وتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر ڕایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندە بە وادەی دەستووری و مەرجەکانی بڕیاردان لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیران و لەم هەفتەیەدا چوارچێوەکە پرسی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق یەکلایی دەکاتەوە.
سەلام زوبێدی، وتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر سەبارەت بە وادەى دیاری کردنى كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، ڕایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندە بە وادەی دەستووری و مەرجەکانی بڕیاردان لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران، ئەوان چاوەڕوانی پەسەندکردنی ناوی براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانن لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، بۆ دەستپێکردنی ڕێکارە دەستوورییەکان و داواکردنی کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان.
ئاماژەى بەوەشکرد، ئەم هەفتەیە چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدێک بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق دیاری دەکات و پرسەکە یەکلایی دەکاتەوە، پێویستە ئەو کەسایەتییە جێی ڕەزامەندیی لایەنی ناوخۆیی و هەرێمی بێت، هاوکات کەسایەتییەکی سیاسی و ئابووریی بەهێز بێت.
جێگاى ئاماژەیە، کۆمسیۆن زیاتر لە ٨٥٠ تانەى لە ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى تۆمار کردووە، دواتر بەشێکى تانەکانى نارد بۆ ئەنجوومەنى دادوەری بۆ ئەوەى ئەوان یەکلای بکەنەوە، دواین قۆناغیش دادگای فیدراڵی ئەنجامەکان پەسەند دەکات.