سەرچاوە مرۆکردەکانی پیسبوونی ژینگە

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2023-07-22     340

پێشەکی:

بابەتی ژینگە و هۆکارەکانی پیسبوونی لەئێستادا بووەتە لوتکەی باسی دەزگاکانی توێژینەوە و ناوەندە ناحکوومییەکانی جیهان. بێگومان ئەمە لە خۆڕا نەهاتووە و بگرە مرۆڤایەتی زۆر درەنگ کەوتووە لە کارکردن سەبارەت بەم بابەتە. ژینگە وەک لە چەند شوێنێکیتردا ئاماژەم پێداوە، بریتییە لە سەرجەم بارودۆخی چواردەوری مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەک، کە کاریگەری بەهێزی لەسەریان هەیە. واتە کاتێک هەوا، یان خۆڵ، یان ئاوی چواردەوری زیندەوەرەکە پیس ببێت، واتای ئەوەیە کە ژینگەی ئەوزیندەوەرە پیسبووە، کە ئەمەش دەبێتە نەخۆشکەوتن و لاوازبوونی زیندەوەرەکە. واتە، بابەتەکە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ژیانی زیندەوەران و ناکرێت پشتگوێ بخرێت، چونکە لە داهاتووییەکی نزیکدا ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ژیانی زیندەوەرانی سەر هەسارەی زەوی دەبێت و ئێستا هەندێک لەو کاریگەرییە نەرێنیانە دەرکەوتوون، وەک بەبیابانبوون و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمی و توانەوەی سەهۆڵی بەفراوەرەکان ، هتد.

هەندێک سەرچاوەی پیسبوونی ژینگە لە سروشتەوە دێن و ئادەمیزاد هیچ کۆنترۆڵێلی نییە بۆیان، وەک گڕکانەکان و بومەلەرزەو سونامی و هتد. ئەمانە ڕاستە کاریگەری بەهێزیان هەیە، بەڵام یەکەم لە سروشت خۆیەوەیە، دووەمیش کاتییە و تەواودەبێت و هەسارەکە خۆی توانای خۆڕێکخستنەوەی هەیە. کێشە گەورەکە لە سەرچاوە مرۆڤکردەکانەوەیە، کە دەبنە پیسبوونی ژینگەی سەر ئەم هەسارە نازدارە تاقانەیە!

لەم وتارەدا تیشکێک دەخەمە سەر هەندێک لەوسەرچاوە سەرەکییانەی، کە ڕاستەوخۆ بەشدارن لە پیسبوونی ژینگەدا و پێویستە لەسەر مۆرۆڤایەتی چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزێتەوە، ئەگینا ساڵ لەدوای ساڵ ژیانی سەر ئەم هەسارەیە بەرەو نەمان دەچێت. کاریگەری پیسبوونی ژینگە لەڕێگەی سەرچاوەمرۆکردەکانەوە بەئاشکرا لە سەرڕێگاوبانەکان و ناوچە پیشەسازییەکان دەکەوتووە و خۆڵی ئەوناوچانە بە کانزا قورس و ژەهراوییەکان پیسبووە. کاتێک بەیانی لەخەوهەڵدەستیت، بەڕوونی سەرمێزی ژوورەکان بەتۆز داپۆشراوە، ئنجا کاتێک ئەو تۆزە کانزا ژەهراوییەکانی تێدابێت دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ. ساڵی ١٩٥٦ لە ژاپۆن ژەهراویبوون بە جیوە ڕوویدا، کاتێک لەبابەتەکە کۆڵرایەوە دەرکەوت کاریگەری کارگەیەکی نزیک لە کەناری دەریاوە بوو، کە لەپاشماوەکانیدا جیوەی دەخستە ناو ئاوەکەوە! چەندین و بگرە هەزاران کارگەی بەرهەمهێنانی ماددەکان نەوت و گاز وەک سەرچاوەی سووتەمەنی بەکاردێنن، کە هۆکاری سەرەکی پیسبوونی ژینگەن، دەیان و سەدان کارگە کانزاکان دەتوێننەوە و دووکەڵە فرە گازە ژەهراوییەکان دەکەنە بەرگەهەواوە و بەکارهێنانی دەیان جۆر لە ماددە قڕتێکەرەکانی مێرووەکان، کە دەبنە پیسبوونی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، و  چەندین نموونەی تریش کە مرۆڤەکان سەرچاوەی پیسبوونەکەن.

