دۆزینەوەی شاخێکی بەرزی ژێر دەریا

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2023-12-06     228

پڕۆفیسۆر لە بەشی زەویناسی / زانکۆی سلێمانی

 ibrahim.jaza@univsul.edu.iq                                                                                                                                                       

 

پێشەکی:

شاخە بەرز و گەورەکانی ژێرزەریاکان سەردەمانێکە دۆزراونەتەوە و کاری زەویناسی وردو درێژی سەبارەت کراوە و لە پەڕتووک و گۆڤارەکاندا بڵاوبوونەتەوە. ناسراوترین شاخەبەرزەکانی ناوەڕاستی زەریا بریتییە لە بەرزاییەکانی ناوەڕاستی زەریا (  Mid Oceanic Ridge) ( ١). ئەم زنجیرە بەرزەی ناوەڕاستی زەریای ئەتڵەسی لە باکووری گۆی زەوییەوە تا باشوور درێژدەبێتەوە ( وێنەی ژمارە ١). بنەچەی ئەم جۆرە لەشاخەکان دەگەڕێتەوە بۆ دەرپەڕینی ژیلەمۆی گڕکانی ژێردەریا، کە لەئەنجامی کردنەوە و فراوانبوونی زەریای ئەتڵەسییەوە سەرچاوەدەگرێت. پێکهاتەی ئەم جۆرە لە شاخەکان بەزۆری کەڤری بازاڵتییە. بازاڵت یەکێکە لە کەڤرە گڕکانییە ئاگرینەکانی سەرگۆی زەوی و بە ڕەنگە ڕەشەکەی دەناسرێتەوە و لە ڕووی تەنراویشەوە چەندین جۆری هەیە، وەک بوونی کونۆچکەیی، یان ئەمیگدەڵۆیدەڵی، یان دەنکۆڵە ورد و، هتد (٢،١).

وێنەی ژمارە ١: پلێتە تەکتۆنییەکانی گۆی زەوی و سنوورەکانی نێوانیان و ئاڕاستەی جووڵەی ئەوپلێتانە پیشان دەدات ( سەرچاوەی ژمارە ٢ ).

 

دۆزینەوەی شاخێك:

وەک لە هەواڵێکی سی ئێن ئێن دا هاتووە،کە لەمانگەدا( دیسەمبەری ساڵی ٢٠٢٣ ) دا بڵاوبووەتەوە، لە ناوچەی نزیک کەناراوەکانی وڵاتی گواتیمالا  شاخێکی گەورەی ژێر ئاو، کە بە شاخی دەریایی ناسراوە، لەسەر زەوی زەریای هێمن  دۆزاوەتەوە (٣). ئەم شاخە لە ئەنجامی گەڕان و پشکنینی کۆمەڵێک لە زاناکانی بواری زەویناسی و پسپۆڕانی ڕووپێوی زەریاکان دەست نیشانکراوە و نەخشەی بۆ کێشراوە (وێنەی ژمارە ٢).

وێنەی ژمارە٢ :  نەخشەیەکی وێنەیی بەرزی شاخە دۆزراوەکەی کەناراوەکانی وڵاتی گواتیمالا، شاخەکە ١٦٠٠مەتر بەرزە.

بەپێی بەیاننامەیەکی هەواڵی پەیمانگای زەریایی شمیدت (  Schmidt Ocean Institute) ، کە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە و توێژینەوەکانی ئۆقیانووسناسی بەرەوپێش دەبات، بەرزیی ئەم شاخە  ١٦٠٠ مەتر (٥٢٤٩ پێ)ە، نزیکەی دوو هێندەی بەرزی بورجی خەلیفەی دوبەیە، کە بەرزترین باڵەخانەیە لە جیهاندا.

