ئیتر شەرم مەکەن!

نیاز لاجانی
  2019-08-26     1522
برا بەرێزو تێکۆشەرە چەکدارەکانی پارێزەرو بەرگریکاریی نیشتمانی عێراق!! ئیتر شەرم لەرابردوتان مەکەن (ئەلحەقە! ھەر چەندە بەشێکتان ھەر نەتانکردوە!!) وەرن بەئاشکرا باس لەداستانەکانی یەک لەدوایی یەکی گەرمیان‌و شارەزورو سلێمانی، کۆیەو پشدەرو بالیسان‌و بێتواتە، دەشتی ھەولێرو ئاکرێ‌و ئامێدی و دھۆک بکەن!

چیدی ئیتر ئەو خەباتە پر لە "دلسۆزییەتان" مەشارنەوە،با کور و کچ و نەوە و کەس و کارتان شانازیتان پێوە بکەن!
با ئیتر شەرم لەناوی پێشوتان (جاش!) نەکەن، ئێوە سەربازی وونی عەمەلیاتی ئەنفالن، ئێوە سەرقافلەی ئەو نەبەردو جەنگانەن کە دژی"موخریبین" ئەنجامتاندا، لەو پێناوەشدا سەدان و بگرە ھەزاران چەکدارە "تێکۆشەرە"کانتان بونەتە " قوربانی"!

خۆتان بە ھۆی ھەلکشانی تەمەنتانەوە، باوەر دەکەم لە تەکنیک و ئێنترێنێت و ئەو شتانە سەرتان لێی دەرنەچێ،با ئیتر مندالە زیرەک و دەسترۆیشتوو و دەولەمەندەکانتان با پەیچ و ئاکاونتان لە فەیس بوک بۆ بکەنەوە و ووردە ووردە وێنە رەشو سپی و رەنگاورەنگەکانی "خەباتان" تێیدا بلاو بکەنەوە،زۆریشتان فیلمی ڤیدۆیشتان ھەیە،ئیتر ئەرشیفە شارەواکانتان بخەنە روو با میللەت بزانێ ئێوە کێ بوونە؟ و چیتان کردوە لە پێناو ئەو " نیشتمانەدا"؟!

ئاخر چەکدارە بەرێزەکانی نیشتمانی عێراق! ئەوبرادەرانەی ئێوە پێتاندەگوت:" موخەریبین" و کە خەلکی پێان دەگوت پێشمەرگە،ئەوەی چوو چوو،ئەوەی ماوەشە لە رویی باری تەندروستی و دەرونیەوە ھێندە شەکەتە خۆ تاقەتی ھیچیان نەماوە بگێرنەوە،بێجگە لەوەش خۆ "فەقیرانە" وەک ئێوە مەزبوت و پۆشتە و ووریا نەبوون لە سەدی یەک،کورە لە پێنجسەدی یەک ئەگەر کامێرایەکی پێ بوایە! ئەو "فەقیرە"پێشمەرگەیەش رەسمێکی خۆیی لەگەل پۆستێکی شەرمنانە دادەبەزێنێ و بۆ نمونە دەنوسێ: ئەوێ رۆژی داستانی خواکورک......!!!
یان: لە راستەوە شەھید ف. م،شەھید ک. س،بەندە،شەھید ز. م داستانی ھەلاج- دابان.....!!

ئەوەی ئەو پۆستانەش دادەنێن فەقیرانە تاک و تەرا نەبێ،زۆربەیان پلەی خانەشینیان لە ھی ئێوە نزمترە،جا لە چی شەرم دەکەن؟ مەیدان ھی ئێوەیە و فەرموون خۆتان عەرز کەن با باشتر پێتان ئاشنا بین،خۆتان بە ھۆی شەو نوخونیتان خۆێندەوارییەکی ئەوتۆتان نیە،بەلام ھەمووتان ھەبوو و داران،تۆزێک پارە ببەخشنەوە بە ھەندێ قەلەم بەدەست با داستانەکانتان بکەن بە پەخشان و شیعر،با چاووشەکانیش حەیران و لاوک و بەندتان بەسەر دا ھەلبلێن!
ئیتر شەرم مەکەن و سینگتان دەرپەرێنن.....
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×