دەربارەی سوودی کۆڕبەندەکان...

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2023-11-19     315

پڕۆفیسۆر لە بەشی زەویناسی / زانکۆی سلێمانی

 ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

سازکردن و ئەنجامدانی هەر کۆبوونەوە و کۆنفرانس و کۆنگرەیەک لەهەر شوێنێک بێت و لەهەر بوارێکدا بێت زۆر گرنگ و دڵخۆشکەرە، بەڵام بەمەرجێک سوودی هەبێت! واتە دەکرێت کۆنگرەیەکی گەورەو میوانێکی زۆر و تێچوویەکی قەبە و ئەنجامێکی زۆر بچووک، یان بێ ئەنجام کۆتایی بێت!

کاتێک قسە لەم بابەتە دەکەم، خۆم هەڵناقورتێنم و  لە ڕووی کردەییەوە کەمێک شارەزایم هەیە و بۆ نزیکەی دەساڵێک کاریی سەرەکیم کردووە لە ئامادەکردن و ئەنجامدانی کۆنفرانسی زانستی جیۆکوردستان، کە بەشی زەویناسی لە زانکۆی سلێمانی بەبەردەوامی هەردوو ساڵ جارێک ئامادەی دەکات و ساڵی داهاتوو (٢٠٢٤) شەشەمین  کۆنفرانس بەڕێوەدەچێت. تائێستا لە باشووری کوردستان تەنیا کۆنگرەی زەویناسییە، کە لەزاخۆوە تا خانەقین توێژەران بێ جیاوازی بەشداری تێدا دەکەن، ئەمە سەرەڕای بەژداربووانی ئێراق و وڵاتانی دراوسێ و چەندین وڵاتی تر. پاش هەر کۆنفرانسێک گشت توێژینەوەکانی، کە تایبەتن بە باری جیۆلۆجی کوردستان و لێکدانەوە و شیکاریی دیاردە زەویناسییەکان لە دوو توێی بەرگێکی تایبەت بڵاو دەبێتەوە و لێکۆڵەرانی ناوەوە و دەرەوەی کوردستان و خوێنەرانی بوارە جیاجیاکانی زەویناسی سوودی لێدەبینن، چونکە بابەتەکان تایبەتن بە کوردستان. بە بڕوای من ئیتر هیچ پێویست بە کۆنگرەیەکی تری زەویناسی لە باشووری کوردستان ناکات و بوونی یەکێکی تر زیادە! هەر گردبوونەوە و کۆبوونەوەیەک پارەی دەوێت ، کاتی دەوێت، وزەی کەسانی شارەزا و خومخۆر و خۆبەخشی دەوێت، واتە پێویستی زۆریی هەیە و لە خۆوە سازنابێت! سەرچاوەی پارەی ئامادەکردن و سازکردنی کۆنگرەیەک دەبێت دیار و ڕوون بێت! سەرچاوەی پارەی هەندێک لەم کۆبوونەوانە کەس نازانێت لەکوێوە دێت و چۆن خەرجکراوە! ئەمەی کە ئاماژەم پێدا بۆ بەرچاو ڕوونی خوێنەران و تێگەیشتن لە سازکردنی کۆبوونەوەکان، ئیتر زانستی ، یان سیاسی، یان ئەدەبی، یان هەر بوارێکی تری کۆمەڵگە بێت.