 

 هۆکارە سەرەکییەکان:

 

١-دەرهێنانی کانزا و خاوەکان و کردەی پاڵاوتەکردنیان:

 دوابەدوای شۆڕشی پیشەسازی جیهان تونێتی ناشکێت لە دەرهێنانی ماددەکانی ئەم هەسارەیە و بەردەوام لە دەرهێنان و پاڵاوتن و پوختەکردنی کانزاکاندا سەرقاڵە.  تائەم دنیایە زیاتر پێشبکەوێت، تەکنەلۆژیای نوێ دێتە ئاراوە بۆ دەرهێنانی کانزاکانی ناو زەوی. یەکێک لە کردەکانت پیسبوونی ژینگە بریتییە لە کارکردن لە کانەکانی دەرهێنانی خام و کانزا ئابوورییەکانە! دەرهێنانی کانزاکان لەوانەیە وەک شێوەی چاڵی کراوە بێت ، یان هەڵکەندنی بیر و تونێلی قووڵ تا گەیشتن بە سەرچاوەی ئەوکانزایە. ئەم هەڵکەندنانە سەرچاوەن بۆ تێکدان و پیسبوونی ژینگە لەلایەن مرۆڤەکانەوە. بۆنموونە سەرچاوەی خامی سەرەکی بۆ دەرهێنانی توخمی ئەلەمنیۆم بریتییە لە خامی بۆکسایت، یان بۆ دەرهێنانی توخمی مس پێویستمان بە خامی بۆڕنایت هەیە، یان بۆ دەرهێنانی توخمی قوڕقوشم پێویست بە خاوی گالینایە، هتد. لەکاتی دەرهێنانی خامەکانی ئەم توخمە گرنگانەوە سەدان هەزار تۆن لە ماددەی ناپێویست هەڵدەکەندرێت و دەبێت بە پاشەڕۆ  و کێشە دروستدەکات، چونکە نازانرێت چی لێبکرێت! بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٠٠ لە وڵاتی ڕۆمانیا و لەئەنجامی کردەی دەرهێنانی زێڕەوە ئەو شاخە لە پاشماوە، کە هەزاران تۆن بوو داڕووخایە ناو ڕوبارەکانی ناوچەکەوە و پاشان گوازرایەوە بۆ ڕوباری دانوب ئەمەش بووە فڕێدانی بڕێکی زۆر لە سیاناید و کانزاکانی تر بۆ ناو ڕوبارەکە! ئەم کارەساتە بووە لەناوچوونی ژمارەیەکی زۆر لە ماسی و لەو باڵندانەی، کە ماسییەکانیان دەخوارد. بێگومان کاریگەری تۆزقاڵەتوخمەکان کاتێک لەکاتی دەرهێنان و گەرمکردنی خامێک لەپێناو دەستکەوتنی کانزا سەرەکییەکەی دەردەچێت، زۆر ترسناکن و هەندێکجار ژەهراوین!  بۆ نموونە کاتێک خامەکام گەرمدەکرێن بۆ دەستکەوتنی زیو یان ئاسن یان مس. تۆزقاڵەتوخمەکانی وەک جیوە و ئارسینیک و بیزمۆس  لە ئەنجامی گەرمکردنی خامی کانزاکانەوە دەردەچن و هۆکارن بۆ پیسبوونی ژینگە. زۆرێک لە گۆگردیدەکان کاتێک گەرم دەکرێن بۆ دەستکەوتنی کانزایەک، گازەکانی دوانۆکسیدی گۆگرد و سیانۆکسیدی گۆگرد دەکەنە بەرگەهەواوە، کە لەگەڵ هەڵمی ئاودا یەکدەگرن و ترشی گۆگردیک دروستدەکەن و وەک ترشەباران دەکەوێتە سەر زەوی و ژینگە دەشێوێنێت و پیسی دەکات. چەندین نموونە لە وڵاتانی چیک و ڕووسیا و ڕۆمانیا تۆمارکراون و کاریگەرییان لە سەرپیسبوونی ژینگە هەبووە!

 

٢-سەرچاوەکانی دەستکەوتنی وزە:

