دیاریکردنی پلەی گەرمی سەردەمە دێرینەکان

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2023-07-18     229

سەرەتا:

پیشەکی دەبێت لای گشت خوێنەران ئەوە ڕوون بێت، کە مەبەست لە کۆن، یان دێرین تەنیا ساڵانی بیست و سییەکانی سەدەی پێشوو نییە! دروستە ئەمانەش کۆنن و نزیکەی سەد ساڵێک بەسەریاندا تێپەڕیوە، بەڵام  لە زەویناسیدا دەکرێت ئەم لایەنە بێت و دەشکرێت مەبەستمان لە کۆن ، بە ڕاستی کۆن، واتە پێش سەدان هەزار ساڵ، یان ملیۆنان و دەیان ملیۆن ساڵ بێت! هەڵبەت کارێکی ئاسان نییە بزانین، یان هەرنەبێت خەمڵاندنێکی زانستییانە بۆ پلەی گەرمی و کەشوهەوا لەو چاخە کۆنانەدا و بەدرێژایی تەمەنی هەسارەی زەوی دیاریبکرێت، بەڵام پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و داهێنانی ئامێری زۆر ورد و هەستیار یارمەتیدەرە بۆ هەوڵدانی بەردەوام بۆ دیاریکردنی پلەی گەرمی ئاوی ئەو زەریایەی، کە چینە نیشتەنییەکانی تێدا نیشتوون.

 

بیرۆکە زانستییەکە:

سەرەتا بۆ دیاریکردنی پلەی گەرمی سەدەی پیشوو، لە مێژەوە پەیوەندی نێوان گازەکانی بەرگەهەوا و بەتایبەتی بڕی گازی دوانۆکسیدی کاربۆن و پلەی گەرمی  بەرگەهەوا ئاماژەیپێدراوە و کاری لەسەرکراوە. ئەم پەیوەندییە وەک لە شێوەی ژمارە ١ دا دیارە، پەیوەندییەکی ڕاستەوانەیە لە نێوان پیسکردن و دەردانی گازەکان لەلایەن مرۆڤەوە لەگەڵ پلەی گەرمیدا. توێژینەوەکانی بواری ژینگە بە ڕوونی دەریانخستووە، کە  پیسبوون بە هۆکارە سروشتییەکان زۆر کەمن بەبەراورد لەگەڵ پیسکردن لەلایەن مرۆڤەکانەوە.

شێوەی ژمارە ١: بەرزبوونەوەی تێکڕای پلەی گەرمی سەرڕووی زەوی ( ڕەنگی سوور) و بڕی گازی دوانۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەهەوادا (ڕەنگی شین) لەنێوان ساڵەکانی ١٨٨١ و ٢٠١٧ دا، کە بەڕوونی پەیوەندییەکی ڕاستەوانە دەردەخات (   Alexandre, 2021  ). 

بێگومان گۆڕان لە کەشوهەوادا دەکرێت لە ڕێگەی شیکاری بۆ کەڤرە نیشتووەکان و شاخەسەهۆڵینەکانەوە ئەنجام بدرێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی، کە لەناو سەهۆڵی بەفراوەرەکانی ناوچەی بەستەڵەکدا چەندین کون و کەلەبەر هەن، کە هەوای کۆنی تێدا قەتیسماوە پێش بەستن و دەکرێت لە ڕێگەی شیکاری ئەو هەوایەوە کەشوهەوای کۆن دیاریبکرێت و زانیاری دەربارەی کەشوهەوای کۆن بخەمڵێندرێت. هەروەها دەکرێت لە ڕێگەی هەڵکەندنی چینە سەهۆڵەکان و وەرگرتنی نممونەی لوولەکی لێیان پاشان شیکاریکردنی جیۆکیمیایی بۆ ئەو نموونانە زانیاری سەبارەت بە کەشوهەوای کۆن هەڵبهێنجێنرێت. ئەو هەوا قەتیسماوە دەردەهێنرێت و بڕی دوانۆکسیدی کاربۆنی ناوی دیاریدەکرێت و بەراورد لەگەڵ پلەی گەرمی پێوراو و تۆمارکراو دەکرێت.

 بێگومان پلەی گەرمی تۆمارکراو دەکرێت لە ڕێگەی زانیارییەکانی زیندەزانییەوە ( وەک شیکاری هەڵاڵەکانەوە)، یان لە ڕێگەی میژووییەوە ( وەک تۆمارکردنی لە ساڵنامەکاندا)، یان لە ڕێگەی ئەڵقەکانی پانە بڕگەی دارەکانەوە، یان لە ڕێگەی تۆماری بەفراوەرەکانەوە ( وەک لێکۆڵینەوە لە سەهۆڵی بەفراوەرەکان) هەروەها لە تۆماری زەویناسییەوە. بۆیە توێژینەوەکان گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی، کە لە شێوەی ژمارە ١ دا دیارە، کاتێک بڕی گازی دوانۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا زیاددەکات پلەی گەرمیش بەرزدەبێتەوە.