لەم دوواییانەدا چەندین کۆڕبەند و کۆبوونەوەی سیاسی لەم کوردستانە بچووکەدا ساز دەکرێت و کۆتایی دێت، بە بێ ئەوەی یەک بەرد لەسەر بەردی دیواری بواری سیاسی کوردستان دابنێت، بە بێ ئەوەی یەک چارەسەری هەنووکەیی ، یان ستراتیجی بۆ کێشەیەکی سیاسی کوردستان لێکەوتبێتەوە، یان بووبێت بە کردار، یان جێ بە جێ کرابێت و بڵێین چارەسەری ئەم گرفتە سیاسییە لە کۆربەندەکەی هەولێر ، یان سلێمانی، یان هەر شارێکی تر و زانکۆیەکی ترەوە سەرچاوەی گرتبێت!  ئەم کۆبوونەوە سیاسیانە نەک لێکدانەوەی دروست و کاریگەری بۆ ڕووداوە نێودەوڵەتییەکان نەبووە، تەنانەت چارەسەری گرفتە ناوخۆییەکانیشی نەکردووە! کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی باشووری کوردستان، وەک مێری و ئەوەی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی و مێپس لە دهۆک و نازانم چەندی تریش هەیە، کە هەر زانکۆیەک ، یان حیزبێک بەمیزاجی خۆی چەند کەسێک بانگ دەکات و ئیتر "ناوی زل و دێی وێران"! ئەگەر سیاسەتمەداران پێیان وایە وەک چۆن کۆنگرەی  زانستی پێویستە بۆ سیاسیش ئەم کۆبوونەوانە گرنگە، باشە دەکرێت یەک کۆنفرانس هەبێت و سەرتاسەری بێت و ئەوەندە پەرش و بڵاو نەبێت و " زۆر و بۆر" نەبێت، کە بەڕاستی لە پیشاندانی زانکۆ ی تایبەت و پاوەری خاوەن زانکۆ و  سپۆنسەرەوە دووربێت و چارەسەری کێشەیەک بکات. بابەتی سیاسی زۆر جیاوازە لە بابەتە زانستییەکان و ئەوەی من هەستی پێدەکەم تەنیا کات بەسەربردنە! ئەوە چەندین لەم کۆڕبەندانە ساز کراوە و وتارەپێشکەشکراوەکانی بخوێنەرەوە ، یان گوێیان لێبگرە لە قسەی گشتی و زۆریشیان لەوەی ناودڵی هاونیشتمانیانی داماو دەچن، یان زۆر کات وەک نامەی گازندەی کارگوزارێک لە بەڕێوبەرەکەی دەچن! بۆیە ئەم کۆبوونەوانە "هیچی لێ سەوز نابێت"، جا ئیتر لە بینایەکی نوێی زانکۆی فڵان دەکرێت، یان لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی فڵان ئوتێل ساز دەکرێت، یان فڵانە بەرپرس وتاری دەبێت، ئەمە هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت ! لە کۆڕبەندێکی ئەڵمانیا، یان ئەمریکا، یان فەڕەنسا، کە قسە دەکرێت زۆرینەی قسەی تازە دەبێت و دیوە شاراوەکانی سیاسەت دەخرێتە ڕوو و لێکدانەوەی بۆ دەکرێت و کاریگەری لەسەر تەواوی سیاسەتی وڵاتەکە دەبێت، ئەگەر وا نەبێت ساڵێکی تر کەس بەژدار نابێت، کە بێگومان هەموو پارە دەدەن تا بەژداربن و هاتن و چوون و مانەوە لەسەر بەژداربوو دەبێت، خۆ وەک ئێرە بەلاش نییە !

برادەرینە ئەمە هەرگیز بەکەمزانینی خۆمان نییە و نزمکردنەوەی ئاستی تاکەکانی خۆمان نییە، بەڵام قسەیەکی واقیعیانەیە! بابەنموونەیەک بۆتان ڕوون بکەمەوە،  باسکردن لە دۆخی سیاسی و کاریگەرییەکان و خوێندنەوەی لاپەڕە شاراوەکانی شەڕی غەزە لەم ڕۆژەدا و لە کۆبوونەیەیەکی ئەم ناوچەیەدا، وەک ئەوە وایە بڵێین لەبەشی زەویناسی پڕۆژەمان هەیە بۆ لێدانی بیرێک کە قوووڵییەکەی ١٠کم بێت، یان پڕۆژەی دروستکردن و ناردنی مانگێکی دەستکرد لە بەشی فیزیای زانکۆی سلێمانییەوە بۆ ئاسمان! ئەمانە پڕۆژەن و دەکرێت لەبەشی جیۆلۆجی کەسانی زۆر بەتوانا و خاوەن توانستی زانستی  و زیرەک هەبن کە لەڕووی زانیاری وردی چینەکانی ژێرەوە و بەکارهێنانی سۆفتوێری گونجاوەوە کردەیی بێت، بەڵام بەگوێرەی ئامێر و تەکنەلۆجیای پێویست کاری نەکردەیە و لەم ڕۆژەدا هەرگیز ناتوانرێت، بەهەمان شێوە بۆ بەشی فیزیکیش هەر دروستە! کەواتە قسەکە ئەوەیە کارەکە تا چەند ئامانجەکە دەپێکێت و سەرکەوتوودەبێت! دڵنیام کە چاودێر و سیاسیەکانی بەشداربووی ئەم کۆڕبەندانە چارەسەری دەردێک لە دەردەکانی ئەم نیشتمانەیان پێ نییە و تەنیا بیر و بۆچوونێکی کاڵ و کرچ پێشکەش دەکەن، کە وەک دروستکردنی مانگە دەستکردەکەی بەشی فیزیا وایە!

