بۆ دەرچووانی پۆلی دوازدە...

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2023-08-16     569

پڕۆفیسۆر لە بەشی زەویناسی، زانکۆی سلێمانی

ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

حەزم کرد هەندێک ڕێنمایی و پێشنیار و ئامۆژگاری هەڵقوڵاوی ئەو تۆزە ئەزموونەی بەندە هەیەتی بخەمە خزمەت ئەو کوڕ وکچە ئازیز و گەنجە پڕ چالاکی و داهێنەرانە، بەڵکو  ئەم سامانە گەورە پڕ وزەیەی  کوردستان داهاتوویەکی باشتر بۆ گەلەکەمان بخولقێنن.

سەرەتا پیرۆزبایی گەرم لە گشت دەرچووانی پۆلی دوازدە دەکەم و هیوادارم هەریەکێکیان ڕازی بێت بەو کۆنمرەیەی بەدەستی هێناوە! بڕواتان بێت  نەک تەنیا خۆتان خۆشحاڵن، بەڵکو باوانیشتان و خزمان وبەندە و گشت کەسێکی ئەم نیشتمانە خۆشحاڵین، کە ڕەنجی بەلایەنی کەمەوە دوازدە ساڵ خوێندنی بەردەوامتان بەسەلامەتی دوورییەوە و هاتنە ناو قۆناغێکی نوێوە!  ئێستا قۆناغێکی تر لە ژیانتان دەست پێدەکات، کە زۆر جیاوازە لە قۆناغی پێشوو. بەبڕوای من نەک پلەی خوێندنەکەتان جیاواز دەبێت، بەڵکو بیر و بیرکردنەوە و ڕەفتار و گوفتارتان جیاواز دەبێت. بێگومان مەرج نییە هەموو دەرچووان بەتەمای زانکۆ بن و بیانەوێت بەردەوامی بە خوێندن بدەن، کە ئەمە ئاڕاستە دروستەکەیە، بەڵام لەوانەیە لە وڵاتی ئێمە و تا ڕادەیەکی زۆریش لە ناوچەکە زۆرینەی زۆری دەرچووانی پۆلی دوازدە بچنە زانکۆ و پەیمانگاکان و درێژە بە خوێندن لە  پسپۆڕییەک دا بدەن! لە ئێستاشدا و لە باشووری کوردستان، وەک ساڵی پار ڕوویدا، لەوە دەچێت هەموو دەرچووانی پۆلی دوازدە لە خوێندنی باڵا وەربگیرێن، کە بە دڵنیاییەوە بڕیارێکی نادروستە و نازانم وەزارەت چۆن دەچێتە ژێر باری ئەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەوە، کە دواییەکەی ئێمە دەزانین چی ڕوودەدات، بەڵام ئەوە بابەتێکی ترە و باسی وتارەکەمان نییە!

بەهەرحاڵ، ئەمە بڕیاری تۆ و  باوانتە،  کە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێیت و دەتەوێت لە کام بواردا درێژە بەخوێندن بدەیت، بەڵام بایەک شت ئاگاداربیت و بیزانیت، کە لە وڵاتێکی وەک کەنەدا تەنیا (50% ) لە دەرچووانی پۆلی دوازدە درێژەبە خوێندن دەدەن لە زانکۆ، یان لە پەیمانگاکان! لەو (50%) تەنیا ( 20%) بەرەو زانکۆ دەڕۆن، کە پێویستە لە پۆلی (11) وە خۆی بۆ ئامادەکردبێت و پاشان نمرەکانی پۆلی(12) ش و پێکەوە دەتوانێت بەشێک، یان کۆلیجێک لە زانکۆ هەڵبژێرێت. هەرچی ئەو (30%) تر هەیە ئەوا پەیمانگای(2) ساڵە دەخوێنن لە پسپۆڕییەکدا، وەک دارتاشی، ئاسنگەری، سەرتاشی، بۆریچی هتد، کە ئەمانە پاش تەواوکردنی خوێندن کاریان دەست دەکەوێت و کۆمەڵگە زۆر پێویستی پێیانە، بە پێچەوانەی دەرچووی زانکۆ، کە زۆر بەکەمی کاریان دەست دەکەوێت! دروست وایە لە وڵاتێکی وەک کەنەدا کاری پیشەیی زۆر زۆرە بۆیە خوێندنەکەشی حەز و داواکاری زۆری لەسەرە! ئەم بوارە لای ئێمە زۆر پشت گوێ خراوە و حکومەت کەمتەرخەمە و گرنگی پێنادرێت، بەڵام دەبێت دەرچوو خۆی بڕیار بدات و بزانێت چەند لە توانای دایە و ئاستەکەی تا کوێیە!

