ئایۆرڤیدا چییە؟

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2025-01-26     290

پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی

ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

سەرەتا:

ئایۆرڤیدا (Ayurveda) بەزمانی کوردی واتە زانستی ژیان. زاراوەکە لە دوو وشەی سانسکریتی پێکدێت یەکەمیان (Ayous)  کە واتای ژیان دەگەیەنێت ، و دووەمیان وشەی (Veda) واتە زانست (١). ئەم زانستە میللیە کۆنەی هیندستان بۆ نزیکەی  پێنچ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و ئاماژەی گرنگ دەدات بە چۆنێتی بەسەربردنی ژیانێکی تەندروستی دوور لە نەخۆشی، کە ئەمەش بەدەوری خۆی وادەکات ژیان درێژتر بێت( واتە مردن دوور دەخاتەوە). زاراوەی ئایۆرڤیدا بە یەکێک لەکۆنترین زاراوەکانی سیستەمی پزیشکی جیهان دادەنرێت (٢). ئەم زانستە دێرینە، نەک تەنیا هەوڵی بەرگریکردن لە نەخۆشیەکان دەدات، بەڵکو زانیاری زۆر باش سەبارەت بە پاراستنی تەندروستی پێشکەش دەکات و ڕەچێتەی پزیشکی نایاب بۆ زۆرێک لە نەخۆشییەکان دەخاتە ڕوو.

لەوانەیە یەکێک بپرسێت پەیوەندی ئایۆرڤیدا بە زەویناسییەوە دەبێت چی بێت؟ دروست وایە و هەربۆیەش لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم ئەم پەیوەندییەی نێوان ئایۆرڤیدا و زەویناسی بخەمەڕوو و هەندێک لەو بوارانەی، کە ئەم دوو زانستە تێکەڵ بەیەک دەبن لێکدانەوەی بۆ بکەین. ئەوەی کە زۆر پەیوەستە بەم بابەتەوە بریتییە لە خاوەکان و بەکارهێنانیان لەم زانستە پزیشکییە دێرینەدا. بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی خاوەکان، یان مەعدەنەکان (Minerals)  خوێنەر بەئاسانی دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ یەکێک لە پەڕتووکەکانی ئەم بوارە بەزمانی کوردی و چەند زانیارییەکی سەرەتاییان لێوەربگرێت بۆ ئەوەی کاتێک لە میانەی ئەم وتارەدا باس لە خاوەکان دەکەین لەلایان ڕوون بێت ( ٣ ، ٤  ،٥).

زانستی ژیان، یان ئایۆرڤیدا لەڕێگەی ڕاساشاسترا (Rasa Shastra) وە وەسفی بەکارهێنانی خاو و کانزاکان بۆ ڕێگری لە نەخۆشییەکان باس دەکات و پێشنیاری دەکات. بە واتایەکی تر ڕاساشاسترا ئەوبەشەیە لە ئایۆرڤیدا، کە تێیدا کانزاکان سەرچاوەی چارەسەری نەخۆشییەکان دەبن. لە بنەڕەتدا ئەم زانستە بە جیا لە ئایۆرڤیدا دەرکەوت، بەڵام پاشان تێکهەڵکێش بوو لەگەڵ ئایۆرڤیدا و بوو بەبەشێک لێی، و ئێستا بە یەکێک لە هەشت بەشە سەرەکییەکی ئایۆرڤیدا دادەنرێت ( ٢).

 

مێژووی ڕاساشاسترا :

