زانست چییە؟

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2023-07-06     2346

زانست بریتییە لە ڕێگەیەکی بەردەوامی بەرنامە بۆ داڕێژراو لەسەر بنەمای گریمانەکان وچاودێریکردن وناسینەوە و پێوانەکردن و تاقیکردنەوە و داڕشتنی تیۆری، کە لە دواییدا یارمەتیدەرە بۆ شیکاریی و لێکدانەوەی دیاردە سروشتییەکان. ئەم بەرنامە ڕێژییە وادەکات، کە گریمانەکان هێواش هێواش ببنە تیۆرییەکی زانستی، کاتێک پێوانەکردن و تاقیکردنەوەکان گریمانەکە بەرەو تیۆری دەبەن و لەکۆتاییشدا زانست دەبێت بەو شتەی، کە لێکدانەوەی سروشت لەخۆدەگرێت. زانست جیاوازییەکەی لەگەڵ بیرو باوەڕ ئەوەیە، کە لەڕێگەی تاقیکردنەوە وە دەگات بە ئەنجام. بەواتایەکی تر زانست بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە جیهانی سروشتی لەڕێگەی سەرنجدان و پێوانەکردنی دیاردەکان لەم گەردوونەدا. ئەنجامەکانی توێژینەوەی زانستی بابەتییانەن، چونکە دەکرێت لەڕێگەی  پسپۆڕان، یان چاودێری بێ لایەنەوە سەلماندن، یان نەسەلماندنی داتای زانستیی یەکلایبکرێتەوە!

لایەنە زانستییە ئەکادیمییەکان بڕوایان وایە، کە زانست زۆر کۆنە و ڕەگی زانست دەکرێت لە میسری کۆن و ناوچەی میزۆپۆتامیادا پێش ٣٠٠٠ بۆ ١٢٠٠ ساڵ پێش زاین بەدیبکرێت! تائاستێک ناوەندە زانستییەکانی جیهان کۆکن لەسەر ئەوەی، کە ئەرستۆ بە یەکەم زانا دابنرێت، هەرچەندە ئەمە تائاستێک لەگەڵ کۆنی زانست لە ناوچەی میزۆپۆتامیادا یەکناگرێتەوە، کە دەبوو یەکەم زانا لەم ناوچەیەدابووایە! گریکەکان لە سەدەی چوارەمی پێش زایندا کاری زانستیان ئەنجامداوە، وەک چاودێریکردن و باسکردن و ڕوونکردنەوە. لەسەدی بیستەمیشدا زانای بەناوبانگی فیزیا ئەلبێرت ئاینشتاین زانای ئیتالی گالیلۆ گالیلی ( ساڵی ١٥٦٤ لە شاری پیزا لە ئیتلایا لەدایکبووە) بەباوکی زانستی سەردەم ناوزەد کردووە.

 

گریمانە چییە؟

کەواتە دەبێت لە پێشدا بزانین گریمانە چییە؟ گریمانەی زانستی بریتییە لە دانانی ژمارە و داتا لە جیهانی سروشتدا، لەبەرئەوەشە، کە لەوانەیە  ڕاست و دروست، یان هەڵە و نادروست بێت! گریمانەی زانستی چەندین چەمک و بابەت پێشنیار دەکات، کە پێویستی بە تاقیکردنەوە و پێوانەکردن و تۆمارکردن و لێکدانەوەی داتاکان هەیە تا لە ڕاست ودروستییەکەی تێبگەین، کەواتە دەبێت  کاری جدیی لەسەر گریمانە بکرێت تا بمانگەیەنێت بە ئاستی داهاتوو، کە ئەویش تیۆری زانستییە. بەپێچەوانەی گریمانەی زانستییەوە، چەمکی بیرو بۆچوونەکان لەوانەیە ڕاست، یان هەڵە بێت، باش یان خراپ بێت، جوان یان ناشرین بێت و بەم شێوەیە، کە ئەم بۆچوونانە لەدەرەوەی ناوچەی زانستی ئەژماردەکرێن.