هەرچی بابەتی خۆدەرخستن و هەر یەک لە کەسایەتییەکان شانازی بە زانکۆکەیانەوە بکەن، ئەوە کارەساتە کارەسات! لە باشووری کوردستان هەرچی زانکۆی حکومییە بە دەست سەد گرفتەوە دەناڵێنن، بەڵام دەیان زانکۆی تایبەت و سەر بەم بەرپرس و ئەو بەرپرس، کۆشک دروست دەکەن و هەرچی خوێندکارانی زانکۆ حکومییەکانە ڕایانکێشاوە بۆ خۆیان و لەوتارێکی پێشوودا ئاماژەم بەم ماڵ وێرانییە دابوو ( ١) بۆیە زیاتر لەسەری ناڕۆم.

 چەند لەلای بەندە و گشت تویژەران و خوێندکاران بەرز و گرنگ دەبوو ،کە بۆ نموونە بەڕێز مەسرور بارزانی ئەو بینا جوانەی زانکۆ تایبەتەکەی خۆی، کە ئەم ڕۆژانە کۆڕبەندی مێپس تێیدا ئەنجام دەدرێت  ١٩-٢١ مانگی تشرینی دووەم ٢٠٢٣)، بۆ زانکۆی دهۆک دروستبکردایە!  ئەوسا دەسەڵاتدار دەبوو بە دەوڵەتمەدار (٢)! نازانم بەڕێزیان  و گشت بەڕێزەکانی تریش زانکۆیان بۆچییە؟  زانکۆی تایبەت  بۆ کەسێکی بازرگان باشە، تا وەبەرهێنانی تێدا بکات، نەک بۆ سیاسییەک،کە ئەمەش بەبڕوای من زۆر هەڵەیە و ناکرێت کوردستانێکی بێ سنووری داماوی گیرۆدەی دەیان کێشەی گەورە ئەم هەموو زانکۆ ئەهلییەی هەبێت!

پەراوێزەکان:

١- ئیبراهیم محەمەد جەزا، بایکۆت و فێرکردن، ماڵپەڕی ئاوێنە، 2023-10-16، بنواڕە لینکی:

https://www.awene.com/article?no=20726&auther=2706

٢- ئیبراهیم محەمەد جەزا، دەسەڵاتداری و دەوڵەتداری...، ماڵپەڕی ئاوێنە، 2023-11-8، بنواڕە لینکی:

https://www.awene.com/article?no=20792&auther=2706

 

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی تورکیا: ئەندامانی پەکەکە بەئارەزوی خۆیان لەپارێزگای سلێمانی هاتوچۆ دەکەن
تەیف سامی: موچەی خانەنشینانی ھەرێم و عێراق هاوتا ناكرێت
میدیا عێراقییه‌كان هۆكاری دواكه‌وتنی ناردنی‌ موچه‌ی موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ئاشكرا ده‌كه‌ن
له‌گه‌ڵ فشاره‌كانی‌ پارتی‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی‌ سەردانی‌ ئێران ده‌کات
وەفدێكی سینات بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئەمریكا وەك هاوپەیمانێك گرنگی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم دەدات
"موچەی مانگی 4 بەدەستپێکردنی به‌بانكیكردنی‌ موچه‌و ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ دەنێردرێت"
په‌رله‌مانتارێكی پارتی: هەڵبژاردن دواشبخرێت مه‌رجه‌كانمان جێبەجێ نه‌كرێت بەشداری ناکەین
وه‌فدی بانكی TBI سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كات‌و لەگەڵ تیمی پرۆژەی "هه‌ژماری من" كۆده‌بێتەوە
پەیامێك لە دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە لەبارەی تەوتین و هەژماری من
بانكی TBI: بۆ دانانی میکانیزمی‌ بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم سه‌ردانی‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×