موقەتەدا سەدر چالاكیەكانی سەرایا سەلامی ڕاگرت
  2025-12-17       303       

شەوى ڕابردوو چەند چەکدارێکی سەر بە سەرایا سەلام هێرشیان کردە سەر سەرۆکی بەشی زیادەڕۆیی لە شارەوانی بەسرە، بەهۆى ڕووخانى خانوویەكی تەواونەكراوی ئەو گرووپەوە، دواتر موقتەدا سەدر بڕیاریدا لە پارێزگاکانی بەسرە و کوت، هەموو چالاکییەکانی سەرایا سەلام ڕابگیرێت و سەرجەم بنکە و بارەگاکانیشی دابخرێن.

ئاوێنە: میدیاکانی عێراق سەبارەت بە هۆکارى ڕاگرتنی چالاكیەكانی گرووپی سەرایا سەلام بڵاویان كردەوە: سەرد پەیامێکی بۆ تەحسین حمێداوی سەرپەرشتی ڕێکخراوی سەرایا سەلام ناردووە، کە تێیدا فەرمانی ڕاگرتن و داخستنی بارەگاکانی سەرایا سەلامی بۆ ماوەی شەش مانگ لە پارێزگاکانی بەسرە و کوت دەرکردووە.

دەشڵێن، سەدر پێی ڕاگەیاندووە، بڕیارەکە جێبەجێ بکات تا ئەو کاتەی ڕێگەچارەیەک بۆ سنووردانان لەبەردەم خراپ بەکارهێنانی ناوبانگی ئەندامانی سەرایا سەلام دەدۆزنەوە.

باس لەوەشكراوە، سەدر جەختیکردووەتەوە لەوەی، ناوبانگی سەرایا سەلام زۆر گرنگە، هەروەها ڕێز و خۆشەویستی خۆی بۆ ئەندامەکانی ڕێکخراوی سەرایا سەلام دەربڕیوە و داوای لێکردوون لە ئاست ئەو پێشێلکاری و هەوڵە ئاژاوەگێڕیانە هۆشیار و چاوکراوە بن، کە لەلایەن گەندەڵەکان و هاوشێوەکانیان دەدرێن.

هاوكات، شەوى ڕابردوو چەند چەکدارێکی سەرایا سەلامی سەر بە سەدر بە بەرچاوی هێزە ئەمنیەكانەوە هێرشیان كردە سەر سەرۆکی بەشی زیادەڕۆیی لە شارەوانی بەسرە ئەوەش لە بەرانبەر ڕووخانی خانویەكی تەواونەكراوی ئەو گروپە.

جێگاى ئاماژەیە، لە بری ئەوەى ڕێکارى یاسایی بەرانبەر گرووپی سەرایا سەلام بگیرێتەبەر، ئەسعەد عێدانى بڕیارى دوورخستنەوەى ئەو بەڕێوبەرەى بەشی زیادەڕۆیی شارەوانى دا.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×