 

تیۆری زانستی چییە؟

تیۆری زانستی تەنیا لێکدانەوەیەکی کاتیی، یان ئەبستراکتی دیاردە سروشتییەکان نییە، بەڵکو بریتییە لە بەرزترین ئاستی لێکدانەوەی زانستی، کە دەکرێت پێشبینی داهاتووش لەسەری بنیات بنرێت. ئەم تیۆرییە لە ئەنجامی تاقیکردنەوەی بەردەوامی گریمانەی زانستییەوە دەستدەکەوێت. تیۆری زانستی بریتییە لە چەند یاسا وڕێسایەکی بەهێز، کە هەوڵی لیکدانەوەی دیاردەیەکی سروشتی دەدات. تیۆری زانستی بەهێز و ڕەگداکوتاو ئەوەیە، کە بۆ دەیان و سەدان ساڵ دەوەستێت لەبەردەم تاقیکردنەوە و پێوانەکردن، خۆ کاتێک گەشەکردن و خاڵی وەرچەرخان بێت ئەوا ئەو تیۆرییە لە ناو خەڵکدا بە شۆڕشی زانستی ناودەبرێت.

 

بۆچی زانست گرنگە؟

زانست تەنیا هەندێک تیۆری و زانیاری تاقیکراوە نییە، بەڵکو زانست بریتییە لە ڕێگەی تێگەیشتنی بەردەوام لە سروشت و دیاردەکانی ناوسروشت، کە تێیدا دەژین. زانستە، کە بەشێوەیەکی بەرنامە داڕێژراو بڕیار لە وەرگرتن، یان وەرنەگرتنی تیۆرییەکی زانستی، یان تێگەیشتنێک دەدات! هەرچی پێشکەوتنی زانستیشە لەڕیگەی جێبەجێکردنی بنەماکانی بەرنامەی زانستییەوە ئەنجامدەدرێت. جێبەجێکردنی ڕێگەی زانستی وای لە مرۆڤایەتی کردووە، کە پێشکەوتن ڕووبدات لە بیر و بۆچوون و تێگەیشتنمان بۆ ماتماتیک و شیکارییە ژمێریارییەکان. زانست ڕێگەی سەیرکردنمانی بۆ جیهان و گەردون گۆڕی. زانستە، کە ڕێگە ئەندازیاری و تەکنەلۆژییەکان و پێواژۆییەکی ئابووری و ڕێگەی دەستکەوتنی ئەنجامی زانستی بەرجەستەدەکات و کاریگەی قووڵی لەسەر مرۆڤایەتی هەیە.  زانستە، کە ڕێگەی پێویست بۆ تێگەیشتن و لێوردبوونەوە لە سروشتی چواردەورمان دابیندەکات. زانست بریتییە لە تێکڕای زانیاری،  کە لەسەر بنەمای بەڵگە و سەلماندن بنیاتنراوە.

 

لقەکانی زانست کامانەن؟

بەشێوەیەکی گشتی هاوڕابوونێک لەسەر ئەوە هەیە، کە زانست لە بنەڕەتدا دەکرێت بە سێ لقی سەرەکییەوە، کە ئەوانیش بریتین لە زانستی فیزیا، زانستی زەوی، و زانستی ژیان. هەریەکێک لەم لقانە تایبەتمەندی خۆی هەیەو ڕێبازی لێکۆڵینەوەی جیاوازی هەیە، بەڵام هەموویان پێکەوە کار دەکەن بۆ زیاتر تێگەیشتن لە دیاردە سروشتییەکانی ئەم گەردوونە. هەریەکێک لەم لقانە چەندین پسپۆڕی ورد و زانستی جیاواز لەخۆدەگرێت، بۆیە باشتر وایە هەریەکێک لەولقانە کەمێک بە درێژی تیشک بخەینە سەر بەشەکانیان:

