ دابنێین، واتە زەوی و ئاسمانەکان لە(6) بلیۆن ساڵدا دروستکراون! ئەگەر وا دابنێین، کە زەوی و ئاسمانەکان هەمان تەمەنییان هەیە ( واتە نزیکەی 6 بلیۆن ساڵ) ئەوا گونجاوە، کە هەر ڕۆژێک لەو ڕۆژانەی لە قورئاندا هاتووە لەوانەیە نوێنەرایەتی(1) بلیۆن ساڵ بکات!
ئەمە زۆر نزیکە لە وەی زانست تا ئێستا پێیگەیشتووە! بەتایبەتی تەمەنی زەوی کە نزیکەی( 4.6) بلیۆن ساڵە و تا ئاستێک نزیکە لە(6)بلیۆن ساڵەکەوە! دەبێت لەبیرمان نەچێت لە هیچ شوێنێکی قورئاندا ئاماژە نییە بۆ ئەو ژمارەیە! ئاماژە بە( 1000 و 50000) ساڵ بە ڕوونی هەیە، بەڵام ئاماژە بە بلیۆن ساڵ نییە!
بەبڕوای من و لە ئەنجامی وردبوونەوە و خوێندنەوەکانمان پێم وایە: زۆرێک لە کردە زەویناسییەکان زۆر زۆر زیاتر کاتییان دەوێت لەوەی، کە لە ماوەی( 5000 یان 6000) ساڵدا ڕووبدەن، یان دروستببن! تەنانەت لە ئەڵقەی ناو قەدی دارەکانەوە سەدان ساڵ دیاری دەکرێت، یان لە دیاری کردنی گەشەی هەندێک لە بوونەوەرە دەریاییەکەنەوە سەدان ساڵ دەژمێردرێت، یان لە ڕێژەی نیشتنی دەنکۆڵەکانەوە و دروستبوونی چینەکان هەزاران و ملیۆنان ساڵ دەژمێردرێت، یان لە بەدواداچوون و ڕیزبەندی بەردیوە وردەکانەوە ملیۆنان ساڵ دەژمێردرێت، یان لە شکانی کیشوەرەکان و دروستبوونی زەریاکانەوە ملیۆنان ساڵی پێویستە! تەنانەت زانایانی بواری ئارکیۆلۆجی و ئەنثرۆپۆلۆجی چەندین بەڵگەیان هەیە، کە زۆر کۆنترە لە ( 6000) ساڵ! ئەمانە و دەیان نموونەی تر ئەوەمان پێ دەڵێن، کە زەوییەکەی خۆمان هەر ساردبوونەوەکەی نزیکەی( 1) بلیۆن ساڵی خایاندووە تا ساردببێتەوە و کەڤرەکان دروستببن و هێزی کێشکردن و بواری موگناتیسی جێگیرببن و پاشانیش (1) بلیۆن ساڵی تری ویستووە تا وردە وردە بگونجێت بۆ ڕووەکەکان و پاشان ببێتە ئەو شوێنەی، کە گونجاو بێت بۆ زیندەوەران و لەسەروو هەمووشیانەوە بۆ ژیانی ئادەمیزاد.
سەرچاوەکان:
-قورئانی پیرۆز
-کتێبی پیرۆز، ئینجیل، 2018 ،کۆڕی نێودەوڵەتی کتێبی پیرۆز، چاپی دووەم، هەولێر، ٥٥٤ل.
- بورهان محەمەد ئەمین، تەفسیری ئاسان، چاپی چوارەم، 604ل.
- محەمەد حەسەن سەرگەینێڵی، 2011، زەوی ناسی، زنجیرە کتێبی زانست و مرۆڤ، 2، هەولێر، 560ل.
- ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین ، 2013 ، بنەماکانی زەویناسی، چاپخانەی ئاکام، سلێمانی، 354ل.
- باوان فایەق جەلال ، 2022، زەوی- بنەماکانی زەویناسی لەڕووی فیزیاییەوە، وەرگێڕان، کتێبخانەی دڵشاد، 302ل.
-Killops, S. and Killops, V., 2005, Introduction to Organic Geochemistry, 2nd ed., Blackwell publishing, 393p.
-Misra, K.C., 2012, Introduction to Geochemistry, principles and applications, Wiley - Blackwell, 438p.
-Lutgens, F.K., and Tarbuck, E.J., 2012, Essentials of Geology, 11th ed., Pearson Prentice Hall, New Jersey, 554p.
-https://climate.nasa.gov/news/2919/earths-atmosphere-a-multi-layered-cake/
-https://doi.org/10.17704/eshi.3.2.ml66h618g202x677
-https://www.todayintheword.org/question/how-old-is-the-earth
-https://www.quora.com/According-to-Hinduism-how-old-is-earth