زاراوەی ڕاساشاسترا، لە بنەڕەتدا وشەیەکی لێکدراوەو لە دوووشە پێکدێت، شاسترا (Shastra)  کە بەواتای زانست دێت وهەرچی ڕاسا (Rasa) یە لەزمانی سانسکریتیدا بە چەند واتایەک هاتووە، وەک  شلە، یان تامکردن، یەکێک لە حەوت پێکهاتەکەی لەش، یان یەکێک لە نۆ جۆرەکەی سۆز، هتد. هەرچەندە زۆرینە ڕێککەوتوون، کە زیاتر مەبەست لە ڕاسا توخمی جیوەیە (Mercury, Hg)، واتە پێکەوە ڕاساشاترا بریتییە لە زانستی لێکۆڵینەوە لە  جیوە  ( ٢ ، ٦) . دۆڵێ و پارانجاپ(٢٠٠٤) پێیان وایە لەبەر دوو هۆکار، ڕاسا بریتییە لە جیوە، ئەوانیش: یەکەم ، جیوە تەنیا کانزایە، کە خاوەن تایبەتمەندی زۆر جیاوازە لە گشت کانزاکانی تر، و دووەمیان، تایبەتمەندێتی زۆر ناوازەیە کاتێک دەرمانی لێدروست دەکرێت، کە ڕێگری لەنەخۆشی و پیری و ئازار و تەنانەت مردنیش دەکات (٦).

بێگومان ئەگەر لە ڕووە مێژوویەکەیەوە بڕوانینە ڕاساشاسترا، ئەوا تەریب لەگەڵ پێشکەوتنی زانست و کانزاناسی (Metallurgy) دا لەهندستانی کۆندا گەشەی کردووە، دەکرێت بۆ چوار ماوە جیابکرێتەوە. ئەم چوار ماوەیە بریتین لە: ١-ماوەی پێش مێژوو ، لە نزیکەی ماوەی نێوان ٤٥٠٠ تا ١٥٠٠ پێش زایین. ٢-ماوەی ڤێدیک، کە لەنزیکەی ماوەی نێوان  ١٥٠٠  تا ٦٠٠  پێش زایین دەگرێتەوە . ٣- ماوەی  ئایۆرڤیدا، کە نزیکەی ماوەی نێوان ٦٠٠  پێش زایین تا ٨٠٠  پاش زایین دەگرێتەوە و ئەم ماوەیەیە بەماوەی ئایۆرڤیدا دەناسرێت و هەروەها بە ماوەی زێڕینی ڕاساشاسترا دادەنرێت ولەم ماوەیەدا زانستەکە بەتەواوی گەشەی کردوو چەندین کاری گەورە کراوە و پاشان لە ماوەی دوایی ئەم ماوەیەدا پەیوەندی نێوان خاو وکانزاکان و نەخۆشییەکان و چارەسەرەکان بە ڕوونی لێکدانەوەی بۆ کرابوو. لەم ماوەیەدا چەندین کانزا بۆ چارەسەر و ڕێگریکردن لە نەخۆشی و بابەتی تەندروستی ئاماژەیان پێدراوە. ٤- ماوەی تازە: بێگومان لە دوای ساڵەکانی ٨٠٠ زاینیەوە ئیتر بەکارهێنانی ئەم زانستە و بەتایبەتی لە هندستان زۆر فراوان بوو، و چەندین نووسراوی گرنگ بڵاوبوونەوتەوە، کە لێرەدا پێویست  بەئاماژەکردن ناکات، تا لە بابەتە سەرەکییەکە دوور نەکەوینەوە و هەرکەسێک زانیاری زیاتری دەوێت بگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەی ژمارە (٦)کە بێگومان زۆر بەئاسانی لە تۆڕی ئینتەرنێت دەست دەکەوێت.

 

پەیوەندی خاوەکان بە ئایۆرڤیدا:

زۆرینەی ماددە نا ئەندامییەکان، کە مەبەست لە مەعدەن، یان خاوەکانە( کانزا و ناکانزا) لە لایەن هیندییە دێرینەکانەوە لە بواری پزیشکیدا بەکارهێنراون، بەڵام گرنگترینیان جیوەیە. جیوەی پاک لە زۆر ڕێگەو شێوازدا بۆ ژیانێکی تەندروست و دوور لە نەخۆشی بەکارهێنراون. هەرچی جۆرەکانی تری ماددە هەن بۆ سێ جۆر، یان بەش دابەشکراون ( ٢): ١- مەهاراسا (Maharasa)، واتە ئەوماددانەی، کە زۆر گرنگن. ٢-ئەپاڕاسا (Uparasa) ، ئەوماددانەی کەمتر گرنگن. ٣- سادهارانا ڕاسا (Sadharana Rasa)، واتە ماددە ئاساییەکان. هەریەکێک لەم کۆمەڵانە و لەڕێگەی چەند نموونەیەکەوە باسکراون:

