دیسانەوە گرفتی ڕێنووسی ناوی شارەکەم!

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2024-03-01     269

ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

پێش نزیکەی چواردە ساڵ وتارێکم بڵاوکردۆتەوە سەبارەت بە چۆنێتی نووسین و ڕێنووسی وشەی سلێمانی (ئیبراهیم محەمەد جەزا، ناوى شارەكەم چۆن دەنووسرێت؟ گۆڤارى سلێمانی، ژمارە 119 ،ئەیلولی 2010 ، ل 5 - 6 ). لە وتارەکەدا زۆر بە ڕوونی باسی گرفت و شێوازەکانی نووسینی ناوی شارە حەیاتەکەم کردووە، نەک تەنیا نووسین بە زمانی کوردی بەڵکو بە زمانەکانی بێیانە ( عەرەبی و ئینگلیزی) و تێیدا ئاماژەم بە چەندین سەرچاوەکردووە و زۆرینەی شێوازەکانم خستۆتە بەردەم خوێنەران و نموونەی هۆنراوەکانی مامۆستایان نالی و گۆران و پیرەمێرد و هتد. بەنموونە باس کردووە، بە هیوای ئەوەی کە لیژنەیەک، یان دەستەیەک پێکبهێنرێت و هەربەزوویی بڕیاری دروست بدرێت و پێمان بڵێن بەو سێ زمانە وشەکە چۆن دەنووسرێت و ئیتر هیچ ڕێنووس و شێوازێکیتر بەکار نەیەت! ڕۆژ و مانگ و ساڵ تێپەڕی و هەر بەهەمان تێکەڵوپێکەڵی و بێ بەرنامەیی و بێ ڕێزیی و بێ گوێدانە هەستو نەستی  خەڵک و نووسەران، هەر هەمان شت بەردەوام بوو، وەک ئەوەی، کە هیچ گرنگ نەبێت و لێپرسراوانی ئەم شارە باکیان نەبێت و بەبایی خەیاڵیشیاندا تێنەپەڕێت!

لەم مانگەدا نازانم چی بوو دیسانەوە بەبیریان کەوتەوە، یاخوا هەر بیریان نەکەوتایەتەوە! لەم ناوچەیەی ئێمەدا هەمیشە لە بڕیارێک زۆر ناترسم هێندەی ئەوەی، کە لە بڕیاری دوای ئەو ترسم هەیە! هەروادەرچوو..

لە ڕٶژی  ١٣/٢/٢٠٢٤ بە فەرمانی ژمارە  ٧/٢/٢٤٤٦ لەلایەن یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری زانستی  پشت بەستوو بە پێشنیاری بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ڕانکینی زانکۆ بڕیاریدا، کە لەمەودوا ناوی شاری سلێمانی بە زمانی ئینگلیزی بەم شێوەیە بنووسرێت:(  Sulaymaniyah)

پاش حەوت ڕۆژ، واتە لە ٢٠/٢/٢٠٢٤ بڕیاری ژمارە ٧/٢/٢٩٦١   لەلایەن سەرۆکی زانکۆی سلێمانییەوە  دەرچوو، تێیدا ئاماژە بۆڕێنووس   و چۆنێتی گۆکردنی وشەکە دەکات، کە بڕیارەکە پاش ڕاپۆرت لیژنەیەکی پسپۆڕی زمانی کوردی دەرکراوە، کە من لێرەدا تەنیا ڕێنووسی زمانی ئینگلیزی ئاماژەپێدەدەم و دەڵێت بەم شێوەیە بنووسرێت (  Slemani )!

ئێستا کامەیان دروستە تابینووسین؟ بێگومان ئەمە تەنیا وشەکە بەزمانی ئینگلیزی، خۆ ئەگەر باسی ناوی شاربکەیت بەزمانی کوردی، یان زمانەکانی تر ئەوا شتی سەیرتر دەبینیت!

نازانم کورد بۆ ئاوای لێهاتووە! چەند ساڵ داوامان لێکردن دەستوور بنووسن، نەتانکرد! چەند ساڵ داوامانکرد و هاوارمان کرد پێشمەرگە یەکبخەن و خۆتان ئامادەبکەن بۆ  ئایندەیەکی نادیار،  نەتانکرد! چەند ساڵ هاوارمان کرد وشەی قوتابی بۆ پێش زانکۆ و وشەی خوێندکار بۆ کاتی زانکۆ بەکاربێنن، نەتانکرد و داهێنانتان کرد شتێکتان داهێنا (خوێندکار داش قوتابی) !

ئێستا ناوی شارێکتان لێبووە بە گرێ کوێرەو بەم هەموو شارەزا و بەڕێوبەری دەزگایانەی حکومەتەوە  ناتوانن بیکەنەوە! چی بکەین؟ و چی بڵێین؟

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×