 

پێوانی پلەی گەرمی لە ڕێگەی توخمە هاوتاکانەوە

یەکیكیتر لە ڕێگە گرنگ و سەرەکییەکان بۆ خەمڵاندنی پلەی گەرم زۆر کۆن بریتییە لە بەکارهێنانی هاوتاکانی توخی ئۆکسجین لە ناو کەڤرە نیشتەنییەکاندا و بەتایبەتی لە ناو کاربۆناتەکاندا، وەک بەردی کلسی یان لایمستۆن. بەشێوەیەکی ساکار میکانیزمی ئەم دۆزینەوەیە و تۆمارکردنی پلەی گەرمی کۆن بەم شێوەیە دەبێت: لە ماوەی سەرمادا بڕی سەهۆڵ لە ناوچە جەمسەرییەکاندا زیاد دەبێت، ئەمەش وادەکات، کە قەتیسبوونی ئۆکسجین ١٦ زیادبێت ( بۆیە ئەم جۆرەی ئۆکسجین لە سەهۆڵەکانی ناوچە بەستەڵەکەکاندا زیاد دەکات) . ئەمەش بەدەوری خۆی وادەکات، کە بڕی ئۆکسجین ١٦ کەمێیتەوە ( بڕی ئۆکسجین ١٨ زیاد بێت) لە ناو ئاوی زەریادا. ئەم زیادبوونی ئۆکسجین ١٨ یە ڕەنگدانەوەی دیاری دەبیت لەسەر نیشتووە کاربۆناتەییە زیندەییەکانی وەک فۆڕامنیفێرا، و نەرمۆڵەکان و ئۆستراکۆدا و سترۆماتۆلایت ، هتد، هەروەها لەسەر زیندە فۆسفاتییەکانی وەک ددان و ئێسقان، یان سلیکاتییەکانی وەک چێرت و دایەتۆم و هەروەها بۆ سەر هەندێک لە خاوە قوڕییەکان. بەواتایەکی ساکارتر، پەیوەندییەکی زۆر بەهێز لەنێوان پێکهاتەی هاوتای توخمی ئۆکسجین و پلەی گەرمیی جیهانیدا هەیە، وەک لە شێوی ژمارە ٢ دا دیارە. کاتێک دنیا گەرم بێت بڕی ئۆکسجین ١٨ کەم دەبێت لە نیشتەنییە کاربۆناتییەکاندا و کاتێک ماوەی سەرمابێت ( سەردەمی سەهۆڵبەندان بێت) بڕی ئۆکسجین ١٨ زیاد دەبێت. وەک یاسایەک کەمبوون، یان نزمبوونەوە بە ڕێژەی  یەک لەهەزاری دەلتا ئۆکسجین ١٨ دا گەرمبوون بە یەک پلە ونیوی سیلیزی پیشان دەدات.

وەک دەردەکەوێت، کە کارەکە زۆر ئاسان نییەو پێویستی بە ئامێری تایبەتە تا ئەو پێوانەکردنانە ئەنجامبدرێت و پاشان بتوانرێت هەڵێنجاندن بۆ کردەکە هەمووی بکرێت. بێگومان دەبێت نموونەی بەردەکلسییەکە بە تەواوی و بۆ ماوەی چوار کاژێر و لە پلەی گەرمی ٢٥ پلەی سیلیزیدا  لە ناو ترشی فۆسفۆڕیکدا بتوێنرێتەوە و پاشان ئەو گازی دوانۆکسیدی کاربۆنەی دەردەچێت وەربگیرێت و بە ئامێری تایبەت بەو بوارە، کە بە (Ion Ratio Mass Spectrometer ) ناودەبرێت شیکاری بۆ بڕی هاوتاکانی توخمی ئۆکسجین ئەنجامبدرێت.  سەرەڕای بەکارهێنانی هاوتاکان توخمی ئۆکسجین دەکرێت هاوتاکانی توخمەکانیتری وەک سترۆنتیۆم بەکاربهێنریت، واتە ڕێژەی سترۆنتیۆم ٨٧ بۆ سترۆنتیۆم ٨٦  دیاریبکرێت.

ئاماژەیەکی خێرا بە شێوەی ژمارە ٢ بەڕوونی دیارە کاتێک ماوەی گەرمی زەوییە ( بۆ نموونە نزیکەی ٥٠ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا) ڕێژەی هاوتای ئۆکسجین ١٨ کەم بووەتەوە بۆ کەمتر لە سفر و پلەی گەرمی زەریاش نزیکە ١٢ پلەی سیلیزی بووە، بەڵام کاتێک ماوەی ساردی زەوییە ( بۆ نموونە پێش ٣٠ ملیۆن ساڵ ) ڕێژەی هاوتای ئۆکسجین ١٨ بەرزبووەتەوە بۆ بۆ نزیکەی ٣لەهەزاردا وپلەی گەرمی زەریاش بۆ نزیکەی سفر پلەی سیلیزی بووە.

