وەزارەتی دارایی عێراق بە واژۆی تەیف سامی چەند بڕیارێک لەبارەی فەرمانبەران دەردەکات، بەپێی بڕیارەکان گواستنەوەی ڕاژەی فەرمانبەران و هەژمارکردنی خزمەتی ڕۆژنامەنووسی و پارێزەرایەتی و سیاسی ڕادەگیرێت.
ئاوێنە: بەپێی بەڵگەنامەیەک کە واژوی تەیف سامی، وەزیری دارایی لەسەرە و ڕۆژی 12-1-2025 دەرکراوە، چەند بڕیارێک سەبارت بە ڕێکخستنەوەی کاروباری فەرمانبەرانی عێراق دەرکراون.
یەکەم: گواستنەوەی ڕاژەی خزمەتگوزاری فەرمانبەران لە نێوان سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەت تا کاتێکی نادیار ڕادەگیرێت، ئیتر بەهەر هۆکارێک بێت.
دووەم: وەزارەتی دارایی لەم بەروارەوە تا کاتێکی نادیار، هیچ ڕاستکردنەوەیەک و هیچ زیادەیەکی مووچە ناخاتە سەر مووچەی فەرمانبەران، مەبەستی ئەو فەرمانبەرانەیە بڕوانامەی باڵاتر لە بڕوانامەی خۆیان بەدەست دەهێنن.
سێیەم: لەمەودوا خزمەتی پارێزەرایەتی و ڕۆژنامەنووسی و سیاسی ناخرێتە سەر خزمەتی فەرمانبەران و بەهیچ جۆرێک بۆیان حیساب ناکرێت.