هاوڕێیانی دەرچووی پۆلی دوازدە، ئێستا و چەند ڕۆژی داهاتوو سەرقاڵی ئەوەیت، کە چۆن و بە کام شێوەیە فۆرمی ناوی ئەو شوێنانە بنووسیت، کە دەتەوێت تێیدا درێژە بە خوێندنەکەت بدەیت. دروست وایە و لەوانەیە بۆ زۆرێکتان ئاسان نەبێت بڕیاردان و هەنگاونان، بەڵام یەکەم شت خۆت یەک لاییبکەرەوە بزانە حەزو ئارەزووت بۆ کوێیە و لەهەمان کاتیشدا  توانای خۆت بەدروستی بزانە، واتە مەڵی من هەردەبێت ئەندازیاری بخوێنم هەرچەندە زۆر باشیش نیم لە ماتماتیکدا ! لەوانەیە بڵێیت کە وەرگیرام هەوڵدەدەم، زۆر باشە بەڵام خۆت مەخەڵەتێنە ئەگەر دەزانیت لەوکەسانەی ناتوانیت زۆر هەوڵ بدەیت.  یەکێک لە وجیاوازییەگەورانەی کوردستان و وڵاتێکی وەک کەنەدا یان ئیماراتی عەرەبی، کە لێرەدا بەنموونە باسیان دەکەین، پێویستە قوتابی لە پۆلی (11) وە بە ڕاوێژ لەگەڵ باوانیدا خۆیان یەک لای بکەنەوە، کە پاش پۆلی (12) ئەو دەرچووە بەرەو کوێ دەڕوات، چونکە بۆ نموونە ئەگەر دەیەوێت ببێت بە ئەندازیار، واتە کۆلیجی ئەندازیاری بخوێنێت، پێویستە فیزیا و کیمیا و دوو کۆرسی ماتماتیک و زمانی ئینگلیزی بخوێنێت ( ئیتر پێویستی بە زیندەناسی و جوگرافیا نییە ، بۆ نموونە)، ئەم قسەیە بە پێچەوانەشەوە بۆ بەشی وێژەییەکانیش دروستە( یەکێک دەیەوێت پاش پۆلی (12) ببێت بە پارێزەر، پێویستی بە کیمیا  و فیزیا نابێت، بەڵام دوایی هەرگیز ناتوانێت بچێتە بەشە پزیشکییەکان، چونکە زیندەناسی نە خوێندووە! ئەم لایەنە تا ئێستا لای خۆمان ڕەچاو ناکرێت، هەرچەندە قوتابی دەتوانێت نمرەکانی پۆلی ( 11)بۆ تێکڕای نمرەی دوای پۆلی (12) بۆ ئەژمار بکرێت، ئەمە کارێکی باشە.