-خەڵووز و نەوت وگاز: ئاشکرایە ، کە تائێستاش بەکارهێنانی نەوت و گاز وەک سەرچاوەی بەدەستکەوتنی وزە لە پێش هەموو ئەوسەرچاوانەی ترەوەیە. ئەم سەرچاو بەردیوانە، کە بەسەرچاوەی تازەنەبووەوەش ناودەبرێن، زۆرێک لە ماددەی زیانبەخش دەکەنە بەرگەهەواوە کاتێک دەسووتێن، کە سەرەکیترینیان دوانۆکسیدی کاربۆنە. وەک زانراویشە دوانۆکسیدی کاربۆن یەکێکە لەو گازانەی، کە دیاردەی گەرمبوونی زەوی دروستدەکەن. سەرەڕای ئەوەی، کە لەکاتی سووتاندا چەندین تۆزقاڵەتوخمی وەک ئارسینیک و کادمیۆم و کرۆمیۆم و مس و نیکل و ڤانادیۆمی  زیانبەخشیش دەردەچێت و پاشان دەچنە ناو ئاو وخاکی سەرزەوی. سووتانی خەڵووزی بەردین بڕێکی زۆر لە قوڕقوشم دەکاتە بەرگەهەواوە وەک لە ئینگلیستان دیاریکراوە. هەروەها سووتانی خەڵووز لە ئەمریکا بڕێکی زۆر لە سیلینیۆم دەخاتە بەرگەهەوا، چونکە نزیکەی ٧٥ پی پی ئێم لە خەڵووزی بەردینی ئەمریکادا هەیە. هەندێک جۆری نەوت نزیکەی ٧٢ پی پی ئێم جیوەیان تێدایە، ئەمەسەرەڕای بوونی ئارسینیک و ڤانادیۆم و فلۆراین ( لە وتارێکی پێشوودا ئاماژەم بەم بابەتە داوە).

-ناووکی: کورە ئەتۆمییەکان بەیەکێک لە سەرچاوکانی دابینکردنی وزە دادەنرێن لە هەندێک ناوچەی جیهان. هەردزەکردنێکی ماددەی پیسبووی ناو کوورە ئەتۆمییەکان کارەساتی ژینگەی گەورەی لێدەکەوێتەوە، وەک ئەوەی کە لە کوورەی چێرنۆبێل ساڵی ١٩٨٦ بینرا، کە ژینگەی ناوچەیەکی زۆری لە ئۆکراین و بیلاڕووسیا پیسکرد و بۆ چەندین ساڵ بەردەوامبوو. ئەمیریسیۆم و پلۆتۆنیۆم و چەندین توخمی تیشکدەر لەم دزەکردنەوە دەچنە بەرگەهەوا.

 

-گەرمیی زەوی:

تائاستێک بەکارهێنانی سەرچاوەی گەرمیی زەوی بە سەرچاوەیەکی  پاک و سەوز دادەنریت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی کات ئەم گەرمییە پەیوەستە بە چالاکییە گڕکانییەکان، کە دەبنە سەرچاوەی زۆرێک لە توخمەکانی وەک ئەنتیمۆنی و جیوە و ئارسینیک و تالیۆم و هەندێک لە ئاوە گەرمەکان بڕێکی زۆر بۆڕۆن لە خۆدەگرن. لە نیوزیلاند زۆری بڕی  ئارسینیک لە ئاوە گەرمەکاندا گرفتێکی گەورەی ژینگەی بۆ ڕوبارەکان بەدواوە بوو.

 -هایدرۆئێلیکتریک: بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە سەرچاوە ئاوییەکان گرفتی دروستبوونی لافاوی بۆ ناوچەکانی نزیک بەنداوەکان دروستکردووە. لەناوچە کانی، کە لافاو هەبووە بڕێکی زۆر لە خاک وخۆڵی ناوچەکە داماڵراوە و پاشان بڕێکی زۆری جیوە لە ماسی ئەوناوچانەدا تۆمارکراوە.

-پیشەسازی خشت و بۆری:  یەکێک لەوپیشەسازییانەی، کە لەکاتی بەرهەمهێنانیدا بڕێکی زۆر لە گازە ژەهراوییەکان دەکاتە بەرگەهەواوە، بریتییە لە دروستکردنی خشت و بۆری. دروستە ماددەی خامی پێویست بۆ ئەم پیشەسازییە بریتییە لە خۆڵ، کە لە بەردەکانەوە دروستدەبێت، بەڵام ئەم ماددانە پاش تیکەڵکردن و ئامادەکردن پێویستییان بە سووتاندن هەیە تا نزیکەی ١٢٠٠ پلەی سیلیزی. لەکاتی سووتاندندا کاتێک خۆڵەکە دەسووتێت بڕێک لە ماددەی لێوە دەردەچێت، بۆ نموونە مس و زینک و قوڕقوشم، کە ئەمانەش ژینگە پیسکەرن. لەگەڵ ئەوەشدا، توخمی فلۆراین جێگەی مەترسییە، کە لەناوخۆڵدا هەیە و پاش سوتاندن دەردەچێت! ساڵی ١٩٥٠ لە ئینگلستان فۆلراین کاریگەری زۆری هەبوو بۆ ئاژەڵی کێڵگەکانی ئەو ناوچەیەی کە کارگەی خشتی لێبوو!

