فواد حسێن سەرسوڕمانی حكومەتی عێراقی لە بارەی لێدوانەكانی بە تۆم باراك گەیاند
  2025-12-07       584       

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، فواد حسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، له‌گه‌ڵ تۆم باراك، نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری سوریا كۆبۆته‌وه‌و سەرسوڕمانی حكومەتی عێراقی لە بارەی لێدوانەكانی ئه‌م دواییه‌ی ناوبراو پێ گه‌یاندوه‌.

ئاوێنه‌: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، فواد حسێن، وەزیری دەرەوە، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، له‌ په‌راوێزی كۆڕبه‌ندی ده‌وحه‌ له‌گه‌ڵ تۆم باراك، نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری سوریا كۆبۆته‌وه‌.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا فواد حسێن سەسوڕمانی حكومەتی عێراقی لە لێدوانەكانی ئەم دواییەی ناوبراو سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی عێراق پێ گه‌یاندوه‌و لای خۆیەوە باراک وتویەتی: لێدوانەکانی پەیوەندی بە ئەزمونی ئەمریکاوە هەیە لە عێراق.

فواد حسێن لە كۆبونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختی كردۆته‌وه‌ كه‌ بژاردەكانی گەلی عێراق رێزلێگیراون و دیموکراسی و سیستمی فیدراڵیش لە دەستوردا چەسپاون و هیچ جێگرەوەیەكیان نییە سەرەڕای  ئاڵنگارییەكان.

لای خۆیەوە، تۆماس باراك رایگەیاندوە: ئیدارەی ئەمریکا بە رێزەوە تەماشای ئەزمونی عێراق دەکات و لێدوانەکانی پێشوی تەنیا پەیوەندی بە ئەزمونی ئەمریکاوە هەیە لە عێراق.

تۆم باراك جەختیشی لە گرنگی مامەڵەکردنی دادپەروەرانە لەگەڵ هەمو پێکهاتەکانی سوریا و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ دۆخی سوریا كرده‌وه‌و ئاماژەی بەوەدا، بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە داهاتوی سوریا پەیوەستە بە گەلی سوریا و پرۆسەی سیاسی دەبێت گشتگیر بێت و بەرژەوەندی هەمو لایەنەکان لەبەرچاو بگیرێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×