١-مەهاراسا:

وەک ئاماژەی پێدرا، ئەمانە ئەو ماددانەن کە زۆر گرنگن، لەوانە مایکا، تۆڕمالین، چالکۆپایرایت، پایرایت، بیتومینی ڕەش، سێلینایت و خامی زینک.  هەوڵدەدەم هەندێک لەم خاوانە درێژتر باس بکەم:

مایکا: پشت بە ستوو بە پۆلێنکردنی ئایۆرڤیدا، دەکرێت مایکا لەسەر تایبەتمەندی ڕەنگ بۆ سپی و زەرد و سوور و ڕەش دابەشبکرێت، یان لە سەر بنەمای وەڵامدانەوەی بۆ گەرمکردن دابەشبکرێت، وەک دەنگی  ڕمێک بێت، یان دەنگی جووڵەی مار بێت، یان وەک بازدانی بۆق بێت، یان زۆر ڕەق و پتەوبێت. بێگومان و لەسەر بنەمای زانستی ئایۆرڤیدا ڕەنگە ڕەشەکەی مایکا باشترینە و بە سووتاو ناودەبرێت. جا ئەم مایکا سووتاوە بۆ نەخۆشییەکانی وەک نەخۆشی شەکرە ، نەخۆشی پێست، نەخۆشی سیل، تەنگەنەفەسی، کۆکە، کەمخوێنی، هەوکردنی قۆڵۆن، نەخۆشی سەرئێشە و هیستریا  بەکاردێت.  هەروەها بۆ بەهێزکردنی توانای سێکسی و بەرزکردنەوەی بەرگری لەش بە سوودە.

تۆڕمالین: دەستنووسە هیندییە دێرینەکان ئاماژەیان بە هەشت جۆر لە خاوی (مەعدەنی)  تۆڕمالین لەسەر بنەمای ڕەنگ داوە. ئەوانیش: سپی ، سوور، شین، زەرد، خۆڵەمێشی، ڕەش و فرەڕەنگن. لەناو ئەمانەدا تۆڕمالینە  ڕەشەکە لەبواری پزیشکیدا بەکارهاتووە، وەک لە چارەسەری نەخۆشییەکانی پێست، نەخۆشی شەکرە، و تەنگەنەفەسی و چارەسەری گرێکان و پەتاو تا .

چالکۆپایرایت: دەستنووسەکانی ئایۆرڤیدا ئاماژە بە سێ جۆر لە خاوی چالکۆپایرایت دەدەن؛ چالکۆپایرایتی پاک، پایرایتی سپی و ئەرسینۆپایرایت. جۆری یەکەم واتە چالکۆپایرایتی پاک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ چەند نەخۆشییەک بەکارهاتووە، وەک نەخۆشییەکانی کەمخوێنی، سووتان لە جەستەدا، نەخۆشی شەکرە، نەخۆشییەکانی پێست، ترشەڵۆکی گەدە و خوێنبەربوون، هتد. زۆر بەسوودە وەک کارایەکی گەنجبوونەوە و دەرمانی مۆتەکە و بەسوودە بۆ چاو  و بۆ درێژبوونی تەمەن.

پایرایت: هەروەک چالکۆپایرایت، پایرایتیش لە تێکستە کۆنەکانی ئایۆرڤیدادا سێ جۆری دەستنیشانکراوە. لەوسێ جۆرە جۆری  (Kansya vimala) لە چارەسەری پزیشکیدا بەکارهاتووە بۆ گەنجبوونەوە و لابردنی مۆتەکە ( کابوس).

بیتیومینی ڕەش: ئەم بیتیومینە ڕەشە لە زۆرێک لە چارەسەرییەکانی نەخۆشییەکانی وەک میزو میزەڕۆ بەردی گورچیلە و کەمخوێنی نەخۆشییەکانی پێست بەکارهاتووە. سەرەڕای ئەوەی وەک چارەسەری مۆتەکە و نەخۆشی سیل و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس  وشکاوی و کۆکەدا بەکارهاتووە.