-پیشەسازی چیمەنتۆ: بەهەمان شێوەی پیشەسازی خشت، لە دروستکردنی چیمەنتۆشدا خۆڵ و ماددەی کلسی زۆر بەکاردێت. کاتێک تێکەڵەی کلس و خۆڵ لەناو فڕندا  بۆ نزیکەی ١٤٥٠ پلەی سیلیزی دەسووتێنرێن، بەهەمان شێوەی ماددە دەرچووەکانی خشتەوە لە پیشەسازی چیمەنتۆشدا هەمان مەوادی زیانبەخش دەردەچن و ژینگە پیس دەکەن.

-سەماددی کیمیایی بۆ کشتوکاڵ: ماددە سەمادییە کیمیاییەکان،کە بۆ بەپیتکردنی زەوی بەکاردێن، یان ماددە سەمادەکانی دەکرێن بە سەوزاییەکانەوە، هەموویان ماددەی ژینگە پیسکەریان تێدایەو زیان بە تەندروستی زیندەوەران دەگەیەنن. کێشەکانی دەرچوونی نایترەیت و فۆسفەیت لە سەمادی کیمیایی و زیادبوونیان بۆ  ناو  ئاوی ئاوەڕۆکان کێشەیەکی ژینگەیی زۆر بەربڵاوە لە جیهاندا، لە وتارێکی پێشوودا تیشکم خستبووە سەر ئەم بابەتە.

-هۆکارەکانی گواستنەوە و گەیاندن:  یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پیسبوونی ژینگە هۆکانی گواستنەوەن، وەک ئۆتۆمبیل و شەمەندەفەر و پاپۆڕو فڕۆکە و ، هتد.. مەکینەی ئەم هۆیانەی گواستنەوە زۆرینەیان بە سووتەمەنی بەردیو کاردەکەن و پاش سووتاندنیان بڕێکی زۆر لە گازی ژەهراوی دەکەنە بەرگەهەواوە! بێگومان بەهۆکاری ئەوەی، کە سووتەمەنییەکە بەتەواوی ناسوتێت، بڕێکی زۆریش لە یەکەئۆکسیدی کاربۆن و هایدرۆکاربۆن و ئۆکسیدەکانی نایترۆجین سەرەڕای دوانۆکسیدی کاربۆن فڕێ دەدەنە ناو بەرگەهەواوە. بێگومان دووکەڵی دەرچوو لە ئەگزۆزی ئۆتۆمبیلەکان چەندین ماددەی زیانبەخشی وەک قوڕقوشم و نیکل و مەنگەنیز و ڤەنادیۆم لەخۆ دەگرێت، کە زۆر زیان بە تەندروستی زیندەوەران دەگەیەنن! تەنیا لە دووکەڵەکەوە زیان ناگەیەنن، بەڵکو تایەکان زینک و کادمیۆم دەخەنە بەرگەهەواوە، بۆدی ئۆتۆمبیل کرۆم دەخاتە ژینگەوە، مس لە ڕێگەی وایەرەکانی ناو ئۆتۆمبیلەوە!

-پاڵاوتن و گواستنەوەی ئاو: ئاوی خواردنەوەی زیندەوەران لە سەرزەوی و ژێرزەوییەوە بەرهەم دێت، کە ئەمانیش لەناو ئەو بەرد و ماددە جیۆلۆجیانەدا هەن کە لەتوخمە کیمیاییەکان پێکهاتوون، بۆیە بڕێک لەو ماددانە دەگوێزرێتەوە بۆ ناو ئاو! هەرئەمەشە، کە پێویستە پێش بەکارهێنانی ئاو کردەی پاڵاوتن و مامەڵەی کیمیایی لەگەڵدا بکرێت و دڵنیابین لە پاکی ئینجا بەکاربهێنرێت. یەکێک لە وماددانەی بەکاردێت خوێکانی ئەلەمنیۆمە، بەڵام توێژینەوەکان دەریانخستووە، کە ئەم خوێیانە بۆ تووشبوون بە ئەلزهایمەر هاوکارە! بۆ ڕزگاربوون لە ماددە زیندەییە زیانبەخشەکان بە زۆری کلۆراین بەکاردێت، کە دەرکەوتووە کلۆراین لەگەڵ ماددە ئەندامییەکاندا یەکدەگرێت و کلۆرۆفینۆڵ دروستدەکات، کە ماددەیەکی شێرپەنجە هێنە! لەئێستادا بۆری کانزایی بۆ گواستنەوەی ئاو زۆر کەم بووەتەوە، کە بێگومان کارێکی باشە چونکە ماددە کانزاییەکانی وەک مس و زینک و قوڕقوشم لە بۆرییەکانەوە  بۆ ناو ئاوەکە دەگوازرانەوە. لەتوێژینەوەیەکدا هاتووە کە بڕی قوڕقوشم لە ناو ئاوی کە بەڕێگەی بۆری قوڕقوشمیدا گواسترابووەوە ٢٩ مایکرۆ گرام بۆ لیترێک بوو، کەئەمەش زۆر زیاترە لەوبڕەی کە دەبلیو ئێج ئۆ ( WHO) ڕێگەی پێداوە و بریتییە لە ١٠ مایکرۆ گرام بۆ لیترێک !

