چوارچێوەی هەماهەنگی كاندیدەكانی بۆ سێ كەس کەمکردەوە و سودانی تێدایە
  2025-12-09       823       
چوارچێوەی هەماهەنگی

بەپێی وتەی سەرکردەیەکی رەوتی حیکمە، چوارچێوەی هەماهەنگی لیستی کاندیدانی لە نۆ کەسەوە کردووە بە سێ کەس و لەو سێ کەسەی ماوەتەوە محەمەد شیاع سودانی تێدایە. هەروەها بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکانیش؛ نوری مالیكی لە پلانیدایە خۆی بکشێتەوە و سودانیش دوربخاتەوە و کەسی سێیەم کە 'قاسم ئەعرەجی'ـییە بۆ سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق دیاریبکات.


ئاوێنە: دوێنێ چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەیاننامەكەیدا ئاماژەی پێكرد، لیستی كاندیدەكان كەمكراوەتەوە بۆ سێ كاندید و وادەیەکیش دیاریکراوە بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدێك لەنێوان سەرکردەکانی چوارچێوەکە بە كۆدەنگی.

لەوبارەیەوە رەحیم عەبودی، سەركردە لە رەوتی حیكمە بە ماڵپەری "ئەلجیبال"ـی راگەیاند "لە نێوان سێ‌ كاندیدەكەدا یەكێكیان محمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراقە،  ئەگەری زۆر هەیە هەفتەی داهاتوو، بەتایبەتی دووشەممەی داهاتوو، لە کۆبونەوەی ئاسایی چوارچێوەکەدا بڕیار لەسەر یەکێک لە کاندیدەکان بدرێت، ئەمە ئەو پێشهاتە بەرچاوەیە کە دوێنێ لە بەیاننامەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا ئاماژەی پێکراوە".

هاوکات سەرچاوە ئاگادارەكانیش باس لەوە دەکەن، ئەگەری بەهێز بۆ ناوی دوو كاندیدەكەی تر ئەوەیە پێكهاتبن لە ( نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق).

سەرچاوەکان دەشڵێن "پلانەكەی؛ مالیكی و هەندێك لە لایەنەكانی تری چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دوورخستنەوەی سودانی دیاریكردنی كاندیدی چارەسەرە، واتە نە سودانی و نە مالیكی، بەڵكو هەڵبژاردنی كەسی سێیەم، وەك چارەسەرێكی مامناوەند، كە ئەگەری هەيە ئەو كەسەش (قاسم ئەعرەجی) بێت".

ئاشکراشیانکرد "ئامانجی خۆ كاندیدكردنی مالكیش بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هەر لەسەرەتاوە بۆ جێبەجێكردنی ئەم پلانە بووە، بەڵام تائێستا دیارنییە هاوكێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكان بە تایبەتی كاریگەری ئەمریكا، تا چەند رۆڵ دەبینێت لە جێبەجێكردنی یان هەڵوەشاندنەوەی ئەم پلانە".
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×