١-زانستی فیزیا ( Physical science ): زانستی فیزیا ئەوبەشەی زانستە، کە لە ماددە نائەندامییەکان دەکۆڵێتەوە، واتە تایبەتە بە ماددە نازیندووەکان. ئەوکەسانەی، کە لەبواری فیزیادا کاردەکەن زۆرینەی کار و توێژینەوەکانیان سەبارەت بە دۆزینەوەی چۆنێتی کارکردنی ماددەکان و دیاردەکانی گەردوون گفتوگۆدەکەن. بێگومان نابێت لێمان تێکبچێت وابزانین ئەم لقە تەنیا تایبەتە بە فیزیا خۆیەوە، بۆیە چەندین بەشیتر لەم لقەدا هەن، کە هەندێکیان یان گرنگەکانیان لەخوارەوە ئاماژەیان بۆ دەکەین:

فیزیا: ئەم زانستە گرنگە هەوڵی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەی تیۆرییەکان دەدات، و ئەوکەسەی، کە پسپۆڕە لەم زانستەدا بە فیزیایی دەناسرێت. هەروەها لەهەوڵی بەردەوامدان بۆ داهێنان و دۆزینەوەی ئامێر و مەکینەی نوێ. بەشێکی گرنگ لە فیزیا بریتییە لە فیزیای بڕیی (  Quantum physics)، کە هەوڵ دەدات لەگەردوون بکۆڵیتەوە بەپێوەری گەردیلە و بچووکتر لە گەردیلە. پسپۆڕی بواری فیزیای بڕیی کار لەسەر تیۆری نوێ دەکات، کە لەوە و پێش کۆڵینەوەی سەبارەت نەکراوە!

کیمیا: زانستێکی زۆر کۆن و زۆر گرنگ، کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی ماددەکان. بەگشتی ماددەی تازە تاقیدەکاتەوە بۆ مەبەستی جیاواز، کە بێگومان لە ڕێگەی دەیان پسپۆڕیی وردی ئەم بەشەوە کارەکان ئەنجام دەدرێت.

ئەستێرەناسی: ئەم زانستە وەک لە ناوەکەیەوە دیارە تایبەتمەندە بە لێکۆڵینەوە لە دەرەوەی هەسارەی زەوی، واتە کار لەسەر ئەستێرەکان و گەلەئەستێرەکان دەکات. لە ئێستادا پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆژیا وەک وێنەگرتن و ناردنی کەشتییەکانی ئاسمان زۆر زانیاری لەڕێگەی ئەم زانستەوە زانراوە. هەروەها ئەم بەشە توانای نووسین و بەرنامەسازی پیشکەووتوویان هەیە بۆ باشتر تێگەیشتن لە گەردوون و دیاردەکانی بۆشای ئاسمان.

گەردوونناسی: ئەم بەشەی زانستەکانی فیزیا تایبەتمەندە بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوە و توێژینەوە سەبارەت بە بنەچەی گەردوون، پەیوەندی نێوان کات و بۆشایی و پەسنەکانی تری گەردوون.

زانستەکانی کۆمپیوتەر: لەسەردەمی ئەمڕۆدا کۆمپیوتەر بووەتە ئامێرێکی لەڕاددە بەدەر پێویست و بوار نییە ئەم زانستە خۆی تێنەئاخنیبێت، چونکە بوار نییە پێویستی بە کارئاسانییەکانی کۆمپیوتەرسازی نەبێت و چاوەڕێی شیکاری گرفتێک یان کێشەیەک نەکات.