گرنگترین دەستپێک ئەوەیە، کە بزانیت حەز و خولیات چییە، بێگومان بەمەرجێک نمرەکەت لەوئاستەدابێت، کە خولیاکەت بۆ جێ بەجێ بکات! ئێستا نمرەت وەرگرتووە و بابڵێین (75) بەدەست هێناوە، یەکەم زۆر دڵخۆشبە، دووەم لەوشوێنانەی، کە دەکرێت تێیاندا درێژە بەخوێندن بدەیت نزیکترینیان لە خۆت هەڵبژێرە و هەوڵبدە لەڕێگەی ئینتەرنیتەوە سەبارەت بەوبەشەی، کە نیازتەلەقۆناغی داهاتوودا بچیت بۆی زانیاری بەدەست بێنە. تادەتوانیت و دەکرێت، هەوڵبدە لە زانکۆ حکومییەکاندا بخوێنیت، یەکەم لەبەرئەوەی کە زانکۆی تایبەت و ئەهلی بەپارەیە و فشارێکی زێدە دەبێت بۆ باوانت لەم بارودۆخەی ئێستادا، دووەمیش ئەگەر پارەشت هەیە بیخەرە کارێکی ترەوە. نمرە لە هەموو شوێنێک گرنگە و گوێ بە هەندێک کەس مەدە، کە لەخۆیانەوە دەڵێن نمرە گرنگ نییە! لە کەنەدا با ئەو مەرجانەشت، کە لەسەرەوە باسمان کرد تێدابێت، بەڵام ئەگەر نمرەکەت لە (96) کەمتر بێت ناتوانیت لە زانکۆیەکی وەک واترلۆ ئەندازیاری بخوێنیت، بەڵکو دەبێت بچیت بۆ زانکۆیەکی تر لە شاریکی تر!

 لەوانەیە کەسێک بیت حەزت بە بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەرز بێت، هەر زۆر ئاساییە و دەکرێت لەوبەشەدا پاش تەواوکردنی بەکالۆریۆس، درێژە بە خوێندنی ماستەر و دکتۆراش بدەیت و ببیت بە پڕۆفیسۆریش لەو بەشەی کە تۆ بە کۆنمرەی (75)چوویت بۆی! هەرگیز مەڵی ئاخر داهاتوو هەر لە پزیشکیدایە و ئەوانیتر ئیشیان دەست ناکەوێت، یان پارەی دەستکەوتوو کەمە، یان مسۆگەر نییە! ئەمانە هیچی ڕاست نییە، بزانە بۆ! مەرج نییە تەنیا پزیشک کاری دەست بکەوێت، خۆ کۆمەڵگە تەنیا لە نەخۆشخانە پێک نەهاتووە، بۆیە کارت دەست دەکەوێت، لەڕووی داراییشەوە لەوانەیە چەندین پیشە هەبێت پارەی زۆر زیاتر بێت لە پزیشکایەتی. هەرچیبۆ پرسی مسۆگەریش، ئەوە پەیوەستە بە پلانداڕێژی و  نەخشەسازی ژیانت. وەک ئاماژەمان پێدا، لە وڵاتی کەنەدا پسپۆڕییەکانی دەرچووی پەیمانگای دوو ساڵە لە بوارە پیشەییەکاندا زۆر بە خێرایی کاریان دەست دەکەوێت و ژیانیان مسۆگەر دەبێت، بەڵام دەرچووی زانکۆ دەبێت ماستەر و دکتۆراش بخوێنێت، پاشان بچێتە کێ بڕکێ وە لەگەڵ سەد کەسدا بۆ پۆستێک یان کارێک!

 نموونەیەکی نزیک لە خۆمت بۆ باس دەکەم: دەرچووی بەشی زەویناسی، واتە جیۆلۆجی هەیە، کە بە کۆنمرەی (75) وە هاتووەتە بەشەکە، قوتابی خۆمان بووە پاش تەواوکردنی بەکالۆریۆسەکەی لەیەکێک لەکۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دامەزراوە، بێگومان بە گرێبەست. یەکەم مووچەکەی لە هی پزیشک زۆر زیاتر بووە و بەراورد لەگەڵ هیلاکی و بەرپرسیارێتی پزیشک زۆر کەمتر بووە،  هەرچی بە گوێرەی مسۆگەرییەوە ئەوە زیرەکیت ڕۆڵ دەبینێت، هەوڵبدە ئەوپارەیەی وەری دەگریت بەفیڕۆی مەدە و کۆیبکەرەوە، تا دوای نەمانی کارەکە سوودی لێوەربگریت وپڕۆژەیەکت هەبێت!  بەبڕوای من هەرگیز بیر لە دامەزراندن لەکەرتی حکومی مەکەرەوە، هەرچەند لە ئێستادا خۆی هەر نیشە! هاوڕێیانی ئازیز، دامەزراندن هەرلەم ناوچەیە ماوە ئەگینا لەهیچ شوێنێک باوی دامەزراندن نەماوەو هیچ حکومەتێک ناچێتە ژیر باری دامەزراندن، تەنانەت لە وڵاتێکی وەک ئیماراتی عەرەبیش بۆ پرسی دامەزراندن، ئەگەر کەسەکە بێیانە بێت ئەوا  دەبێت لە سەر حسابی خۆی بخوێنیت و کاریشی دەست ناکەوێت، بەڵام بۆ هاووڵاتییانی خۆیان دەبێت قوتابی لە پۆلی (12)دا سپۆنسەری هەبێت، واتە بۆ نموونە باوکی لە سوپادایە، ئەوکاتە سوپا سپۆنسەری قوتابییەکە دەکات و پاشان دەبێت بۆ(  5) ساڵ لە بواری سەربازیدا کار بکات، و بەو شێوەیە!

