عێراق هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا راگه‌یاند
  2025-12-11       1549       

باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن له‌باره‌ی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکانی ساڵی 1991 و 2002 بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی عێراق، رایگه‌یاند، ئه‌و بڕیاره‌ هاوبەشی نێوان عێراق و ئەمریکا بەهێزتر دەکات.

ئاوێنە: باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن ئەمڕۆ پێنجشەممە له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا باسی له‌وه‌كردوه‌، "دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکانی ساڵی 1991 و 2002 بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی عێراق و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارنامەی زلهێزەکانی جەنگ هەنگاوێکە کە هاوبەشی نێوان عێراق و ئەمریکا بەهێزتر دەکات".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بڕیارەکە پشتگیری لە پەیوەندییە دو قۆڵییەکان دەکات کە لەسەر بنەمای گفتوگۆ و هاوکارییە".

ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌مریكا ده‌نگیدا له‌سه‌ر یاسای ڕێگه‌پێدانی به‌رگری نیشتیمانی كه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێگه‌پێدانه‌كانی به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازیی دژ به‌ عێراقی له‌خۆگرتبو، به‌ ده‌نگی 312 "به‌ڵێ" و 212 ده‌نگی "نه‌خێر".

ئەنجومەنی نوێنەران پێشتر ڕەزامەندیدابو له‌سه‌ر هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ساڵی 2002 لە ساڵی 2001، لەکاتێکدا ئەنجومەنی پیران لە ساڵی 2023دا پڕۆژە یاسایەکی پەسەندکرد کە هەردو ڕێگەپێدانەکە (1991 و 2002) پێکەوە هەڵوەشاندەوە.

ئەمریکا لە ساڵی 2003 هێرشیكرده‌ سه‌ر عێراق و هۆكاره‌كه‌شی بۆ گۆڕینی ڕژێم و کۆتایی هێنان بە دکتاتۆریەت لە عێراق گه‌ڕانده‌وه‌.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×