بیزمۆث و سێلینیۆم: ئەو خاوەی کە لەوانەیە لە یەکێک لەم دوو توخمە پێکهاتبێت بە چاپاڵا، یان سێلینایت (Chapala or selenite) دەناسرێت، بیرو ڕای جیاواز هەیە کە کامیان سەرەکیین! لە زانستی ڕاساشاسترا دا نووسین و سەرچاوە دەربارەی ئەم چاپالایە زۆر کەمن، و ئاماژە بە دۆز و کیمیاییەکەی نادات و تەنیا ئاماژەبەوە دەکەن کە بەشێکە لە مەهاراسا.

خامەکانی زینک ( سڤالێرایت و سمیثسۆنایت و ویڵمایت و کەلاماین):  لە دەستنووسەکانی ئایۆرڤیدادا ئەم کۆمەڵە خاوە بە ڕاساکا (Rasaka) دەناسرێت. ئەم کۆمەڵەیە لە ئامادەکردنی دەرمان و لەکاری پزیشکیدا زۆر بەکاردێن  و بۆ پتەوکردنی شانەکان و چارەسەری نەخۆشییەکانی شەکرە و نەخۆشییەکانی چاو  و  سیل و تەنگەنەفەسی و سکچووندا بەکاردێن.

٢-ئەپاڕاسا:

لەسەربنەماکانی ڕاساشاسترا ئەم کۆمەڵەیە چەندین خاو لە خۆدەگرێت، وەک گۆگرد، هیماتایت و میلانتێرایت و ئۆرپیمێنت و ڕیالگار و چەندینی تر.

گۆگرد: دەقە کۆنەکانی ئایۆرڤیدا گۆگردیان بۆ چوار جۆر دابەشکردووە، بەهەمان شێوە لەسەر بنەمای ڕەنگ. ئەوانیش سپی و زەرد و سوور و ڕەش دەگرێتەوە. لەناو ئەمانەشدا ڕەشەکەیان باشترینە بۆ کاری پزیشکی (٢) . مەرهەمی، یان هەتوانی گۆگرد بۆ چارەسەری برینداری وەک دژە مایکرۆبەکان لە نەخۆشییەکانی پێست باسکراوە هەروەها وەک دەرمانێکی دەمی ( واتە لەڕێگەی دەمەوە) بۆ چارەسەری سیل و کۆکە و نەخۆشییەکانی ناو دەم  و نەمانی ئارەزووی خواردن بەکارهاتووە.

هیماتایت: ئەو دوو جۆرەی لە ئایۆرڤیدادا باسکراون بریتین لە سوڤاڕنا-گایریکا (Suvarna-gairika) و پاشان- گایریکا (Pashan-gairika) ن. دوای پاککردنەوەیان بە شیر، یان زەیتی مانگا وەک چارەسەری کەمخوێنی  و خوێنبەربوون  بەکاردێن . سەرەڕای بەکارهێنانیان وەک هەتوان بۆ چارەسەی برینداری.

ئۆرپیمێنت: لە دەقە ئایۆرڤیداکاندا ئاماژە بە چەندین جۆر لە ئۆرپیمێنت دراوە وەک، شێوەی چین چین، یان شێوە دەنکۆڵەیی، یان دەستکردی. ئەم ماددەیە زۆر ژەهراوییە و پێویستی بە وریاییە لە بەکارهێناندا، سەرەڕای ئەوەش بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی پێست و تەمەندرێژی بەکارهاتووە.

ڕیالگار: تێکستەکانی ئایۆرڤیدا ئاماژە بە بوونی سێ جۆر لە ڕیالگار دەدەن، ئەوانیش ڕەشباو ، سوورێکی مسی، ڕەنگێکی درەوشاوە دەدەن. بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی سیل و کۆکە  و تا بەکارهاتووە.

گالینا: گالینا وەک کانزایەکی ڕەشی نەرم،  لەناو هندییەکاندا بە سورمە دەناسرێت و لە زمانی کوردیشدا بە کل دەناسرێت، بۆ ڕەنگردن و چارەسەری نەخۆشییەکانی  چاو بەکارهاتووە. لەڕاستیدا گالینا وەک پێکهاتەکەی دەریدەخات  (PbS) بڕێکی زۆری لە قوڕقوشم تێدایە، کە توخمێکی قورسی ترسناکە بۆ تەندروستی، جا بۆیە دەبێت شارازا لە بواری ئایرۆڤیدا مامەڵە لەگەڵ توخمێکی وەک قوڕقوشم بکات، تا چارەسەرەکە سوودی هەبێت، نەک زیان.