٢-زانستی زەوی (Earth science): ئەم لقەگرنگە بریتییە لە بەشێکی بواری زانستەکانی سروشت، یان زانستە سروشتییەکان، کە لە ماددەکانی زەوی و بەرگەهەوا دەکۆلێتەوە. ئەم لقە چەندین پسپۆڕی ورد لە خۆدەگرێت، کە ئەمانە هەندێکیانن:

کەشناسی (سەقاناسی): ئەم زانستە تایبەت بە لێکۆلینەوە لە کەشوهەوایە و پێشبینی کەشوهەوا تاووتوێ دەکات. بەهەمان شێوە کۆمپیوتەرسازی و تیڤییەکان زۆر هاوکارن لە کاری کەشوهەواناسیدا و لە ئێستادا زۆرینەی کارەکان لە ڕێگەی بەرنامەی کۆمپیتەورییەوە ئەنجامدەدرێت و بڵاودەکرێنەوە.

نەخشەسازی زەوی: ئەم بەشە زۆر نزیکە لە زەویناسییەوە و لەزانیارییەکانی زەوی سوودمەند دەبێت. ئەم زانستە هەوڵدەدات، کە وابکات بە باشترین شێوە سوود لە بەکارهێنانی زەوی وەربگیرێت. ئەندازیاری و ماتماتیک بەشی سەرەکین لە جێبەجێکردنی نەخشەسازیدا.

زەریاناسی: ئەم پسپؤڕییە تایبەتە بە ئەنجامدانی توێژینەوە لە دەریا و زەریاکاندا، ئیتر لەڕووی زیندەوەرەکانییەوە بێت، یان پێکهاتەی ناوزەریاکان، یان بەشەکانی زەریا و هەروەها ژینگەکانی ناو زەریا.

زەویناسی: زانستی لێکۆلینەوە لە بنەچەو پێکهاتەی هەسارەی زەوی و گەشەکردن و گشت ئەودیاردانەی لەسەر زەوی و ناوەوەی زەوی ڕوودەدەن، وەک بومەلەرزە و گڕکان و لافاو و داچوونی زەوی و کەرتبوونی پلێتەکان و چەندینی تر.

بەردیوناسی، یان بەبەردبووناسی:  ئەم بەشە گرنگە و زۆر کۆنە هەوڵی لێکۆڵینەوە لە پاشماوەی بەجێماوی زیندەوەرە کۆنەکان دەدات لە ڕێگەی ئەو بەردیوانەی، کە لەدوایان جێماوە. ئەم بەشە زۆر بە وردی یارمەتی دۆزینەوە و دیاریکردنی مێژووی هەسارەی زەوی دەدات.

ژینگەناسی: ئەو زانستەیە، کە تایبەت بە ژینگە کاردەکات، ئیتر هەرلە بەشەکانی ژینگەوە تا گشت ئەوهۆکارانەی سەرچاوەی پیسبوونی ژینگەن. ژینگەناسی پەیوەندی توندوتۆڵی بە بەرگی زیندەوەریی و بەرگەهەوا و  بەرگی ئاوییەوە هەیە.

٣-زانستی ژیان (Life science):  ئەم بەشە گرنگە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە ماددە ئەندامییەکان، یان ئەوانەی کە زیندوون. ئەم زانستە هەوڵدەدات، کە خەڵکی تێبگەیەنێت چۆن سەیری جیهان بکەن، واتە چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕوووەک و گیانەوەران و مرۆڤدا بکەن. بەهەمان شێوەی زانستەکانیتر چەندین پسۆڕی ورد لە خۆدەگرێت، وەک:

زیندەناسی دەریایی: واتە ئەوبەشەیە، کە هەوڵی کۆڵینەوە لە ژیانی ناو دەریا و زەریاکان دەدات، جا هەندێکیان لێکۆڵینەوە لە شیردەرەکان و ماسی دەکەن و هەندێکیتریان لە وردە زیندەوەرانی ناو ئاو.

دەرمانسازی: یەکێکە لە زانستە هەرەگرنگەکانی پەیوەست بە ژیانەوە، کەهەوڵ دەدات دەرمانەکان بۆ نەخۆشی بدۆزیتەوە و گەشەیان پێبدات، ئەم زانستە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ زانستەکانی پزیشکی وزیندەزانیدا هەیە.

