ئێران بەتەواوەتى هەناردەکردنى غازى بۆ وێستگەکانى کارەبا لە عێراق راگرت، بەهۆى پڕۆسەى چاککردنەوەوە و بڕیارە ماوەى هەفتەیەک راگرتنەکە بەردەوام بێت.
ئاوێنە: ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتى کارەباى عێراق بە ئاژانسى فەرمى عێراقى راگەیاند، لایەنی ئێرانی ئاگاداری کردوونەتەوە لە وەستانی تەواوەتی ناردنى غاز بۆ ماوەی هەفتەیەک بەهۆی کاری چاککردنەوە لە بۆرییەکانى غاز لە خاکی ئێراندا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ماوەی سێ ڕۆژە دابینکردنی غاز ڕاگیراوە، دوای چوار ڕۆژ لە تەواوبوونی چاککردنەوەکە پڕۆسەکە دەستپێدەکاتەوە".
وتەبێژی وەزارەتى کارەباى عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "وەزارەتی کارەبا پەنای بۆ بەکارهێنانی سووتەمەنی ناوخۆیی بردووە بۆ دابینکردنی سوتەمەنى وێستگەکانی کارەبا، ئێستا دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە".
دەشڵێت، وەزارەتی کارەبا خۆی بۆ لوتکەی خواستی کارەبا لە زستاندا ئامادەکردووە لەڕێگەی چاککردنەوە و فراوانکردن و نوێکردنەوەی وێستگەکانی کارەبا و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت بۆ دابینکردنی پێداویستی ناوخۆی تا ئەوکاتەی پێدانی غازی ئێران دەستپێدەکاتەوە.
سیستمى کارەباى عێراق بەڕێژەى 40% پشت بە کۆمارى ئیسلامى ئێران دەبەستێت کە بڕەکەى هەشت هەزار مێگاواتە لەو وێستگانەی کە غازی ئێران بەکاردەهێنن، هەروەها زیاتر لە سێ هەزار مێگاوات کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت لە ڕێگەی چوار هێڵەوە کە بریتین لە هێڵی (خانەقین - سەرپێڵ)، (خۆر زوبێر - خوڕەمشەهر)، (دیالە - میرساد)، هێڵی ئێرانی (عەمارە - کەرخە).
جگە لەوە عێراق 1200 مێگاوات کارەبا لە هەرێمى کوردستانەوە هاوردە دەکات کە بەهۆى هێرشەکەى سەر کۆرمۆرەوە پچڕاوە.
ئێران لە ساڵی 2017 بە پێی گرێبەستێک دەستی بە هەناردەکردنی غاز بۆ عێراق کرد کە پابەند بوو بە دابینکردنی 25 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا. ساڵى 2024 گرێبەستەکە بۆ ماوەى پێنج ساڵ درێژکرایەوە.
بەڵام ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێوەیەکی پچڕ پچڕ هەناردەی غازی بۆ عێراق کەمکردووەتەوە، ئەمەش بە پاساوى کەمی غاز لە مانگەکانی زستاندا.
لە هەندێک کاتدا ڕۆیشتنی غازی ئێرانی بە تەواوی راگیرا و ئەمەش بووەتە هۆی قەیرانی کارەبا لە عێراق.
لە ئێستادا عێراق 27 هەزار مێگاوات کارەبا لە وێستگەکانی کارەبا بەرهەم دەهێنێت، کە زۆربەیان بە غاز کاردەکەن، بەڵام هەندێکجار بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ 17 هەزار مێگاوات دادەبەزێت، لەکاتێکدا عێراق پێویستی بە 40 هەزار مێگاواتە بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوام.