بەرەبەیانی ئهمڕۆ دوشەممە تارانی پایتەختی ئێران شایەتی هەڵکشانی سەربازی توندی نێوان ئێران و ئیسرائیل بو، لە کاتێکدا هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە چهند ئامانجێك کە بارەگاکانی فەرماندەیی ستراتیجی سەر بە سوپای قودس و سوپای پاسدارانی ئێران بون.
ئاوێنە: ئەڤیچای ئەدرایی، وتەبێژی سەربازی ئیسرائیل لە ڕێگەی پلاتفۆڕمی ئێکس ڕایگەیاند، "فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل، بە ڕێنمایی وردی هەواڵگریی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی، هەڵیانکوتایە سەر بارەگاکانی فەرماندەیی سەر بە سوپای قودس و سوپای ئێران".
وتەبێژی سەربازی ئیسرائیل پاساوی ئەو ئۆپەراسیۆنەی هێنایەوە و وتی، "ئەندامانی سوپای قودس کەڵکیان لە بارەگای فەرماندەیی وەرگرت بۆ پلاندانان بۆ ئۆپراسیۆنەكانیان دژی ئیسرائیل".
وتەبێژی سەربازی ئیسرائیل گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا ئەو شوێنانەی کە بە ئامانج گیرابون، کە بارەگای سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی لەخۆگرتبو.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران هەروەها بڵاویکردەوە کە بارەگاکانی وەزارەتی بەرگریی ئێران کەوتونهتە بەر هێرشی ئاسمانی، جگە لە کردنە ئامانجی دامەزراوەکانی سەر بە پشتیوانیی هێزە چەکدارەکان و ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و داهێنانی بەرگری.
بەپێی ڕاپۆرتە ئیسرائیلییەکان، مۆساد ئۆپەراسیۆنێکی ناوازەی ئەنجامداوە بە هەڵدانی موشەکێک لە ناوخاکی ئێرانەوە بەرەو دامەزراوەیەکی سوپای پاسداران لە تاران.
هەروەها هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل کۆگاکانی نەوت و شوێنەکانی هەڵگرتن و هەڵدانی موشەک لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی پایتەختی ئێران کردە ئامانج.
لەبەرامبەردا ئێران موشەکی ئاڕاستەی ناوچە مەدەنییەکانی ئیسرائیل کرد، لەوانە شارەکانی بات یام و تەمرا، ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی کوژران و دەیان کەسیش برینداربون و زیانی بەرفراوانیش لەو ناوچەیە گەیاند.
ئەو پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە پەرەسەندنی بەردەوامی نێوان هەردولا ههیه، کە ترسی پەرەسەندنی زیاتری ڕوبەڕوبونەوەکە لە ناوچەکەدا دروست دەکات.