بایکۆت و فێرکردن

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2023-10-16     220

پڕۆفیسۆر لە بەشی زەویناسی / زانکۆی سلێمانی

 ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

لەوتارەکەی پێشوومدا هەوڵمدا جووڵەیەک بخەمە نێو ناوەندەکانی فێرکردنی حکومیی لە شاری سلێمانی و دەوروبەری، بەتایبەتی زانکۆی سلێمانی(١)، کە تا ئێستا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و کەسیش نە قسە دەکات نە بەخێر و نەبە شەڕ! هەوڵمدا سەرۆکی زانکۆی سلێمانی قسە بکات، بەڵام هەر هیچ! دیارە قسەی مامۆستایانی دڵسۆزی زانکۆ وەرناگیرێت و حسابی بۆ ناکرێت!  لێرەدا پرسیارێک سەرهەڵدەدات، ئایا ئەم بایکۆتەی مامۆستایان بەردەوامی پێدەدەن سەرەڕای وەرگرتنی مووچەی مانگی حەوت، ناکرێت سیاسی بێت؟ بەواتایەکی تر تا ئێستا بڕیاربەدەستانی ئەم ناوچەیە هیچ لێدوانێکیان نییە! نە بە مامۆستایانی سەربەخۆیان، کە زۆرینەن دەڵێن بچنەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن، نە ئەوەیە بڵێن مەچنەوە! سەیرە! بۆچی وایە! تۆبڵێی ئەمەش گەمەیەکی سیاسی بێت؟ بۆ نا هەموو شتێک دەگونجێت!

باکەمێک وردتری بکەینەوە... ئایا ناکرێت لێپرسراوانی ئەم ناوچەیە ( واتە ناوچەی سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین و هەڵەبجە) قسەیەک بکەن، یان بۆ نایکەن؟ ئاخر کات دەڕوات و خوێندنگە و زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان دوادەکەون لە پرۆسەی فێرکردن و ئەمە کەلێنێکی گەورە لە ژینگەی قوتابیان و خوێندکاراندا دەخولقێنێت! لەهەمانکاتدا هەرچی فێرگەی تایبەتە دەوامی خۆیان دەکەن و یەک ڕۆژ دوانەکەوتوون! مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی سلێمانی دەوام ناکات، بەڵام لە زانکۆیەکی تایبەتی ناحکومی یەک کاژێریش دواناکەوێت!

لەیەکێک لە کۆبوونەوەکانی ڕۆژانی بایکۆتی مامۆستایانی کۆلیجی زانست پێش چەند ساڵێک، کەلەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی کوردستان ئەنجامدرا، ڕێک بە وەزیرم وت نەدەکرا ڕاستەوخۆ بێیت بۆ کۆلیج و لەگەڵ مامۆستایاندا کۆببیتەوە؟ وەڵامەکی ئەوەبوو، کە ئەو هیچ مەناعەتی نییە، ئەگەر سەرۆکی زانکۆ ڕێگەی بدات و زۆر ئاساییە! وەڵامێکی سەیر!  جائیتر چاوەڕێی چی بکەین!

بەهەرحاڵ، من سەرم دەسووڕمێت و نازانم بۆ حکومەتی سلێمانی قسەناکات دەربارەی ئەم بایکۆتە؟ وەڵامەکەی بە بڕوای من ئەوەیە، کە حکومەتی سلێمانی ئەم بایکۆتە وەک کارتی فشار بەکاردێنێت و پیشانی دەدات کە چۆن زوڵم لەم ناوچەیە دەکرێت، ئەمە لەلایەکەوە و لەلایەکی تریشەوە هەوڵ دەدات کە حکومەتی کوردستان ناشرین بکات و خەڵکی متمانەیان پێ نەمێنێت! خۆ ئەگەر ئەم بۆچوونەم دروست بوو، ئەوا ئەمە تاوانە بەرانبەر نەوەکانی گەلی کورد و ئەوە سیاسەتکردنە بە کەرتی خوێندنەوە! خۆ ئەگەر وانییە بۆ هیچ هەنگاوێک نابینین بۆ هاندانی مامۆستایان تا بگەڕێنەوە ناو فێرگەکانیان! لەلایەکی تریشەوە، نازانم سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران بۆ بە جدیی باس لە کێشەکە ناکەن! واتە چی دەبوو بهاتنایەتە شاری سلێمانی و لەنزیکەوە چاوییان بە مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی هەندێک لە خوێندنگە  و مامۆستایانی زانکۆ  بکەوێت و گفتوگۆیەکی لێکتێگەیشتن ئەنجام بدەن! بۆ نموونە وانەوتنەوەی مامۆستایانی زانکۆ پەیوەستە بە خەرجکردنی سەروانەی دە مانگی ڕابردوو، کە دەپرسن بۆ تا ئێستا خەرج نەکراوە و ناکرێت؟ کە ئەم پارەیە لە زانکۆکانی تر خەرج کراوە و کێشەیان نییە! ئەگەر تاوانی سەرۆکایەتی زانکۆیە دەست نیشانی بکەن و چارەی بکەن! واتە کێشەکە هێند گران نییە، کە چارەسەر نەبێت و مامۆستایان بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.

