هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، حزبهكهیان هیچ هێڵێکی سوری لەسەر هیچ كاندیدێك بۆ پۆستە باڵاکانی عێراق لەوانە پۆستی سەرۆک وەزیران، سهرۆك كۆمار و سەرۆکی پەرلەمان نییە.
ئاوێنه: هۆشیار زێباری، ئهندامی دهستهی كارگێڕیی مهكتهبی سیاسیی پارتی، ئهمڕۆ چوارشهممه، لە پانێڵێكی ئۆنلاینی پهیمانگهی "چاتام هاوس" لهژێر ناوی (هەڵبژاردنەکانی 2025ی عێراق: دواتر چی؟) باسی لە دۆخی دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەڵوێستی پارتی کرد.
هۆشیار زێباری له بارهی ئهوهی كه ئایا پارتی ڤیتۆی لەسەر هیچ كاندیدێك بۆ پۆستە باڵاکانی عێراق ههیه، وتی"هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە، ئێمە هیچ هێڵێکی سورمان نییە. مامەڵە لەگەڵ هەر کەسێک دەکەین کە نوێنەرەکانیان هەڵیاندەبژێرن یان دەستنیشانی دەکەن."
ئاماژهی بهوهشدا "بێگومان چوارچێوەی ههماههنگی گەورەترین بلۆکە، ئەوان سەرۆک وەزیرانی داهاتو هەڵدەبژێرن و بڕیاری لەسەر دەدەن. بێگومان رێزی ئەوە دەگرین."
زێباری جەختی لە پێویستیی بونی حکومەتێکی بەهێز کردەوە و وتی "بۆ عێراق، نەک هەر بۆ کوردستان، ئێمە پێویستیمان بە حکومەتێکی بەهێز هەیە، حکومەتێکی بڕیاردەر کە هەنگاو بنێت لەبارەی ئاڵنگارییەکان، خزمەتگوزارییەکان، ئاسایش، ئابوری و پرسی دارایی ساڵانە کە روبەڕوی وڵاتەکە دەبێتەوە."