چەند لایەنێکی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە دژایەتی بونەوە بە سەرۆک وەزیرانی سودانی دەکەن
  2025-11-19       332       

هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاشکرایکرد، وەک ناڕەزایەتییەکی ڕون لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە سەبارەت بەپێدانی خولێکی دیکەی پۆستی سەرۆک وەزیران بە محەمەد شیاع سودانی، سەرەڕای ئەوەی کە لەهەڵبژاردنەکانی دواییدا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.

عەلا حەدادی سەرکردە لەهاوپەیمانییەکە، لەلێدونێکدا بەپێگەی شەفەق نیوزی ڕاگەیاندوە، چەند هێزێک لەناو چوارچێوەی هەماهەنگییدا، لەوانە عەسائیبی ئەهلی حەق، جوڵانەوەی حقوق، دەوڵەتی یاساو سادقون، دژایەتی نوێکردنەوەی وەلایەتی نوێی سودانی دەکەن‌و دانانی کاندیدێکی دیکە بەباشتر دەزانن.

ئاماژەی بەوەشدا، ناڕەزایەتی‌و دژایەتیی لایەنێکی سەرەکیی ناوچوارچێوەی هەماهەنگیی لەسەر هەر کاندیدێک، دەکرێت ببێتە هۆی دورخستنەوەی ئەوکەسە، ئەوەش بەمەبەستی پاراستنی یەکڕیزی هاوپەیمانێتییەکەو ڕێگریکردن لەدەرکەوتنی کەسایەتییەکی مشتومڕاوی.

جەختیشیکردوه‌تەوە، چوارچێوەی هەماهەنگیی پشت بەپێوەری قەبارەی کورسییەکانی پەرلەمان نابەستێت، بەڵکو بەتوانای قایلکردن‌و پێشکەشکردنی داتای سیاسی بەهێز، سەرەڕای ئەوەی سودانی بەتوندی خۆی بۆ ویلایەتێکی دیکە دەپاڵێوێت‌و سود لەپشتیوانی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی وەردەگرێت، بەڵام تێپەڕاندنی لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیی گەرەنتی نەکراوە.

سەرچاوە سیاسییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، کێبڕکێی سەرۆکایەتی حکومەت ئێستا لەنێوان سودانی‌و حەمید شەتری سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی کورتکراوەتەوە، لەکاتێکدا هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەردەوامە لەپشتیوانیکردنی تاکە کاندیدەکەی، نوری مالیکی.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×