دونیایەک بە یاسای جەنگەڵ!

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2024-01-01     213

پڕۆفیسۆر لە بەشی زەویناسی / زانکۆی سلێمانی

 ibrahim.jaza@univsul.edu.iq 

 

پەندێکی کۆری زۆر بڵاو هەیە، کە وابزانم کەس نییە نەیبیستبێت ئەویش ( حکومکردن بە یاسای جەنگەڵ)ە. یاسای جەنگەڵ چییە؟ کاتێک ئاماژە بە یاسای جەنگەڵ دەکرێت، مەبەست لە دۆخێکە کە هیچ یاسا و ڕێسایەک نییە بۆ بەڕێوەبردنی شێوازی ڕەفتارکردنی مرۆڤەکان و لە ژینگەیەکی ئاوادا مرۆڤەکان هێز بەکاردەهێنن لەپێناو  ئەوەی  دەیانەوێت بەدەستی بهێنن.  بە واتایەکی تر، ئەگەر وا لە شەڕانگێزی بکەیت پارە بدات، ئەمە دەبێتە یاسای جەنگەڵ.

جاران بەکارهێنانی ئەم پەندە بۆ چەند شوێنێک لە جیهاندا بەکاردەهات ، بۆ نموونە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی وەک نازی و فاشی و پۆلپۆتی و سەدامی و هتد، واتە بڵاوبوونەوەی سنوورداربوو و گشت جیهانی نەگرتبووەوە وەک ئێستا! دیاردەیەکی سەیر و بێ ئەندازە ئابڕووبەرانەیە، کە مرۆڤایەتی لە سەدەی بیستویەکدا بێت و کۆمەڵگەیەکی نادادپەروەر و نامرۆڤانە لە ئارادا بێت! ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بڕوامان وابوو، کە بەزیاتر پێشکەوتن و فراوانبوونی بیری خەڵکی سیستەمە سەرکوتکەرە بێ ئابڕووەکانی دونیا بەرەو نەمان دەچن و کۆمەڵگەیەکی ئازادی یەکسانی بێ ستەم دێتەکایەوە و خەڵکانی زۆرلێکراوی ستەمدیدە ئازادی بەدەست دێنن و چیتر چەوساندنەوەی ڕەگەزی و نەتەوەیی و چینایەتی نامێنیت و خێر و بێری سەر ئەم ڕووی زەوییە بۆ خێر وخۆشی خەڵک دەبێت و لە پێناو پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی و پەروەردە و فێرکردنی وڵاتانی هەژاردا بەکاردێت، بەڵام زۆر بە داخەوە ڕەوڕەوەکە بەو ئاراستەیە نەڕۆیشت و پێچەوانە بووەوە!

چۆن دەبێت و دەکرێت لەم دونیا فانییەدا مرۆڤایەتی بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڤایکینگ و هۆزە بکوژەکانی مەغۆل و خەڵکە نەفامەکانی نیمچەدوورگەی عەرەبی و هەموو بیر و هۆش و ئاواتی خەڵکی ببێت بە دەستبەسەراگرتنی سامان و ئازادی خەڵکانی تردا، ئیتر هەر ناوچەیەو بە جۆرێک و بە ڕێگەیەک. چۆن دەبێت لە سەردەمێکی وەک ئێستادا، کە بە سەدان بلیۆن دۆلار لە کەرەستەی جەنگی و کوشتن و قڕکردنی هەندێک لە دانیشتووانی سەر ئەم ڕووی زەوییە بەکاردەخرێت، کەچی لەلایەکی ترەوە سەدان هەزار کەس و بگرە بەملیۆنان لە مرۆڤی سەر ڕووی زەوی بۆ پارچەیەک نان و مشتێک گەنم و برنج چاویان بەرەو ئاسمان کراوە و پڕفرمێسک بێت؟ ئەمە چۆن مرۆڤایەتییەکە لەم سەردەمەدا؟ لەهەندێک شوێن و جێگەی ئەم سەر ڕووی زەوییە چەندین ڕێکخراو  و کەسایەتی بۆ پاراستنی داڵێک، یان کەرێک، یان سەگێک هەزاران دۆلار خەرج دەکەن و لەلایەکی تریشەوە منداڵەچاو لە ئاسمانەکانی وڵاتانی ئەفریکاو ئەفغانستان و فەلەسەتین و چەندین وڵاتی تر چاوەڕێی مردنێکی لەسەرخۆبن! دیمەنێکی سەیرە ئایا دەشێت مرۆڤ هێندە دڵی ڕەقبێت مرۆڤی خوشک وبرای خۆشنەوێت و بۆئەوەی بڕێکی زیاتر پارەو نانی بۆ خۆی دەستبکەوێت، مرۆڤێکی تر لەناوبەرێت؟ ئەم کارە دەکرێت پیادەبکرێت و زۆر بڵاوبێت، بەڵام نەک لە کۆمەڵگەی بەشەرییەتدا بەڵکو لەناو مەملەکەتی ئاژەڵاندا ! تەنانەت لەناو زۆرێک لە گیانەوەرانیشدا چینە لاواز و بێ هێزەکان قڕناکرێن، بەڵام لە کۆمەڵگەی نامرۆڤایەتی سەدەی بیستویەکدا بەبەرچاوی دونیاوە کوشتن و قڕکردنی مرۆڤ وەک کارێکی ئاسایی و یاسای سەیردەکرێت! ئەمە بەڕاستی  لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەرچووە و ناکرێت دروستکراو و خەلیفەکەی خوا هێند بێ ڕەحم و بێ ویژدان بێت!

بنواڕە ئەم بارودۆخەی ئێستای سەر ڕووی زەوی، خەریکە شەڕ و کوشتن( ئیتر بەهەر بیانوویەکەوە بێت)  بەتەواوی زاڵ دەبێت بەسەر هەست و هۆشی مرۆڤایەتی و کەس حساب بۆ خوشک و برای ناکات! بیرتان دێنمەوە ساڵانی زوو لەگەڕەکێکدا کە دوو کەس بەشەڕ دەهاتن بەخێرایی ڕیشسپییەک، یان بەتەمەنێک دەکەوتە نێوانییانەوە و شەڕەکە کۆتایی دەهات و ئاشتی بەرقەرار دەبووەوە، بەڵام سەرنج بدە سەردەمی ئێستا، سەردەمی ژیری دەستکرد و گەشتی مرۆڤ بۆ ئاسمان و بنی زەریاکان کەچی لەکاتی شەڕ و ناکۆکییەکاندا کەس نییە دەستی بکوژ بگرێت، کەس نییە ببێت بە ناوبژیکەر! واتە کێ بەهێز بێت کەرەستەی کوشتن و بڕینی زۆری هەبێت، هەستی مرۆڤایەتی نەبێت ( ئەگەر هەشیبێت ڕووکەشییەو دوورە لە ڕاستییەوە) ئەوە سەردەستەو خاوەن قسەو خاوەن بڕیارە!

بەبڕوای من ئەگەر مرۆڤایەتی بەم شێوەیە ڕێ بکات و پێداچوونەوە بە سیستەم و دەسەڵاتی زۆرداران نەکرێت و نەخشە ڕیگەیەک بۆ ڕزگارکردنی لەلایەک ژینگە و لەلایەکی تریش هاونیشتمانیانی سەر ڕووی زەوییەوە ئامادەنەکرێت و ئاوڕێک لە خەڵکانی بێ هێز و کەمدەرامەت نەدرێتەوە شتێک نامێنێت بە ناوی مرۆڤایەتی، بەڵکو یاسای نێو جەنگەڵ پیادەدەکرێت!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×