وەک ئاماژەم پێدا زۆرینەی مامۆستایانی ئەم ناوچەیە لایەنگری دەسەڵاتی حکومەتی ئەم ناوچەیەن، هەر وەک چۆن زۆرینەی مامۆستایانی ناوچەکانی هەولێر و دهۆک لایەنگری دەسەڵاتی حکومەتی ناوچەی هەولێرن، بۆیە زۆر بە ئاسانی دەکرێت بە بڕیارێکی ژێر بە ژێری  حیزبی یان ئیعازێک مامۆستایان بگەڕێنەوە ناو هۆڵەکانی فێرکردن! دڵنیاشم کۆتاییەکەی ئەم بایکۆتەش هەر بەو بانگەوازە کۆتایی دێت و ئیتر کەس، جگە لە چەند کەسێکی وەک ئێمەومانان، باسی ناکات و  بە پەلە بە سەرکەوتوویی ساڵی خوێندن تەواو دەکەن، هەر وەک هیچ ڕووی نەدابێت! ئەزانن ئەم دەوام نەکردنە چەند زیان بە گشت لایەک دەگەیەنێت، بەتایبەتی ئاست و سومعەی فێرگە حکومییەکان، لە باخچەی ساوایان تا زانکۆ!

ئەمە یارییەکی زۆر ترسناکە، کە ژینگەیەکی ناتەندروست بۆ پرۆسەی فێرکردن ئەخولقێنێت و هەوڵێکی بەئاگا یان بێ ئاگایە بۆ لێدان لە کەرتی پەروەردە و فێرکردنی حکومیی. بەڵگەیەکی ڕوون کە ئێستا ڕوودەدات، زیاد لە بیست هەزار کورسی خوێندن لە زانکۆ حکومییەکاندا بە بەتاڵی ماونەتەوەو هیچ خوێندکارێک نەهاتووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورسییانە! ئەمە واتای ئەوەیە، کە دەرچووانی پۆلی دوازدە نایەنە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان، بەڵکو دەڕۆن بە پارە دەخوێنن! حکومەتی کوردستانیش لەبری ئەوەی ڕێ بە کردنەوەی زانکۆی تایبەت نەدات، لەبری ئەوەی ڕێگە نەدات مامۆستایانی زانکۆ حکومییەکان بچن لە زانکۆ تایبەتەکان وانە بڵینەوە و هانیان بدات بچنەوە ناو هۆڵەکانی خوێندن لە زانکۆ حکومییەکاندا، کەچی دێت هەندێک لە بەشەکانی ناو زانکۆ حکومییەکان دادەخات بەبیانووی ئەوەی کە خوێندکارییان نییە! ئەوە چەندین ساڵە دڵسۆزانی کەرتی فێرکردن دەنووسن و هاوار دەکەن، کە سنوورێک بۆ فێرکردنی تایبەت دابنرێت، کەچی وەزارەت باکی نییە و گوێ لە کەس ناگرێت! ناڵێت هەڵەی وەزارەت بووە ئەم هەموو ڕێگە پێدانە بۆ کردنەوەی زانکۆی تایبەت، ئێستا دێت و دەڵێت چونکە بەشی فەلسەفە ، یان جوگرافیا خوێندکاری زۆر کەمە، یان ئەمساڵ نییەتی دایدەخەین! هەر هیچ نەبێت وەزارەت عەقڵی ئەوەشیان نییە بڵین، ئادەی با لە مامۆستایانی بەشی فەلسەفە بپرسین بۆچی ئاوامان بەسەردێت؟ تا تێیان بگەیەنن، کە ئێوە خەریکی چ تاوانێکن دەرهەق بە خوێندن و پرۆسەی فێرکردن لەم وڵاتە! با بۆتان ڕوون بکەنەوە، کە ئێوەن هۆکاری نەهاتنی خوێندکاران بۆ زانکۆ حکومییەکان نەک کواڵیتی فێرکردن و ئەو بەشە گرنگانەی، کە ئێوە دەڵێن بازاڕی نییە و بەتەمان دایبخەن!

ئێشتا درەنگ نییە، کە وەزارەت و دەسەڵاتی سلێمانی ئاوڕێکی جدیی لەم مەسەلەیە بدەنەوە و زوو چارەی بکەن، ئەویش لەپێناو دواڕۆژی نەوەکانی ئەم وڵاتە و کەرتی فێرکردن لەم ناوچەیە بهێننەوە سەر ڕێگە ڕاست و دروستەکەی خۆی، ئەگینا ئەم دەزگایانە  نەوەیەکی زۆر نەخوێندەوار و بێ ئینتیما بەرهەمدێنن!

 

پەراوێزەکان:

١-ئیبراهیم محەمەد جەزا، لە زانکۆی سلێمانی چی دەگوزەرێت؟ 27-9-2023 ماڵپەڕى ئاوێنە، بڕوانە: 

https://www.awene.com/article?no=20676&auther=2706

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی تورکیا: ئەندامانی پەکەکە بەئارەزوی خۆیان لەپارێزگای سلێمانی هاتوچۆ دەکەن
تەیف سامی: موچەی خانەنشینانی ھەرێم و عێراق هاوتا ناكرێت
میدیا عێراقییه‌كان هۆكاری دواكه‌وتنی ناردنی‌ موچه‌ی موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ئاشكرا ده‌كه‌ن
له‌گه‌ڵ فشاره‌كانی‌ پارتی‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی‌ سەردانی‌ ئێران ده‌کات
وەفدێكی سینات بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئەمریكا وەك هاوپەیمانێك گرنگی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم دەدات
"موچەی مانگی 4 بەدەستپێکردنی به‌بانكیكردنی‌ موچه‌و ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ دەنێردرێت"
په‌رله‌مانتارێكی پارتی: هەڵبژاردن دواشبخرێت مه‌رجه‌كانمان جێبەجێ نه‌كرێت بەشداری ناکەین
وه‌فدی بانكی TBI سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كات‌و لەگەڵ تیمی پرۆژەی "هه‌ژماری من" كۆده‌بێتەوە
پەیامێك لە دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە لەبارەی تەوتین و هەژماری من
بانكی TBI: بۆ دانانی میکانیزمی‌ بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم سه‌ردانی‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×