٣-سادهارانا ڕاسا:

هەر لەسەر بنەمای ڕاساشاسترا ئەم کۆمەڵەیەش چەندین خاو لە خۆدەگرێت وەک، ئەرسینۆلایت و سینابار و مۆنتڕۆیدایت.

ئەرسینۆلایت: بەگوێرەی سەرچاوەکانی ئایۆرڤیدا ئەم خاوەش چەندین جۆرە، بەڵام زۆر پاکەکەیان بۆ جومگەکان و نەخۆشی سیفلیس و وەک دژە ژەهر بۆ پێوەدانی دووپشک بەکارهاتووە.

مۆنتڕۆدایت: ئەم خاوە لەئەنجامی هەڵوەشاندنی خاوی سیناباڕەوە بەرهەمدێت. ئەم ماددەیە زۆر بەسوودە بۆ بنیاتنانی لەش و پاککەرەوەیەکی بەهێزە، هەروەها بەسوودە بۆ چاو و بۆ چارەسەری برینداری و بۆ ئەکزیما . شێوە پاکەکەی، وەک هەتوان بەرهەمدێت و بەکاردێت.

سیناباڕ: سیناباڕ بریتییە لە خامێکی جیوە، واتە گۆگردیدی جیوەیە (HgS). سەرچاوەکانی ئایۆرڤیدا دوو جۆر لە سیناباڕ باس دەکەن، ئەوانیش سوورێکی درەوشاوە و سوورێکی ڕەنگی ڕووشانی سپییە. ماددەیەکی گەنجکەرەوەیە و ئارەزووی خواردن زیاد دەکات و چارەسەرە بۆ نەخۆشییەکانی شەکرە و پێست و تا و نەخۆشییەکانی جگەر و گەورەبوونی سپڵ.

جیوە:  وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا جیوە یەکێکە لە ماددە هەرە گرنگەکانی، کە لە زانستی ئایۆرڤیدادا باسکراوەو دەقەکانی ئەم زانستە باسیان کردووە. جیوە لە چەندین ڕێگەی جیاوازەوە  بۆ چەندین بواری پزیشکی جیاواز بەکارهاتووە. یەکێک لە بەکارهێنانە گرنگەکانی کە لە ڕاساشاسترادا باسکراوە و بریتیە لە کاژاڵی (Kajjali). ئەم ماددەیە لەئەنجامی تێکەڵکردنی جیوە لەگەڵ گۆگرد ئامادەکراوە و بۆ زۆر بواری پزیشکی بەکار دێت. هەروەها ڕاساپوشا (Rasapusha) کە لەئەنجامی تێکەڵکردنی جیوەی پاک و گۆگرداتی ئاسن و خوێ بە ڕێژەی یەکسان دروستدەکرێت، و هەموویان پێکەوە دەهاڕدرێن و دەخرێنە ناو بتڵێکی شووشەوە، پاشان بە چەند چینێک لە قوماش دادەپۆشرێن. کاتێک تێکەڵەکە وشک دەبێتەوە و گەرم دەکرێت ئەو بەشەی سەرەوەی نزیک ملی شووشەکە، کە کۆدەبێتەوە و کۆدەکرێتەوە، بە ڕاساپوشا ناودەبرێت و بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی سفلیس و پاککردنەوە و ئێسکدا بەکاردێت.