 

پوختە:

ژینگەکانی سەرزەوی، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە زیندەوەرانەوە هەیە، بەجۆرێک لە جۆرەکان تووشی پیسبوونێکی سروشتی دەبن، بەڵام هێندە کاریگەرنین بەبەراورد بە پیسبونی دەستکرد، واتە مرۆکردەکان. کاریگەری پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاو زۆریی کارگە و پیشەسازییە جیاوازەکان هۆکاری سەرەکین بۆ گۆڕینی کیمیایی ژینگەکانی چواردەوری زیندەوەرەکان. بۆیە لەم سەردەمەدا تەنانەت بەرگێک بۆ مرۆڤ دروستکراوە بەناوی مرۆڤەبەرگ ( Anthroposphere )، واتە گشت ئەو کاریگەرییانەی بەهۆکاری مرۆڤەکان بەرپابوون، یان ژینگەیان پیسکردووە.

 

سەرچاوەکان:

-دەروازەیەک بۆ ناسینی زەویناسیی پزیشکی، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە ٨٧٦٠، ٢٦-٩-٢٠٢٢، ل١١. بنواڕە لینکی: https://knwe.org/KU/Details/3793

-توخمەکان و تەندروستی مرۆڤ، ڕۆژنامەی كوردستانى نوێ، ژمارە ٨١٦٢، ٢٣-٨-٢٠٢١، كەشتى نوح ل٢.

بنواڕە لینكى: https://en.calameo.com/read/00016391313eda462e459

- چاودێریکردنی پیسبوونی ژینگە، بەشی دووەم، کوردستانی نوێ، ژمارە ٨٩٢٦، ٢٥-٥-٢٠٢٣، ل٨. بنواڕە لینکی:

https://knwe.org/KU/Details/9318

-چاودێریکردنی پیسبوونی ژینگە، بەشی یەکەم، کوردستانی نوێ، ژمارە ٨٩٢٥، ٢٤-٥-٢٠٢٣، ل٨.

-Dissanayake, C.B., and Chandrajith, R., 2009, Introduction to Medical Geology, Springer-Verlag Berlin Heidelberg, 297p.

-Selinus, O. (ed.), 2013, Essentials of Medical Geology, Revised Edition, Springer-Verlag Berlin Heidelberg, 805p.

-Randive, K., 2013, Elements of Geochemistry, Geochemical Exploration and Medical Geology, Research Publishing, 448p

 

نوسەری ئەم بابەتە پڕۆفیسۆرە لەبەشی زەویناسی / زانکۆی سلێمانی

 ibrahim.jaza@univsul.edu.iq 

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی تورکیا: ئەندامانی پەکەکە بەئارەزوی خۆیان لەپارێزگای سلێمانی هاتوچۆ دەکەن
تەیف سامی: موچەی خانەنشینانی ھەرێم و عێراق هاوتا ناكرێت
میدیا عێراقییه‌كان هۆكاری دواكه‌وتنی ناردنی‌ موچه‌ی موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ئاشكرا ده‌كه‌ن
له‌گه‌ڵ فشاره‌كانی‌ پارتی‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی‌ سەردانی‌ ئێران ده‌کات
وەفدێكی سینات بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئەمریكا وەك هاوپەیمانێك گرنگی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم دەدات
"موچەی مانگی 4 بەدەستپێکردنی به‌بانكیكردنی‌ موچه‌و ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ دەنێردرێت"
په‌رله‌مانتارێكی پارتی: هەڵبژاردن دواشبخرێت مه‌رجه‌كانمان جێبەجێ نه‌كرێت بەشداری ناکەین
وه‌فدی بانكی TBI سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كات‌و لەگەڵ تیمی پرۆژەی "هه‌ژماری من" كۆده‌بێتەوە
پەیامێك لە دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە لەبارەی تەوتین و هەژماری من
بانكی TBI: بۆ دانانی میکانیزمی‌ بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم سه‌ردانی‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×