دوای چەند كاتژمێرێك، عێراق لە بڕیاری دانانی حزبوڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەن لە لیستی تیرۆر پەشیمان بووەوە
  2025-12-04       580       

دوای بڵاوبوونەوەی ناوی حزبوڵا و حووسییەکان لە لیستی ئەو ڕێکخراوانەی کە عێراق بە تیرۆریست پۆلێنی کردوون، لیژنەی تایبەتمەندی بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند، پێداچوونەوە بە لیستەکەدا دەکرێت.

ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، لیژنەی بلۆککردنی پارەی تیرۆریستان کە سەر بە بانکی ناوەندی عێراقە ڕایگەیاند، ئاماژە بە بڕیاری ژمارە ٦١ی ساڵی ٢٠٢٥ی لیژنەی بلۆککردنی پارەی تیرۆریستان کە لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بە ژمارە ٤٨٤٨ لە ١٧/ ١١/ ٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە، ناوی ژمارەیەک قەوارە و کەسی پەیوەندیدار بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و قاعیدە لەسەر داوای مالیزیا خراونەتە نێو لیستی تیرۆر و ئەو قەوارە و کەسانەی پارەکانیان بلۆک دەکرێن.

ڕاشیگەیاند، ئەم لیستە ئاماژەی بە ژمارەیەک پارت و قەوارە کردووە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە چالاکیی تیرۆریستییەوە لەگەڵ ئەو دوو ڕێکخراوەدا نییە.

جەختیشیکردەوە کە ڕەزامەندیی لایەنی عێراقی تەنها لەسەر تۆمارکردنی ئەو قەوارە و کەسانە بووە کە پەیوەندییان بە داعش و قاعیدەوە هەیە بە شێوەیەکی تایبەت.

وەک ئاماژەیەکیش بە هاتنی ناوی حزبوڵای لوبنانی و حووسییەکانی یەمەن لە لیستەکەدا، لیژنە تایبەتمەندەکەی بانکی ناوەندی دەڵێت: “تۆمارکردنی ناوی قەوارەکانی تر بەهۆی بڵاوکردنەوەی لیستەکە بووە پێش وردبینیکردن و لە داهاتوویەکی نزیکدا بڵاوکراوەکەی ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقی ڕاست دەکرێتەوە بە لابردنی ئەو قەوارە و پارتانە لە لیستی قەوارە پەیوەندیدارەکان بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و قاعیدە”.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×