دوای ئەوەی لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق وادەی یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی دیاریكرد كە رۆژی 29ی ئەم مانگەیە، بەپێی وتەی عامر فایز؛ بەهۆی ئەوەی دوو ساڵ لە نوری مالیکی گەورەترە سەرۆکایەتی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەکات.
ئاوێنە: پێشتر عامر فایز، ئەندامی دەرچووی پەرلەمانی عێراق کە هاوکات سەرۆكی هاوپەیمانی 'تصميم'ـیشە بە (بەغداد ئەلیەوم")ی راگەیاندبوو "زۆرێک وتوویانە کە نوری مالکی بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمانی داهاتووە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە من لە ساڵی ١٩٤٨ لەدایک بووم، لە کاتێکدا ئەو لە ساڵی ١٩٥٠ لەدایک بووە، بۆیە من بەتەمەنترینم بەپێی ئەو بڕگەی دەستووری، کە سەرۆکایەتی دانیشتنی یەکەمی بەڕێوەدەبات".
وتبووشی "نوری مالیکی هەرچەندە دوو ساڵ لە من بچووکترە، بەڵام لەڕووی بەشداریکردن و باڵا و ئەزموونی بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە تەمەنی گەورەترە. ئەمە ڕاستییەکە بۆ هەمووان دەیزانن، بەڵام تەمەن هۆکاری یەکلاکەرەوەیە لە خولی یەکەمدا".
هەر بەوتەی عامر فایز "دانیشتنەی کە بەتەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتی دەکات، تایبەت دەبێت بە بەڕێوەبردنی سوێندی دەستووری، کردنەوەی کاندیدەکان و کۆتاییهێنان بە هەنگاوە سەرەتاییە ڕێکارییەکان. دوابەدوای ئەمەش پەرلەمان بەردەوام دەبێت لە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی بەپێی چوارچێوەی یاسایی".
بەتەمەنترین ئەندام واتای چییە؟
بەپێی ماددەی (54)ی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق پرەنسیپی "بەتەمەنترین ئەندام" بۆ سەرۆکایەتی دانیشتنی یەکەم پەسەند دەکات. لە یاساکەدا هاتووە کە بەتەمەنترین ئەندامی هەڵبژێردراو ئەم بەرپرسیارێتیانەی خوارەوە لە ئەستۆ دەگرێت:
1- سەرۆکایەتی دانیشتنی یەکەم بە شێوەیەکی کاتی.
2- سەرپەرشتیکردنی سوێندخواردنی ئەندامان.
3- کردنەوەی کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی.
4- بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن تا ئەو کاتەی سەرۆکی هەڵبژێردراو سەرۆکایەتی دانیشتنەکە دەگرێتە ئەستۆ.
هەروەها بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریکردنی نییە، بەو پێیەی ڕۆڵیان کاتییە و دەستبەجێ لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان کۆتایی دێت. بەپشت بەستن بە تەمەنی براوەکانی خولی ئێستا، پەرلەمانتار (عامر فایز) بەتەمەنترینە، بەمەش دەبێتە سەرۆکی کاتی بۆ خولی دەستپێکی دانیشتنەکە.