شرۆڤەكارێكی سیاسی دەڵێت: لێدوانەکانی ئەم دواییەی مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە عێراق سەبارەت بە چەکی گرووپە چەکدارەکان، بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکەن ئەم بابەتە چووەتە قۆناغێکی زۆر هەستیارەوە، چیتر چونكە هۆشدارییەکانی ئەمریکا تەنها لێدوانی میدیایی و هۆشداریدان نییە.
ئاوێنە: ڕیاز واحیلی شرۆڤەكاری سیاسی سەبارەت بە لێدوانەکانى مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە عێراق و هۆشدارییەکانى لەبارەی گرووپە چەکدارەکان، ڕایگەیاند، هۆشدارییەکانی ئەمریکا چیتر تەنها لێدوانی میدیایی نییە، بەڵکو بووەتە دەربڕینێکی ئاشکرای نیگەرانیی پەرەسەندنی نێو دامەزراوەکانی ئەمریکا سەبارەت بە زیادبوونی کاریگەریی چەک لە دەرەوەی دەستی دەوڵەت، پێیان وایە ئەوەش مەترسی لەسەر سەقامگیری عێراق و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەكانی درووست دەکات.
دەشڵێت، پەیامە توندەکەی ساڤایا ڕەنگدانەوەی گۆڕانی سیاسەتی واشنتۆن دەردەخات ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەمریکا بیر لە چەندین بژاردە دەکاتەوە، لەوانە توندکردنەوەی سزاکان لەسەر عێراق.
وتیشی، ئەمریکا ڕەنگە لە قۆناغی داهاتوودا فشاری سیاسی و ئابووری لەسەر گرووپە چەکدارەکان زیاتر بكات، هەروەها هەوڵی بەهێزکردنی ئەمنی و هەواڵگریی خۆی دەدات، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی بکات.
لە کۆتاییدا وتی، عێراق لەبەردەم ڕێگایەکى سەختدایە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، هەروەها هەر جوڵەیەك لەلایەن گرووپەکانەوە وەڵامێكی توندی ئەمریکا بە دوایی خۆیدا دێنێت.
جێگای ئاماژەیە، پێشتر مارک ساڤایا، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاندبوو، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا دەگاتە عێراق، هەروەها پەیامێکی تایبەتی ترەمپی پێیە بۆ سەرکردایەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، پێویستە پرسی چەک لە دەرەوەی دەستی دەوڵەت بە تەواوی چارەسەر بکرێت.