فواد حسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، پرسی گروپه چه‌كداره‌كان بابه‌تێكی ناوخۆییه. جه‌ختیشی كرده‌وه كه ده‌بێت چه‌ك له‌ژێر كۆنترۆڵی ده‌وڵه‌تدا بێت.
ئاوێنه: فواد حسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، له چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا رایگه‌یاند، "هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به پرسی گروپه چه‌كداره‌كان رونه"، جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه "ئه‌مه بابه‌تێكی ناوخۆییه و په‌یوه‌ندی به ده‌ستوری عێراقه‌وه هه‌یه".
وتیشی: "گفتوگۆ به‌رده‌وامه‌كانی ناوخۆی وڵات به ته‌واوی جیایه له هه‌ر فشارێكی ده‌ره‌كی".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه "عێراق پێویستی به‌م گفتوگۆ ناوخۆییه هه‌یه و به ئاراسته‌یه‌كی دروستدا ده‌ڕوات"، پێشبینیشی كرد به‌م نزیكانه بگه‌نه چاره‌سه‌ر و دوپاتیی كرده‌وه كه "ده‌بێت چه‌ك ته‌نیا له ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا بێت".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو كه عێراق راشكاوانه به لایه‌نی ئه‌مریكی راگه‌یاندوه كه سیستمی سیاسی وڵاته‌كه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمانی دامه‌زراوه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق راشیگه‌یاند كه "به‌غدا له كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌م دواییه داوای له به‌رپرسانی ئه‌مریكا كردوه كه بڕیاری گه‌شتكردن بۆ عێراق هه‌موار بكه‌نه‌وه".