عێراق ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا و سوریا ده‌كات
  2025-12-14       286       

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگه‌یاند، ئیدانه‌ی ئەو هێرشە تیرۆریستییە ده‌كه‌ن کە دەوریەیەکی هاوبەشی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سوریا و هێزەکانی ئەمریکای كرده‌ ئامانج.

ئاوێنه‌: وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "عیراق ئەو هێرشە تیرۆریستییە ئیدانه‌ ده‌كات کە دەوریەیەکی هاوبەشی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سوریا و هێزەکانی ئەمریکای كرده‌ ئامانج كه‌ ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، تیرۆر بەردەوامە لە دروستکردنی هەڕەشەی ڕاستەقینە و کارا بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، پێویستی بە بەرزکردنەوەی هەماهەنگی و هاوکاری هەیە، چ لەسەر ئاستی هەرێمی و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی، نەهێشتنی سەرچاوەکانی.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، "گەلی عێراق لە زۆرترین زیانلێکەوتوی تاوانە تیرۆریستییەکان بوە، ئەوەش وایکردوە کە بەردەوامبون لە کردەوەی هاوبەش و چڕکردنەوەی هەوڵە بەکۆمەڵەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەم بەڵایە و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی".

وەزارەتی ناوخۆی سوریا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "ئه‌و کەسەی دوێنێ لەنزیک تەدمور هێرشیکردە سەر هێزەکانی ئەمریکا و سوریا ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی سوریا بوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و كه‌سه‌ی هێرشه‌كه‌ی كردوه‌، "بڕیاربو ئه‌مڕۆ یەکشەممە لە کارەکەی دوربخرێته‌وه‌، لەبەرئەوەی خاوەنی بیری توندڕۆیی ئیسلامی بوە".

دوێنێ شه‌ممه‌ کاروانێکی هێزە سەربازییەکانی سوریا و هێزێکی ئەمریکی لەکاتی ئەنجامدانی دەوریەدا لە شاری تەدموری ناوەڕاستی سوریا هێرشیانكرایە سەر و بەوتەی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن)، لە هێرشەكەدا دو سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێکی مەدەنی ئەو وڵاتە کوژران و سێ سەربازی دیکەش برینداربون.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×