دۆزینەوەی ئەو پێکهاتە گەورەیە - کە ١٤کیلۆمەتر چوارگۆشە دەگرێتەوە و ٢٤٠٠ مەتر  لە ژێر ئاستی  ئاوی دەریادا  وەستاوە  لە مانگی تەمموزدا لە میانی گەشتێکی SOI ڕوویدا، کە بەشێکن لە هەوڵەکانی پەیمانگاکە بۆ زیاتر گەڕان بەدوای نهێنییەکانی زەریاو  دەریاکاندا، بە بەکارهێنانی کەشتییەکی توێژینەوە، کە بە فالکۆر ناسراوە (وێنەی ژمارە ٣). کەشتییەکە بە شێوەیەک دروستکراوە، کە نەخشەی بنی دەریاکە بە بەکارهێنانی ئیکۆساوندەرێکی فرە تیشکی، کە شەپۆلی دەنگی بە شێوەی تیشک دەنێرێتە دەرەوە بۆ بنی زەریاکە، دواتر ئەو کاتە دەپێوێت، کە پێویستە بۆ ئەوەی شەپۆلەکە بگاتە بنی زەریاکە و بگەڕێتەوە، بەم ڕێگەیەش دەکرێت نەخشەیەکی تۆپۆگرافی ( بەرزی ونزمی) ژێرەوەی زەریاکان دەستبکەوێت.

وێنەی ژمارە ٣: کەشتی زانستی ناسراو بە فالکۆر، کە پەیمانگەی زەریای شمیدت خاوەنداری دەکات و توانراو لە ڕێگەی ئەم کەشتییەوە شاخەژێردەریاییەکە بدۆزرێتەوە.

دکتۆر جیۆتیکا ڤیرمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پەیمانگای شمیدت ئۆشن لە بەیاننامە هەواڵییەکەدا وتی: "شاخێکی دەریایی، کە بەرزییەکەی زیاتر لە ١٥٠٠مەتر و تا ئێستا لە ژێر شەپۆلەکاندا شاردراوەتەوە دۆزراوەتەوە". نەخشەی تەواوی بنی دەریا توخمێکی بنەڕەتییە بۆ تێگەیشتن لە ئۆقیانوسەکەمان بۆیە جێگەی سەرنجە، کە لە سەردەمێکدا بژین  تەکنەلۆژیا ڕێگەمان پێدەدات نەخشەسازی بکەین و ئەم بەشە سەرسوڕهێنەرانەی هەسارەکەمان بۆ یەکەمجار ببینین.” کاری ڕووپێوی بنی زەریاکان کارێکی زەویناسی پێشکەوتووە، هەرچەندە کارەکە کاتێکی زۆر و خەرجییەکی یەکجار زۆری دەوێت، بەڵام چەندین وڵات لەو بوارەدا کاردەکەن وەک ئەمریکا و ڕووسیا.

شاخەکانی ژێر دەریا وەک شوێنی کۆبوونەوەی زیندەورەان:

بەهۆی پێکهاتنی جیۆلۆجی شاخی دەریایی، شاخەکان زیاتر وەک خاڵی کۆبوونەوەی زیندەوەران  ڕۆڵ دەگێڕن، کە ڕووبەرێکی ڕەق دابین دەکەن بۆ مەرجان ( شیلان)  و ئیسفەنج و زیندەوەرە بێ بڕبڕەکانی دیکەی دەریایی و دەتوانن پێیەوە بچەسپێن. ئەم شوێنانە و ناوچە نزیکەکان لێوەیان لە ڕووی پلەی گەرمییەوە گونجاوە و شوێنێکە فرە خۆراکە و بۆیە زیندەوەران تێیدا چڕ دەبنەوە و  زۆر دەبن.

 

سەچاوەکان:

١- ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین،٢٠١٣ ، بنەماکانی زەویناسی،  چاپخانەی ئاکام، سلێمانی، ٣٥٤ل.

٢-Plummer, C. C., Mc Geary, D., and Carlson, D.H ,2005, Physical Geology, 580p.

٣-https://edition.cnn.com/2023/12/01/world/giant-seamount-guatemala-biodiversity-hot-spot-scn/index.html

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×