بەڵی لەپەیامەکە تێگەیشتین!

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2024-06-08     336

بەشی زەویناسی\ زانکۆی سلێمانی

ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

سەبارەت بە پەیامەکەی ڕۆژی چوارشەمە( ٥-٦-٢٠٢٤ )ی کاک قوباد(١) لە وتارێکدا داوامکردبوو، کە وەڵامێکی کورت وپوختیان هەبێت سەبارەت بە پڕۆژەی بناری گۆیژە(٢)! وا بەسوپاسەوە پارێزگار و پارێزەری شاخ وداخی وڵات کاک د.هەڤاڵ ئەبوبەکر ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبری جێگری سەرۆکی حکومەت وەڵامی داینەوە(٣)!

د.هەڤاڵ زۆر بەڕوونی باسی ئەوەیکردووە لەسەردەمی ئەودا نەبووە، کە پڕۆژەکە ڕەزامەندی لێدراوەو ئیتر خۆ ئەوە کاری نەکردەیە هەڵبووەشێنرێتەوە! ئای بەخۆشی بێت، کورد وتەنی"باش هاتینەوە"! ئەمەش بخەرە ئەولاوە و هەروازی لێبێنە و کوردوتەنی " بەردێکی لەسەر دابنێ"، بەڵام خۆ ناکرێت بەسەر ڕستەیەکی تری ئەوبەڕێزەدا باز بدەین، کە دەفەرموێت" گردێکی بەردینی مردوو دەکرێت بە گردێکی زیندوو"! یەک وەڵامی کورت بۆ جەنابی پارێزگار، ئێ خۆ ئەزمڕیش هەر شاخێکی بەردینی مردووە، خۆ بەرانان و سەگرمە و هتد، هەر شاخی بەردینی مردوون، کەواتە ئەوانیش هەردەبێت بەدەردی گۆیژەکەمان بچن! لەسەر ئەم بابەتە زیاتر ناڕۆم، چونکە هەر ئەوەندە بەسە "ئەوکەسە کەسە ئەلفێکی بەسە"! باشە پارێزگار و پارێزەرانی کێو ودەشتی ئەم وڵاتە، کە ئێمە شاخ و دۆڵ و دەشتەکانی وڵاتمان بەئێوە سپاردووە ، لەخۆتان پرسیوە، ئەم پڕۆژە موهیمە بەبڕی ٧٠ ملیار دینار کام هاوڵاتی هەژاری ئەم وڵاتە دەیکڕێت و دەچێتە ناوی؟ کام کرێنشین ڕزگار دەکات؟ خەندە دەخاتە سەر ناوچەوانی کام کەسوکاری ئەنفالکراوانی ڕزگاری و شۆڕش؟ کام دایکە جگەرسووتاوی هەڵەبجە شاد دەکات؟ بێگومان وەڵامتان نییە و ناشتانبێت، چونکە وەڵامەکەی ڕوونە ، ئەم پڕۆژەیە بۆ کەسانی دەوڵەمەند و خوشک وبرایانی بێیانەیە و بۆ ئێوەی داماوی وڵات نابێت!

ئەمەش بخەرە لاوە، کوردوتەنی " هێند شڕ بووە نازانی کوێی بگریت"، باشە ئەم هەموو تەلارە بیست و سی قاتە، کەئێستا لەشاری سلێمانیدا هەن بەس نییە بۆ بێیانەکان؟ شار پڕ بووە لە بێیانە، کاکی پارێزەرانی وڵات!

وازلەمەشبێنە، تۆ دەتەوێت پێم بڵێیت بۆ لە دوبەی وا دەکرێت ، بۆ لە تورکیا وادەکرێت، بۆ لە ئوردن وادەکرێت و کێشە نییە؟ چونکە ئەوانە هەرگیز کێشەیان نییە و ناشیانبێت، چونکە وڵاتن ، چونکە بیست ملیۆن کورد و عەرەب بچێتە تورکیا، تورکیا هەرتورکیایە!  کاتێک خۆت بەراورد بکە بە وڵاتانی تر، کە تۆ بتوانیت بودجە و موچە دابینبکەیت، بتوانیت بەرانبەر بەغدا بەهێزبیت، نەک نەتوانیت وەڵامیان بدەیتەوە! کاتێک خۆت بەراورد بکە، کە بتوانیت خەڵکی بۆ ڕێپێوانێکیش ئامادەبکەیت و لەگەڵتدابن، خۆ وازمان لە شەڕ هێناوە ( چونکە تۆ نەتوانیت فیشەکێک دروست بکەیت ئیتر شەڕی چی!).

من تێناگەم بۆ وەبەرهێنانی ئەم کوردستانە بریندارە هەر دەبێت تەلار و خانوو بێت و بیر لەدەیان شتی ونبووی وڵات ناکەنەوە!

 

پەراوێزەکان:

(١) https://www.awene.com/detail?article=107617

(٢) https://www.awene.com/article?no=21342&auther=2706

(٣) https://www.awene.com/detail?article=107701

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×