وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانى عێراق ڕایگەیاند، ڕێژەى هەژارى لە عێراق لەساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتبووە ٢٣%، بەڵام بەهۆى جێبەجێکردنى کۆمەڵێک سیاسەت ڕێژەکە کەمبووەتەوە بۆ ١٧%، هەروەها پلانیان هەیە بۆ ساڵانی ٢٠٢٦-٢٠٣٠ ڕێژەى هەژارى کەمتر بکەنەوە.
ئاوێنە: عەبدولزەهرا هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانى عێراق سەبارەت بە کەمبوونەوەى ڕێژەى هەژارى و هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەى زیاتر ئەو ڕێژەیە، ڕایگەیاند، لەماوەی ئەمساڵدا ڕێژەی هەژاری لە عێراقدا دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش لەئەنجامی زنجیرەیەک سیاسەت و ڕێوشوێنی حکومەت بووە، کە لە چوارچێوەی ستراتیژی کەمکردنەوەی هەژاریدا جێبەجێکراون.
وتیشی، دواین ڕاپرسی کە وەزارەتی پلاندانان لە ڕێگەی ڕێکخراوی ئاماری ناوەندییەوە ئەنجامی داوە دەریخستووە، کە ڕێژەی هەژاری بۆ نزیکەی ١٧% کەمبووەتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە لە ساڵی ٢٠٢٢ ڕێژەى هەژارى گەیشتبووە ٢٣%.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم کەمبوونەوەیە لە ئەنجامی پشتگیریکردنی ئاسایشی خۆراکەوە بووە لەڕێگەی دابینکردنی ئەو پێداویستیانەی کە لە سەبەتەی خۆراکدا هاتووە، هەروەها فراوانکردنی تۆڕی چاودێرى کۆمەڵایەتی و جێبەجێکردنی بەرنامەکانی بەهێزکردنی ئابووری لەڕێگەی گۆڕینی ژمارەیەک لە سودمەندان بۆ کارمەند لە هەندێک دامەزراوەی دەوڵەتدا بووە.
وتیشی، ستراتیژی کەمکردنەوەی هەژاری یارمەتی دارایی بۆ ئەو خێزانانە لەخۆگرتووە، کە منداڵی خوێندکاریان هەیە، بۆ ڕێگریکردن لە وازهێنان لە خوێندن و دڵنیابوون لە بەردەوامی خوێندنیان، جگە لە دابینکردنی پاڵپشتی تەندروستی و ئاسانکاری بۆ گرووپە هەژارەکان، تەواوکردنی پڕۆژەکانی وەک نەخۆشخانە لە گەڕەکە هەژارەکان.
جەختى لەوەکردەوە، سندوقی پاڵپشتیکردنی ناوچە هەژارەکان لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە ژمارەیەک پارێزگاردا جێبەجێکردووە، جگە لە ڕۆڵی سندوقی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی پلاندانان، کە بە سەرکەوتوویی سەدان پڕۆژەی لە زیاتر لە ٥٠٠ گوند لە سەرتاسەری وڵات جێبەجێکردووە، لەوانە دروستکردنی قوتابخانە و بنکەی تەندروستی، درێژکردنەوەی تۆڕەکانی ئاو و کارەبا، و قیرتاوکردنی ڕێگاوبانەکان.
دووپاتی کردەوە، وەزارەتی پلاندانان بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ دەستپێکردنی ستراتیژی کەمکردنەوەی هەژاری بۆ ساڵانی ٢٠٢٦-٢٠٣٠، کە بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری ئەو هەنگاوانەی لە ستراتیژی پێشوودا سەرکەوتوو بوون، بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجە نیشتمانییەکانی کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری و پێشخستنی گەشەپێدانی بەردەوام.