شێوەی ژمارە ٢: ڕێژەی دەلتا ئۆکسجینی ١٨ لە قاوغی فۆڕامنیفێرادا، کە بەوردی گۆڕانێکی دیاری پلەی گەرمی ئاوی زەریا لە ماوەی ٧٠ ملیۆن ساڵی پێشوودا پیشان دەدات (   Alexandre, 2021  ). 

 

کاری هاوشیوە لە کوردستان

کاری زانستی و وردی زەویناسی بەرهەمی ئاوا بەسوود و سەرنجڕاکێشی لێدەکەوێتەوە . بەم دواییانە لە توێژینەوەیەکی بەشی زەویناسی زانکۆی سلێمانیدا توانیمان پلەی گەرمی پێش ٦٦ ملیۆن ساڵ  دەستنیشان بکەین هەرلەڕێگەی بەکارهێنانی ئەنجامی شیکاریی هاوتای توخمی ئۆکسجین ١٨بۆ چینە نیشتەنییەکانی ئەوماوەیە لە کوردستان( بنواڕە شێوەی ژمارە ٣). توێژینەوەکە بەم نزیکانە لە گۆڤارێکی نیودەوڵەتیدا بڵاودەبیتەوە. شێوەی ژمارە ٣ بەڕوونی ئەنجامی توێژینەوەکەی بەشی زەویناسی پیشاندەدات، کە جیاوازی پلەی گەرمی لەپێش و پاش ٦٦ملیۆن ساڵ لەتەمەنی زەوی لەڕێگەی شیکاریکردنی چینە نیشتەنییەکانی کوردستانەوە دەستکەوتووە. ئەوەی لە ئەنجامەکانەوە دەخوێنرێتەوە، ئەوەیە کە لەنزیک ٦٦ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا( کاتی قڕتێکەوتنی دایناسۆرەکان)  پلەی گەرمی بە نزیکەی سێ پلەی سیلیزی بەرزتر بووە لە پێش ئەوکاتە و پاشان وردە وردە پلەی گەرمی دابەزیوەتەوە بۆ دەوروبەری هەمان پلەی گەرمی پێشوو، وەک لە شێوەی ژمارە ٣ دا دەردەکەوێت.

شێوەی ژمارە ٣: ئەنجامی شیکاریی ڕێژەی دەلتا ئۆکسجینی ١٨ لە ناو نموونەکانی بەردی کلسی کوردستان پیشاندەدات، کە دەوروبەری پێش ٦٦ملیۆن ساڵ لە ئێستا لەناو زەریادا نیشتوون (  Mustafa et al,2023 ).

 

سەرچاوەکان:

-Alexandre, P., 2021, Practical Geochemistry, Springer, Canada, 115p.

-Mustafa, A.I., Mansurbeg, H., Mohialdeen, I.M.J., and Al-Aasam, I., 2023, Elemental and stable isotope variations across Cretaceous/Paleogene boundary: A case study from Sulaimani area, Kurdistan region NE-Iraq, Journal of Paleogeography, in press.

 

نوسەری ئەم بابەتە پڕۆفیسۆرە لەبەشی زەویناسی / زانکۆی سلێمانی

 ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی تورکیا: ئەندامانی پەکەکە بەئارەزوی خۆیان لەپارێزگای سلێمانی هاتوچۆ دەکەن
تەیف سامی: موچەی خانەنشینانی ھەرێم و عێراق هاوتا ناكرێت
میدیا عێراقییه‌كان هۆكاری دواكه‌وتنی ناردنی‌ موچه‌ی موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ئاشكرا ده‌كه‌ن
له‌گه‌ڵ فشاره‌كانی‌ پارتی‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی‌ سەردانی‌ ئێران ده‌کات
وەفدێكی سینات بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئەمریكا وەك هاوپەیمانێك گرنگی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم دەدات
په‌رله‌مانتارێكی پارتی: هەڵبژاردن دواشبخرێت مه‌رجه‌كانمان جێبەجێ نه‌كرێت بەشداری ناکەین
"موچەی مانگی 4 بەدەستپێکردنی به‌بانكیكردنی‌ موچه‌و ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ دەنێردرێت"
وه‌فدی بانكی TBI سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كات‌و لەگەڵ تیمی پرۆژەی "هه‌ژماری من" كۆده‌بێتەوە
پەیامێك لە دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە لەبارەی تەوتین و هەژماری من
بانكی TBI: بۆ دانانی میکانیزمی‌ بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم سه‌ردانی‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×