سەرکردەیەک لە هاوپەیمانی عەزم ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی (سوننە) کاندیدی سەرۆکى پەرلەمانى عێراق دیارى دەکرێت، دوو بۆ سێ کەس کاندیدن بۆ ئەو پۆستە.
ئاوێنە: غانم عەیفان سەرکردە لە هاوپەیمانی عەزم سەبارەت بە هەڵبژاردنی کاندید بۆ پۆستى سەرۆکی پەرلەمان لە کۆبوونەوەى داهاتووى سوننەکاندا، ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی لە ماڵى موسەنا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم بەڕێوەدەچێت و تێیدا لیستی کاندیدەکان بۆ سەرۆکی پەرلەمان دەخرێتەڕوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی کاندیدەکان دوو یان سێ کاندید دەبێت، پێشکەشی کەسایەتییە سەرەکییەکانی هەردوو لایەنى سوننە و شیعە دەکرێن.
وتیشی، بە پێى عورفی سیاسی عێراق، پۆستى سەرۆککۆمار بۆ کوردە، پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ شیعەیە و پۆستى سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ سوننەیە، بەڵام تا ئێستا کاندیدی ئەو پۆستانە بە تەواوى یەکلا نەکراونەتەوە.
جێگای ئاماژەیە، لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، خێرایی گفتوگۆکانی نێوان هێزە سوننەکان، لەوانەش هاوپەیمانی عەزم و هێزەکانی دیکە زیادی کردووە، بە ئامانجی كۆدەنگی ناوخۆیی بۆ هەڵبژاردنی کاندیدێک یان چەند کاندیدێک بۆ پۆستى سەرکى پەرلەمان، تا دواى لە پەرلەمان دەنگ لەسەر کەسێکیان دەدرێت.