یەکێکی تر لە تێکەڵەکانی جیوە بریتییە لە ڕاساسیندۆرا (Rasasinura) کەئەمەش لە دوو بەش جیوەی پاک+ چارەکە بەشێک لە گۆگردی پاک+  یەک لەسەر شازدە بەش لە کلۆرایدی ئەمۆنیۆم  پێکدێت. پاش ئەوەی دەهاڕدرێن و لەگەڵ ترشی لیمۆدا تێکەڵدەکرێن . پاشان ئەمە دەکرێتە بتڵێکەوە و بە قوڕ سەری دەگیرێت ، پاش وشکبوونەوەی بتڵەکە پاشان دەخرێتە ناو لمەوە، کە تا ملی بتڵەکەی داپۆشیوە و بۆ ماوەی ٢٤ کاژێر گەرم دەکرێت .پاش ساردبوونەوە بتڵەکە دەشکێندرێت و ماددەی ڕاساسیندۆرای شین لەملی بتڵەکەدا کۆدەکرێتەوە . ئەم دەرمانە زۆر بەسوودە بۆ تەنگەنەفەسی و گرفتەکانی هەناسەدان  و هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە و سییەکان و هتد. ئەمە بەشێکی کەم لە بەکارهێنانەکانی جیوەیە لە زانستی ئایۆرڤیدادا و بەدەیان بەکارهێنانی تریشی هەیە.

وەک دەردەکەوێت ئایۆرڤیدا زانستێکی کۆنی هندییەکانە، کە ئێستا زۆر گەشەیکردووە و تەنانەت کۆلێج و بەشی تایبەت بەم زانستە لە نەخۆشخانە گەورەکانی هیندستاندا هەن و خوێندکاران ئەم زانستە و لقەکانی بە درێژی دەخوێنن. هەروەها وەک ئاماژەمان پێدا ئایۆرڤیدا لێکدانەوە وبەکارهێنانی زۆری بۆ زۆرێک لە ماددەکانی ناو زەوی کردووە، زۆرێک لە خاوەکان پاش پاککردنەوەو کردەی تایبەت وەک هەتوان، یان شروب، یان دەنکۆڵە بۆ چارەسەری چەندین نەخۆشی بەکارهاتوون.  ئەوەشمان لەیاد بێت ئەم زانستە بەشێکی تریش لەخۆدەگرێت کە تایبەتە بە گەوهەرەکان (Gemstones)و ئەوماددانەی وەک گەوهەر هەن و دەکرێت بەزۆری لە چارەسەری نەخۆشییەکان و دابینکردنی ژیانێکی تەندروستدا بەکاربێن، بەڵام ئەم باسە پشت بە خوا هەڵدەگرم بۆ وتارێکی تر.

 ئەوەی گرنگە ئەم ماددانەی زەوی دەبێت زۆر بە وریای و شارەزاییەوە بەکاربێن و کاری پسپۆڕی تایبەتی ئەم بوارەیە، ئەگینا زۆرێک لەو ماددانە تەواو ژەهرن و لەوانەیە هەڵەیەکی بچووک لەکاتی ئامادەکردنیاندا لەبری ئەوەی چارەسەر بن کوشندە بن.

 

سەرچاوەکان:

١-دیپاک چۆپێرا، 2020، ئەوجەستەیەی پیر نابێ، ئەقڵێک لەدەرەوەی زەمەن، یەکەم چاپ، چاپخانەی تاران، وەرگێڕانی : غازی محەمەد، 576ل.

2-Randive, K., 2013, Elements of Geochemistry, Research Publishing, 448p.

٣-ئیبراهیم محه‌مه‌د جه‌زا محێدین ،2024، بنه‌ماكانى زه‌ویناسى، دووەم چاپ، چاپخانه‌ى شارستان، لە بڵاوکراوە زانستییەکانی کتێبخانەی دڵشاد، سلێمانى، كوردستان، 413ل.

٤- ئیبراهیم محه‌مه‌د جه‌زا محێدین، 2011، فه‌رهه‌نگى زه‌ویناسى (ئینگلیزى-  كوردى) ، چاپخانه‌ى په‌یوه‌ند، یه‌كه‌م چاپ، سلێمانى،269ل.

٥- باوان فایه‌ق جه‌لال، 2022 (وه‌رگێڕ)، چاپخانه‌ى ئاسیا، سلێمانى، كوردستان، 302ل.: تاربوك، لوتجسینك، تاسا، 2013، زه‌وى: پێشه‌كییه‌ك بۆ جیۆلۆجیاى فیزیایی.

6-Dole, V.A., and Paranjape, P., 2004, A text book of Rasashastra, chukhamba Sanskrit Pratishthan, New Delhi, 438p.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×