هاوڕێیانی دەرچووی پۆلی دوازدە، کاتێک دێیتە زانکۆ، یان پەیمانگە، یان لە هەرشوێنێکی تردا دەخوێنیت، یان کار دەکەیت، دڵسۆزبە بۆ کار و گەل و نیشتمانەکەت و لە کەمتەرخەمی و گزی و خۆدزینەوە دووربکەوەرەوە و هەرگیز کورتبین مەبە و چاوت لە دەستکەوتی زۆر لە ماوەیەکی کورتدا نەبێت، چونکە ئەوە نادروستە! هەڵبدە خۆت دروست بکەیت و بیر و تێڕوانینت بۆ داهاتوو داڕێژیت. من ئامانجم ئەوەیە، کە پێتان بڵێم بەدڵێکی خۆشەوە هەنگاو بنێ و تادەتوانیت گوێگر و خوێنەرێکی  باشبیت و کۆڵ نەدەر بیت، ئەنجامی پۆلی دوازدە کۆتایی دونیا نییەو ڕێگەکە زۆری ماوە و دەتوانیت چەندین بوار هەیە خۆتی تێدا تاقیبکەیتەوە، بە دڵنیاییەوە لە یەکێکیاندا سەرکەوتوو دەبیت.

سوپاس: ڕێز و سوپاسی زۆر بۆ هاوڕێی ئازیزم د.جەمال مستەفا حەسەن ( پسپۆڕی فیزیا)، بۆ هاوکاریکردنم لە پێدانی زانیارییەکان سەبارەت بە هەردوو وڵاتی کەنەدا و ئیماراتی عەرەبی.

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی تورکیا: ئەندامانی پەکەکە بەئارەزوی خۆیان لەپارێزگای سلێمانی هاتوچۆ دەکەن
تەیف سامی: موچەی خانەنشینانی ھەرێم و عێراق هاوتا ناكرێت
میدیا عێراقییه‌كان هۆكاری دواكه‌وتنی ناردنی‌ موچه‌ی موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ئاشكرا ده‌كه‌ن
له‌گه‌ڵ فشاره‌كانی‌ پارتی‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی‌ سەردانی‌ ئێران ده‌کات
وەفدێكی سینات بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئەمریكا وەك هاوپەیمانێك گرنگی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم دەدات
"موچەی مانگی 4 بەدەستپێکردنی به‌بانكیكردنی‌ موچه‌و ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ دەنێردرێت"
په‌رله‌مانتارێكی پارتی: هەڵبژاردن دواشبخرێت مه‌رجه‌كانمان جێبەجێ نه‌كرێت بەشداری ناکەین
وه‌فدی بانكی TBI سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كات‌و لەگەڵ تیمی پرۆژەی "هه‌ژماری من" كۆده‌بێتەوە
پەیامێك لە دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە لەبارەی تەوتین و هەژماری من
بانكی TBI: بۆ دانانی میکانیزمی‌ بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم سه‌ردانی‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×