پزیشکی دادیی: ئەم زانستە زۆر گرنگە و هەوڵی شیکاری و لێکدانەوەی بەڵگەکانی تاوان دەدات، لەپێناو دەرخستنی ڕووی ڕاستی تاوانەکان. ئەم زانستە هەوڵی تاقیکردەنەوە و هەڵسەنگاندنی بەڵگەکان دەدات و بەزۆری لەناو تاقیگەکاندا کار دەکات، وەک دیاریکردنی دی ئین ئەی بۆ ناسینەوەی تاوانباران و توێکردنی لاشەکان.

زانستەکانی کشتوکاڵ: زانستێکی کۆن و سودێکی یەکجارگەورە بۆ مرۆڤایەتی. ئەم زانستە هەموو توانای خۆی بەکاردێنێت بۆ تاقیکردنەوە و باشترکردنی تۆوی دانەوێڵەکان و بەپیتکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان. زانایانی کشتوکاڵ لەڕێگەی زیندەزانی و زانیارییەکانی تایبەت بە بواری کشتوکاڵ هەوڵی دۆزینەوەی باشترین ڕێگە دەدەن بۆ زیادکردن و چاککردن وبەرەوپێشچوونی بەرهەمی کشتوکاڵی.

ڤایرۆسناسی: ئەم زانستە هەوڵی تێگەیشتن و ناسینەوە و کۆنترۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکان دەدات و بەم ڕێگەیەش نەخۆشی کەم دەبێتەوە. ئەم زانستە بەشێکی گرنگی زیندەزانییە و پێویستە کەسی پسپۆڕ لەم زانستەدا زانیاری تەواوی لە زانستی زیندەناسیدا هەبێت.

بێگومان ئەم بەشە لاوەکییانەی لقە سەرەکییەکانی زانست تەنیا چەند نموونەیەکی کەمن لە زانستەکان و زۆرێکی تر لە زانستەکان لە خۆدەگرێت، بەڵام ئەمانەی سەرەوە کە باسکران بەشێکن لەو پۆلانە، ئەگینا دەکرێت دەیان زانستیتر باسبکرێت و ڕۆڵی هەریەکێکیان هیچ کەمتر نییە لەمانەی، کە باسکران، بۆ نموونە زانستەکانی تایبەت بە بواری ئەندازیاری، یان ڤێترنەری، یان ماتماتیک، هتد.

 

نوسەری ئەم بابەتە پڕۆفیسۆرە لە بەشی زەویناسی / زانکۆی سلێمانی

 ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی تورکیا: ئەندامانی پەکەکە بەئارەزوی خۆیان لەپارێزگای سلێمانی هاتوچۆ دەکەن
تەیف سامی: موچەی خانەنشینانی ھەرێم و عێراق هاوتا ناكرێت
میدیا عێراقییه‌كان هۆكاری دواكه‌وتنی ناردنی‌ موچه‌ی موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ئاشكرا ده‌كه‌ن
له‌گه‌ڵ فشاره‌كانی‌ پارتی‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی‌ سەردانی‌ ئێران ده‌کات
وەفدێكی سینات بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئەمریكا وەك هاوپەیمانێك گرنگی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم دەدات
"موچەی مانگی 4 بەدەستپێکردنی به‌بانكیكردنی‌ موچه‌و ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ دەنێردرێت"
په‌رله‌مانتارێكی پارتی: هەڵبژاردن دواشبخرێت مه‌رجه‌كانمان جێبەجێ نه‌كرێت بەشداری ناکەین
وه‌فدی بانكی TBI سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كات‌و لەگەڵ تیمی پرۆژەی "هه‌ژماری من" كۆده‌بێتەوە
پەیامێك لە دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە لەبارەی تەوتین و هەژماری من
بانكی TBI: بۆ دانانی میکانیزمی‌ بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم سه‌ردانی‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×